تۆپی پێ لە نێو کولتوور و ناسنامەی نەتەوەکاندا

31/03/2016 12:57

لە یاری نێوان ئەتلەتیکۆمەدریدی ئیسپانی بەرانبەر ئایندهۆڤنی هۆڵەندی کاتێک یارییەکە بەبێ گۆڵ تەواو بوو، داوەری یارییەکە ناچار بوو پەنا بۆ لێدانی سزا بەرێت بۆ ئەوەی تیپێك بەسەر ئەویتردا سەربخات. لەو چرکەساتانەدا ئەگەر لە خەیاڵی خۆتدا گوێبیستی بێژەرێکی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی ببیت، تێبینی دەکەیت هەر یەکێکیان بەجۆرێک گوزارشت لەم چرکەساتە دەکەن.

بۆ نموونە: بێژەرە ئینگلیزەکە دەڵێت: “ئێستایش پاش ١٢٠ خولەک لە یاریکردنی بێ گۆڵ، ناچار پشت دەبەستین بە (لێدانی سزای دەرهێنەر)، بۆ یەکلاکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکە.

هەر لە کابینەی تەنیشتییەوە بێژەرە عەرەبەکە دەڵێت: “یارییەکی قورس بوو بۆ هەردوو تیپەکە، دوای ١٢٠ خولەک لە ئارەقەکردن دەبێت (لێدانی سزای سەرخەر) تیپی براوە دیاری بکات.

”وە ئەگەر ڕۆژێک کوردان تۆپی پێیان هێندە پێ گرنگ بوو، کە وەکوو بەشێک لە کولتوور و ناسنامەی خۆیان تەماشای بکەن، ئەوا بێگومان بێژەرێکمان دەبێت لە کابینەی سێیەمدا کە دەڵێت: “ بەڕاستی یارییەکی تاقەتپڕوکێن بوو بۆ هەردوولا، بەڵام خۆشبەختانە یارییەکە یەکلانەکرایەوە و گڕوتینی ئێمەیشی زیاتر کرد، بەڵام بۆ زانینی براوەی کێبڕكێکە، ناچارین بچینە قۆناغی (لێدانی سزای یەکلاکەرەوە)، تاکوو براوەی ئەم یارییە دەستنیشان بکەین.”

دەبینین هەر یەک لە سێ بێژەرەکە بە شێوەیەک دەستەواژەی تایبەت بە زمانی خۆیان بۆ کردەکە بەکاردەهێنن. ئینگلیزەکە پێیوایە ئەم لێدانانە تیپێک دەردەهێنێت، بەڵام عەرەبەکە سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە لێدانی سزاکان تیپێک بەسەر ئەویتردا سەردەخات. کوردەکەش پێی وایە کۆتای بە کێشمەکێشێک دەهێنیت.

لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا، دەتوانین بڵێین تۆپی پێ، ناسنامەیە، کولتوورە، ڕوانگە و ڕەهەندی جیاوازی دنیا بینییە. بۆ نموونە: هەر لە میانەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا و پێش سێ هەفتە، هەریەک لە یانەی چێڵسی ئینگلیزی بە ڕاهێنەرایەتی گۆس هیدینگی هۆڵەندی، ڕووبەڕووی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی و راهێنەرەکەی لۆران بلانی فەرەنسی بووەوە. ناسنامەی زۆربەی یاریزانەکانی پێکهاتەی هەردوو یانەکە، لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین پێکهات بوو. پاریس سانجێرمان لە یارییەکەدا بە ٦ یاریزانی بەرازیلی و٢ یاریزانی ئەرژەنتینی و یەک یاریزانی ئۆرۆگواییەوە یارییەکەی تەواو کرد. لەبەرامبەردا چێڵسی، بە ٣ یاریزانی بەرازیلی یاریکرد. ئەگەرچی، بۆ هەموو وەرزش دۆستێک ئاشكرایە کە یاریزانی ئیسپانی و پورتوگالی هەمیشە ڕۆحییەتێکی لاتینیان هەبووە لە یاریکردندا. هەر بۆیە ئەگەر ڕۆحی یاریزانە ئسپانییەکانەوە ئەژماربکەین، ئەوا چێڵسی بە ٦ یاریزانی ڕۆح لاتینییەوە ڕووبەڕووبوونەوەکەی تەواو کرد.

