شـیــکاری تـاکــتــیــکی:بـایـرن مـیونــخ لــە وەرزی 2012-2013

15/08/2013 14:09

نوسینی/بڵند فاتیح
- باشە، سەرەتا حەز دەکەم ئاماژە و ستایشی ئە‌قڵی ئەڵمان بکەم و ئەوە بخەمەڕوو کە کەچەند نەتەوەیەکی خاوەن بیر و توانا و کۆلنەدانن ...

-هەر وەک چۆن دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەڵمانیا لە هەموو ڕوویەکەوە، وڵاتێکی وێران بوو، بەڵام توانیان بە هەوڵ و کۆڵەنەدانی خۆیان ببنەوە بە پێشەنگی وڵاتەکانی ئەوروپا. بەهەمان شێوە لە بواری وەرزشیشدا، چەندین جار شۆرشیان کردووە. بەڵام ئێمە با بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێکی نزیک لە ئێستامانەوە، بە دیاریکراوی نازانم ساڵی چەن بوو بەڵام پێم وابێت دوای جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ٢٠٠٠ بوو، کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانی بڕیاریدا، هەر یانەیەک لەو وڵاتەدا بەشداری خولەکانی پلە یەک و دوو و سێ بکات، دەبێت قوتابخانەیەکی تایبەتی هەبێت، بۆ ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە، یاریزان پێبگەیەنێت.
بڕیاریشدرا کە هەر یانەیەک قوتابخانەی تایبەت بە خۆی نەبێت، ئەوا نەتوانێت بەشداری لە خولە فەرمییەکانی وڵاتەکەدا بکات. (تکایە هەر کەسێک ساڵی تەواوی ئەو بڕیار و پرۆ‌ژەیە دەزانێت با پێمان بڵیت، بەشکم ئێمەش سوودی لێوەربگرین) ...

لێرەوە هەموو یانەیەکی ئەڵـمانی قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، کە یاریزانی پێدەگەیاند. وە ئەم هەنگاوە یەکەم هەنگاو و تاکە هەنگاو بوو لە ئەوروپادا.
هەربۆیە دوای چەند ساڵێک و لە ساڵی ٢٠١٠ بە دوواوە، توانیان چەندین یاریزانی لاوی بەهرەدار بە جیهان بناسێنن ... لە ناودارترینیان؛ (شڤان شتایگەر، مەسعود ئۆزێل، سامی خزێرە و تۆماس مۆلەر ... لەم دواییەشدا مارکۆ ڕۆیس و ماریۆ گۆتزە، تۆنی کرۆس، وە چەندین یاریزانی ئاڵتونی دیکە کە ئێستا لە خولی ئەڵمانیدا یاریدەکەن) ...

یانەی بەڤاری و گەشەکردنی
- لە ساڵی ٢٠١٠ لە سەردەمی ڤانگالدا، کتێک ڤانگال هەستی کرد کە بەهێزترین کلیلی هێرش بردنی، دوو یاریزانە، کە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە تیپێکی بەهێز دروست بکات، لە رووی هێرشبردنەوە. ئەو دوو کلیلەش (ڕێبری و ڕٶبن) بوون. وە لەبەر ئەوەی خولی ئەڵمانی خولێکی کراوەیە و لە دروست کردنی یاری هێڕشبردندا، پشت دەبەستێت بە ڕیتمێکی خێرا، باشترین ڕێگە چارە پشت بەستن بوو بە سیستەمی ( flank oriented team)، ئەم سیستەمە هەمان سیستەمی ڕیال مەدریدە بەڵام بایرن بە شیوازێکی جیاواز ئەنجامی داوە، کە ئێستا باسی دەکەین ...

- ئەم سیستەمە، پشت بە باڵەکان دەبەستێت، وەکوو کلیلی هێرشبردن. بێگومان ئەم سیستەمەی زیاتر لەسەر ئاستی درێژیی یاریگا، پەیڕەوە دەکریت. واتە پشت بە شێوازی ستوونی یاریگاکە دەبەستێت، نەک شێوازی پانی(ئاسۆی) یاریگاکە ...
بەڵام فانگال لەبەر ئەوەی خۆی هۆڵەندییە و هۆلەنداش دامەزرێنەری (کرة شاملە-یاری گشتگیرە)، ڕازی نەبوو کە هەر لەسەر درێژی یاریگاکە یاری بکات. بەڵکوو هەستا بە ئەنجامدانی داهێنانێک لەم شێوازە. کە ئەویش پشت بەستن بوو بە یەکێک لە یاقووتەکانی تۆپی پێ؛ (شڤاین شتایگەر، ئەرێ ناوەکەی ڕاست دەنووسم؟ ) بۆ ئەوەی وەکوو گۆێزەرەوەیەکی تۆپ، لەسەر شێوازی پانیی یاریگاکە، یاری بکات. (چونکە شڤاینی بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکان دادەنرێت کە لەسەر پانی یاریگا، دەتوانێت تۆپ بە ژیری بگوێزێتەوە) ...
ئەم کارە، وایکرد کە بایرن لەو وەرزەی بۆندسلیگادا، بتوانێت کۆنترۆلی راگرتنی تۆپ بکات، بە شیوازێکی خەیاڵی و ڕیکۆردێک بۆ خۆی دروست بکات. ئەمە سەرەڕای بوونی دوو باڵی زۆر باشی وەکوو (ڕێبری و ڕۆبن). من دەتوانم بڵێم کە هێزی بایرن، هەر لەو کاتەوە دیار و ئاشکرا بوو کە درەنگ یان زوو دەبێتە سەرداری تۆپی پێی ئەوروپا ...

- بەلام هەر وەکوو وتوومانە؛ تاکتیک بێ کەموکوورتی نابێت. بایرنیش لەو وەرزەدا خاڵێکی لاوازی هەبوو، کە ئەویش ئەوە بوو کە یاری دروستکردنی هەمووی لە دواوەوەی هێڵی ناوەڕاستەوە بوو. هەروەک چۆن لەسەرەتادا باسمان کرد، شڤاینی یاری دروستکەری یانەکە بوو، لە دواوەی هێڵی ناوەڕاستەوە ... ئەمە وای کرد کە هەرکاتێک تیپی بەرامبەر هێلی ناوەڕاستی خۆی دابخات و بە سێ تەوەری بەرگریکار یاری بکات، ئەوا بە تەواوەتی دەرگاکانی یاری دروستکردن لە بایرندا دادەخرێت. هەر ئەمەش بوو که ڕوویدا، کاتێک ئەنتەر میلان لە فیناڵی چامپیۆنزدا هێڵی ناوەڕستی خۆی بە شێوەیەکی بەرگریکارانە دامەزراند و بووە هۆی بەستنەوەی شڤاینی و بۆمێل، بەمەش بایرن نەیتوانی کۆنترۆڵی یارییەکە بکات و دۆڕا.


هاینکس و وەرزی ٢٠١١

- کاتێک یۆب هاینکس هات، هیچ گۆڕانکارییەکی لە سیستەمی بایرن میونخدا نەکرد. تەنها لە یانەی هۆفنهایمەوە، یاریزانی بەرازیلی لویس گۆستاڤۆی هێنا ...

گۆستاڤۆ، یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاستە و گۆێزەرەوەیەکی باشی تۆپە. هاتنی ئەم یاریزانە تەنها بۆ پڕکردنەوەی جێگای ڤان بۆمل بوو، کە لەو ساڵەدا یانەکەی بەجێهێشت. بەڵام پێم وابێت دواتر زۆر لە ڤان بۆمل باشتر دەرچوو. بەتایبەتی لە پرۆسەی دروست کردنی هێرشبردندا، کە بەشدارییەکی باش دەکات، لەڕێگای دروستکردنی پاسی ورد و ژیرانەوە. هەورەها لەهەمان کاتدا (ئەلەبا و تۆنی کرۆسیش،گەڕانەوە یانەکە، کە هەردووکیان بە شێوەی خواستن، لە بایرلیڤەرکوزن و هۆفنهایم بوون) ...
ئەلەبا، لە باڵی بەرگری ڕاستدا، توانی هەڵبژاردنێکی باش بدات بە یۆب هاینکس، چونکە ئەلەبا لە ڕووی هێرشبردنەوە، توانایەکی باشی هەیە و هەروەها هاوسەنگییەکی ژیرانە دەکات، لە نێوان ئەرکی هێرشبردن و بەرگریکردندا، لە یەک کاتدا. ئەمەش وایکرد هاینکس بە دوو باڵی بەرگرییەوە بتوانێت هێرش بکات بۆ سەر تیپەکانی بەرامبەر.