لێرەوە، هەمووی ١٠ خولەکی سەرەتای ویست تاکوو یاریزانەکانی ناو یاریگا، هەموو کۆت و پێوەندێکی کولتووری یاریکردنی ئەورووپی فڕێبدەن و بەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناسنامە و کولتوورەی کە لە بنەڕەتدا هەڵگرین. لە ماوەی ٨٠ خولەکەدا، یاریزانەکان تەنها لە پەیوندییەکی جوگرافیدا بوون لەگەڵ ئەورووپادا، لەوە بترازێت خاسیەت و شێواز و بیرۆکەی پشت هەر جوڵەیەک کە دەیانکرد، دژیەک بوو لەگەڵ ئەو کولتوور و مێژووەی کە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا پێی دەناسرێت. یاریزانەکان لە دۆزینەوەی یەکتردا، ناسنامەی زێدی باوباپیرانی خۆیان دۆزییەوە، لەکاتێکدا ئەم یاریزانانە بە درێژایی وەرزەکە، کاتێک لەیەکتر جودان، ناچارن لەژێر جەوری سیستەمێکی ئەورووپی توندتێژدا پراکتیزەی خۆشەویسترین ساتەکانی خۆیان بکەن. بە پێچەوانەی ئەو سیستەمی یاریکردنەی کە لە ئەورووپا باوە و تێێدا هەموو یاریزانێک بەرپرسی هێڵی خۆیەتی، دەمانبینی هێرشبەر بەرگری دەکات و بەرگریکار لە نێو گۆڵی تیپی بەرامبەرە. دەمانبینی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست دوور لە یاسا و ڕێساکانی یاری تۆپی پێی ئەورووپی، لەبری ئەوەی ئامادەکاری بۆ هێرشبردن بکات و ئەسێستی گۆڵ بدات، یاریزانی بەرامبەری لەخشتە دەبرد و بە تەڵە و فێڵی سەرسامانە، دڵی هاندەرە ماندووەکانی دەخستە سەر ترپە ترپی نمایشێكی قەشەنگ.

تۆپی پێ کولتوورە. کولتوورێک، تاڕادەیەکی زۆر داخراو و چەق بەستوو. داخراوە چوونکە هەر کۆمەڵگەیەک پشت بەو کۆدانە دەبەستێت کە لە کولتووری یاریکردنی خۆیدا هەیە و بە ئاسانی ناتوانێت لەگەڵ کۆدی کولتووری دیکەدا خۆی بگونجێنێت. چەق بەستووە، چوونکە ناتوانێت لاسایی کۆدەکانی کولتووری یاریکردنی کۆمەڵگایەکی دیکە بکاتەوە، چوونکە تۆپی پێ تەنها کاتێك بە کامڵترین شێوە نمایش دەکرێت کە گوازرشت لە بوونی ئەو کۆمەڵە یاریزانەکان دەکات کە یاری دەکەن.

بۆنموونە: تەماشای بەرازیل بکە. وڵاتێک کە لە سەرەتای پەنجاکانەوە سەرداری تۆپی پێیە، چوونکە تۆپی پێ لەو کاتەوە تاکوو سەرەتای دووهەزارەی نوێ پڕ بوو لە ئازادی و خەیاڵ و داهێنان. هەتا سەرەتای دووهەزارەکان تۆپی پێ پشتی بە کارامەیی و بەهرەمەندی یاریزانەکان دەبەست. هەربۆیە هاندەر گرنگ نەبوو بۆی تیپەکەی بەراوە بێت، بەڵکوو گرنگ ئەوە بوو بچێتە دیار نمایشەکانی (پێلێ و مارادۆنا، گارینشا) دواتریش (زێدان، ڕۆناڵدۆ و ڕۆناڵدینهۆ). کەچی لەوەتەی سیستەمی ڕۆبۆتی پلان بۆ دڕاێژراوی ماکینەیی ئەوروپی دەسەڵاتی بەسەر دنیای تۆپی پێدا گرتووە، دەبینین بەرازیل وەکوو هەڵبژاردە بچووکەکان دەناڵێنێت و سەرناکەوێت. چوون کولتووری تۆپی پێ بەرازیلی، کولتوورێكی داهێنەرانەیە، هەمیشە بە پلەی یەکەم لەسەر خەیاڵ و ئیترجالکردن دەژی. لە کاتی یاریکردندا کە تەماشای یاریزانی بەرازیلی دەکەیت، دەبینین هەموو کات دەچێتە نێو حاڵەتی نەشاز و نوێیەوە. واتا چاوی بینەر هەمیشە نائاشانایە بەو دۆخانەی کە یاریزانی بەرازیلی خۆی تێدەخات، بەڵام لە پڕ؛ (بووووم) بە کردارێکی لە ناکاو، کوڕە بەرازیلییەکە شتێکی نوێ دەخوڵقێنێت. هەر لەبەرئەمەشە کە نازناوی جادووگەر هەمیشە پەیوەستە بە یاریزانی بەرازیلییەوە، چوونکە زۆربەی جوڵەکانی لەناکاو و نازانرا و پێشبینی نەکراوە. ئەم حاڵەتی ئیترجال و داهێنانە خۆڕسکانەی کە بنەما و بنەڕەتی بونیاتی کولتووری یاریکردنی بەرازیلییە، هەرگیز لەگەڵ ئەم کولتوورە باڵادەستە ڕۆبۆتییە سیستماتیکە ئەوروپییەیی ئێستادا ناگونجێت. هەر بۆیە تۆپی پێ بەرازیلی لە ئازار و چەرمەسەرییدا دەژێت لە ئەمڕۆی یارییەکەدا.

تۆپی پێ ڕەهەند و ڕوانگەی دنیا بینی جیاوازی هەیە. لە کتێبی Stillness And Speed دینس بێرکامب ئەفسانەی هۆڵەندی باسی ئەزمونی یاریکردنی دەکات لە ئیتاڵیا، لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلاندا و دەڵێت: “من دەموت وەرن! با بچین یارییەکی باش بکەین ئەمڕۆ، ئەوان دەیانوت (نەخێر! بابچین ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین ئەمڕۆ.)، ئەمە منی دەکوشت، من بۆشاییم دەبینی، شتم دەبینی کە دەکرا لەو بۆشاییانەوە ئەنجامی بدەم، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون یارمەتیم بدەن. بۆشای نێوان هێڵی بەرگری و هێڵی ناوەڕاست دەکرا تۆپی لێوە ڕەوانە بکرێت، کەچی کەس گرنگی پێ نەدەدا.”

بێگومان بۆ یاریزانێک کە لە ژێردەستی کولتووری هۆڵەندیدا گەورە بووبێت، بۆشایی و ماوە بنەمای هەموو شتێکە. لە ڕوانگەی هۆڵەندییەکەوە کە بۆشای هەبوو، دەبێت هێرش بکرێتە سەری، وە ئەگەر بۆشایی نەبوو پێویستە لە جێگای خۆت بجووڵێیت تاکوو بە جوڵەی خۆت بۆشای دروست بکەیت لە جێگاییەکی دیکەی یاریگا. لە بەرانبەردا لەڕوانگەی ئیتاڵییەکەوە، بۆشایی یەکێکە لەو چێژە قەدەغەکراوانەی کە خودا سزای بەکارهێنەرانی دەدات. یاریزانی ئیتاڵی لە منداڵییەوە فێردەکرێت بۆشای دابخات، وە ئەگەر بێتوو یاریزانێک لە جێگای خۆی جوڵاییەوە و بۆشایی بەجێهێشت، پێویستە یاریزانێکیتر خێرا جێگەکەی پڕبکاتەوە. بەهەمان شێوە، لە تۆپی پێ ئیسپانی، هاوشێوەی هاوڕێ هۆڵەندییەکەی، بۆشایی بە ئازادیی ناو دەبرێت، ئەمە لە کاتێکدا ئیتاڵیا بۆشای لە نێو یاریگادا وەکوو کەلێن دەبینێت.