لە ناوەڕاستدا، تۆنی کروس، کێشەیەکی تری بایرنی چارەسەر کرد کە ئەوە بوو، لە سەردەمی ڤانگالدا بایرن بەرگەی پاڵەپەستۆی بەرزی نەدەگرت بەلام لەگەڵ هاتنی کرۆسدا ئەم کێشەیەشیان چارەسەر بوو. چونکە بایرن لە بری ئەوەی تەنها شڤاینی هەبێت، لە هێلی ناوەڕاستدا، تاکوو تۆپ بگوازیتەوە، ئێستا دوو یاریزانی هەیە، ئەوانیش؛ (تۆنی کرۆس و شڤاینی) بوون.
بەمەش هەردووکیان دەبوون بە رزگارکەری تۆپ بۆ یەکتری ... هەر لەو کاتەدا ماریۆ گۆمێزیش تەقییەوە و لە لووتکەی یاری کردندا بوو. واتە بە کوردییەکەی خۆمان؛ (لە یانە باڤارییەکەدا، بەهار بوو مامە) ...
لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکاری و بەهێز بوونەی یانەکەدا، بایرن توانی لە نیوەی وەرزی ٢٠١١ دا، بە شیوەیەکی خەیاڵی یاری بکات و ئەنجامی باش بەدەست بهێنیت و سەرکردایەتی خولی ئەڵمانی بکات، بە ژمارەیەک خاڵ، کە زۆر دووری کردبووەوە لە دۆرتمۆند ...

بەڵام لە نیوەی وەرزی دووەمدا، دیسان یانەکە کشایەوە دواوەوە ... کە هۆکاری یەکەمی بۆ پێکانی شڤاینی دەگەڕێنمەوە. سەرەڕای ئەوەش، بایرن کێشەی لەو چەند ساڵەدا ئەوەبوو کە باوەڕی نەدەکرد لە ئەڵمانیادا سەرکردەیەکی گەورەتر لە خۆی هەیە. بۆیە تەنها لە سەرەتاوە بە باشی یارییان دەکرد و پێشڕەویان دەکرد، بەڵام کاتێک هەستیان دەکرد کە لە خۆیان باشتر نییە، ئیتر وردە وردە تێر دەبوون. (تێر بوون، یەکێکە لە هۆکارە دەروونییە سەرەکییەکان کە دەبێتە هۆی ڕووخانی هەر تیپێک). پاش ئەوە، لە بەرامبەر چێڵسیشدا، لە فیناڵی چامپیۆنزدا دۆڕان و لە کۆتاییدا بێ هیچ نازناوێک دەرچوون، ئەمە وەرزی پار ... بۆیە لە وەرزی ئەمساڵدا ئەرکی سەرەکی هاینکس ئەوە بوو کە هەڵەکانی پار دووبارە نەکاتەوە.

- یەکەم شت کە هاینکس دەبوو بیکات، ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی بەهێزترین خاڵی دۆرتمۆند بکات، ئەویش سیستەمی پاڵەپەستۆیان بوو کە بریتییە لە (hight pressing game) ... دووەم شت، دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی باش بوو بۆ گۆمێز، بۆ ئەوەی کە ئەگەر ئاستی دابەزی، دەستەوەسان دانەنیشێت. ئەمەش لە ڕێگای هێنانی مانزۆکیچەوە بوو.

- هاینکس بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو سیستەمە بەهێزەی دۆرتمۆند بکات، یاریزانێکی لە یانەی (بروسيا مونشن گلادباخ)ەوە هێنا، کە ناوی دانتییە ... هەرچەندە کە سەرەتا یۆب هاینکس، دانتی هێنا، ئەم قسەیەی کرد؛ (پێویستە دانتی خۆی وەکوو یاریزانێکی یانەکە دابنێت و وەکوو هەموویان ڕەفتار بکات و داوای ئەوە نەکات کە هەموو یارییەک یاری بکات) ...
بەڵام هەر لە سەرەتاوە دانتی وەکوو یاریزانیکی سەرەکی و گرنگ خۆی دەست نیشان کرد، ڕای خۆم لەسەر دانتی ئەوەیە کە (لەگەڵ ڤاراندا، مۆدرێنترین یاریزانی دڵی بەرگرین، چونکە بە کوورتی "دانتی و ڤاران بە جەستە یاریزانی بەرگرین و بە ئەقڵ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستن" ...