کە دەچیتە ئینگلتەرا و ئەڵمانیا، بە تەواوەتی ڕۆل و کاریگەری کولتووری نەتەوایەتی بەسەر تۆپی پێی وڵاتەکەدا دەبینیت. لە دنیای تۆپی پێدا، ئینگلیزەکان لەوەتەی هەن، سەروکاریان لەگەڵ دانانی ڕێسا و یاساکانی تۆپی پێیە. هەروەها گرنگییەکی گەورە دەدەن بە لایەنی ئاکاریی یاری تۆپی پێ. هەر بۆیە تاکوو ئێستا یاریزانی ئینگلیزی نابینیت لە دەرەوی ژینگەی ئینگلتەرا هەڵبکات، چونکە بۆ زۆربەی گەلانی دنیا، تۆپی پێ چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئاکاردا نییە. بەهەمان شێوە، یاریزانەکانی ئەمریکای لاتین(کە ڕیژەی گەورەی یاریزانە بیانییەکانی خولەکانی ئەوروپا پێکدەهێنن) کە دیسپلین و پەیوەندیان لەگەڵ یاسادا لاوازە، بەرگەی ئەو هەموو کۆت و پێوەندانە ناگرن کە تۆپی پێی ئینگلیزی بەستووەتەوە. بۆ نموونە: لویس سوارێزی ئۆرۆگوایی پاش ئەوەی لەگەڵ لیڤەرپووڵدا سزای توند درا لەلایەن یەکێتی تۆپی پێ ئینگلیزییەوە، بەهۆی بەکارهێنانی وشەی ڕەگەزپەرستانە دژ بە پاتریس ئێڤرای یاریزانی مانچستەریۆنایتد. لە لێدوانێکدا سوارێز وتی: “ من تێناگەم بۆ لە ئینگلتەرا بابەتەکەیان هێندە گەورە کردەوە!! ئێمە لە ئۆرۆگوای بە بەردەوامی وشەی لەم جۆرە بەشێوەیەکی ئاسایی لە نێوان خۆماندا بەکاری دەهێنین.”

بەهەمان شێوەی ئینگلتەرا، لە ئەڵمانیا کولتوور و مێژووی نەتەوایەتی وڵاتەکە، دەستی بەسەر تۆپی پێدا گرتووە. مێژووی تۆپی پێی ئەڵمانی، پڕە لە چرکەساتی هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشی سووتانی خۆی. پڕە لە کەوتنی شکۆمەندانە، پرە ململانێ و کێشمەکێش لەگەڵ چارەنوسی خۆیدا. تەماشای یاری کۆتای مۆندیالی ١٩٥٤ بکە. کاتێك ئەڵمانیا دەکەوێت بەرانبەر هەنگاریا. هەنگارییەکان کە لەو کاتەدا قەشەنگترین و مۆدرێنترین شێوازی یاریکردن پێشکەش دەکەن، پێش یاری کۆتایی بە براوەی جامەکە ئەژماردەکران. لە گێمی یەکەمدا، هەر وەکوو خەڵكی پێشبینی دەکرد، لە خولەکی ٦ و ٨دا هەنگاریا بە دوو گۆڵ پێشکەوت. چاوی هەموو هاندەران لەسەر بۆشکاش و هاوڕێکانی بوو تاکوو جامەکە بەرز بکەنەوە. لێ خولەکی ٨٤ ئەڵمانیا لەڕێگای (هێلموت ڕان)ەوە گۆڵی سەرکەوتن و سێهەمی هەڵبژاردەکەی کرد و ئەڵمانیا جامەکە بەرز کردەوە.

بەهەمان شێوە لە مۆندیالی ١٩٧٤دا، هۆڵەندا بە سەرکردایەتی ڕینۆس میتچێڵز لە ڕێگای فەلسەفە نوێیەکەی خۆیەوە “یاری گشتگیر” کۆنترۆڵی جیهانی تۆپی پێ دەکات. کەچی دیسان، یاخییەکانی ئەڵمانیا لە یاری کۆتایدا بە دوو گۆڵ، چیرۆکی ئەفسانە هۆڵەندییەکەی کۆتایی پێهێنا. مێژووی هەڵبژاردەکە هەمیشە ڕەنگدانەوەی وردبینی و کۆڵنەدانی نەتەوەی ئەڵمانی دەهێنێتە پێش چاوی هاندەران. وە ئەگەر ئەم خەسڵەتە لە مێژووی تۆپی پێ وڵاتەکە دەربهێنێت، ئەوا شتێكی زۆر نامێنێتەوە بۆ باسکرد.