هەر ئەمەش ڕوویدا. کاتێک هاینکس توانی ئەو توانایە لە دانتیدا ببینێتەوە، کە وەکوو بەرگریکارێک بێت و لە هەمان کاتدا، بشتوانێت لە تەوەری هێڵی ناوەڕاستدا یاری بکات ... هەر بۆیه یۆب هاینکس ئەم شتەی کرد. کاتێک لە بری ئەوەی بە سێ یاریزانی تەوەری هێلی ناوەراست یاری بکات، دەستی کرد بە یاری کردن بە چوار یاریزانی تەوەری ناوەڕاست، ئەوانیش؛ (دانتی و گۆستاڤۆ و کرۆس/مارتینێز و شڤاینی بوون). ئەوەش بە بوونی دانتی وەک گوێزەرەوەی چوارەم، لە هێڵی ناوەڕستدا. (بەرێزان دوایی وێنەیەک دادەگرم و ببینن که چۆن دانتی هەرچەندە لە دڵی بەرگریدا یاری دەکات بەلام وەکوو یاریزانی تەوەری ناوەراستیش ڕۆلی خۆی دەگێڕێت) ...

-ئەم کارە وای کرد، یۆرگن کلۆپی، ڕاهێنەری دۆرتمۆند، خۆی لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدا بدۆزێتەوە، بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو هەموو یاریزانەی تەوەری ناوەڕاست ... هەر لێرەوە کاریگەری سیستەمی پاڵەپستۆی دۆرتمۆند لە بەرامبەر بایرندا فەشەلی هێنا ...
کارێکی تر کە هاینکس کردی، ئەوە بوو کە خاڵی بەهێزی دووەمی دۆرتمۆند لەناو بەرێت، کە ئەویش ڕیتمی خێڕای یاری کردنیانە ... ئەمەش لە ڕێگای هێنانی (خافی مارتیێز)ەوە بوو.

لە دوای هێنانی مارتینێز، هەڵبژاردنێکی تر بۆ هێڵی ناوەڕاست زیادی کرد، ئەویش سیفەتی مارتینێزە. (مارتینێز یاریزانێکە کە لە هێلی ناوەڕاستدا دەتوانێت ئەرکی هێرشبردن و ئەرکی بەرگریکردن بەیەکەوە لە یەک کاتدا، بە هاوسەنگی ئەنجام بدات. واتە دەتوانین بڵێین، ئەگەر مارتینێز بکەین بە دوو بەشی بەرگری و هێرشبردنەوە، ئەوا ٥٠% مارتینیز یاریزانێکی هێرشبەرە و ٥٠% مارتینێز بەرگریکارە. ئەمەش شتێکی زۆر خەیاڵی و گرنگە. سەرەڕای ئەمەش مارتینێز لە رووی ئەقڵییەوە زۆر ژیرە، دەتوانێت لە هەموو کاتێکدا پێشبینی ئەو جێگایە بکات کە تۆپەکەی بۆ دەچێت.
بۆیە هەمیشە لەشوێنی گونجاو و کاتی گونجاودایە ... ئەم دوو سیفەتە وای کرد، یەکەم: شڤاینی زۆر ئازادانەتر بەشداری پرۆسەی هێڕشبردن بکات و بە ئاسانی تۆپ بگوازێتەوە.
دووەم: وای کرد کە بایرن زۆۆۆۆر بە ئاسانی کۆنترۆلی پاڵەپەستۆی یاری بکات "counter pressing" ...

ئەم باس و خواسەی کردیشمان، هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی بایرن بوو لەم وەرزەدا.
هەر ئەوەنەمان بوو لەسەر بایرن، هیوادارم لە زنجیرەیەکی تری بەرنامەی (وتی وتی)دا بگەینەوە دیدارتان

تایبەت بە پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ

 

Back