تۆپی پێ کولتوورە، خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی خۆڕسک، کولتووری یاریکردنی تۆپی پێت نەبێت، ئەوا هەرگیز ناتوانیت دروستی بکەیت.

ئەمریکا لە ساڵەکانی ٩٠وە ، کاتێك تێگەیشت تۆپی پێ دەتوانیت سامانێکی بێ شومار بۆ خاوەنەکەی دابین بکات، هەوڵیدا کولتووری یارییەکە لە نێو گەلانیدا دروست بکات. بەڵام هەر زوو بۆی دەرکەوت کە ناتوانیت یارییەکە بە سروشتی خۆییەوە بباتە نێو کۆمەڵگای ئەمریکییەوە. بۆ ئەم مەبەستە ویستی دەستکاری بونیادی یارییەکە بکات. لێرەوە پێشنیاری ئەوەی کرد بۆ یەکێتی تۆپی پێی جیهانی کە شێوازی یاریگای تۆپی پێ بگۆڕێت و وەکوو یاریگای یاری بەیسبۆڵی ئەمریکی لێبکرێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆرانێکی ڕادیکاڵە لە پێگەیەکی پتەوی یاری تۆپی پێدا. چوونکە تۆپی پێ هەمیشە موڵكی خەڵك بووە، هەمیشە لە نێو جەماوەردا نمایش کراوە. تەنانەت تاکوو ماوەیەکی زۆریش هاندەران لەسەر هێڵی یاریگاوە تەماشای تۆپی پێیان دەکرد. بۆیە دوورخستنەوە و دروستکردنی مەودایەکی فراوان لە نێوان هاندەران و یاریگادا، وەک دوورخستنەوەی بینەری شانۆیە لە سەکۆی نمایشەکە. کەس پێی خۆش نییە لە دوورەوە تەماشای ڕۆمیۆ بکات کاتێك دواین جار باوەش بە ژۆلێتدا دەکات.

ئەمریکییەکان بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی یارییەکە بۆ نێو کۆمەڵگەی ئەمریکی. بۆ جاری دووەم هەوڵیاندا دەستکاری ڕۆحی یارییەکە بکەن. ویستیان تۆپی پێ لەو ئاڵۆزییە سادەیەی کە هەیەتی جودا بکەنەوە. ئاخر تۆپی پێ کردەیەکی زۆر ئاڵۆزە کە هەموو کەس بە سادەیی خۆی لێی تێدەگات. هەر کەس ئەگەرچی شارەزای بوارەکەش نەبێت، دەتوانێت وەریبگێڕێتە سەر ئەو زمانەی کە دەیزانێت. بینەری ئاسای کە سروشتێکی ناسکی هەیە، هەمیشە گۆڵپارێزی داماوی خۆش دەوێت. چوونکە پێیوایە هەمیشە بە تەنیا ڕووبەڕووی ١١ یاریزان دەبێتەوە و تۆپی پێدا دەکێشرێت. یەکێکیتر کە سروشتێکی توندوتیژی هەیە، لێدان و بەریکەوتنەکانی تۆپی پی زۆر گەرمی دەکات و دەکەوێتە سەر کەڵکەڵەی لاسایی کردنەوەی. هاوکات کەسانی جوانناس و بەهرەمەند، ئەگەرچی لە تۆپی پێ شارەزاش نەبن، بەڵام چێژ دەبینن لە بەریەکەوتنی پێی یاریزان لەگەڵ تۆپەکەدا. بەتایبەتی ئەگەر پێی یاریزانی داهێنەری وەک (مارادۆنا، ڕۆناڵدینهۆ و زێدان و میسی) بێت. هەموو بینەرێک چیرۆکی خۆی دەدۆزێتەوە لە نێو گەمەکەدا.

ئەمریکییەکان ویستیان ئەم ئاڵۆزییە ئەفسوناوییە پڕ هارمۆنییە لە یارییەکە بسەننەوە و سادەییەکی گەمژانەی ڕۆح وەڕسکەڕی بخەنە جێگا. هەربۆیە پێشنیاری ئەوەیان بۆ فیفا کرد کە یاریگا دابەش بکرێت بەسەر چەند ناوچەیەکدا و یاریزانی هەرناوچەیەک بۆی نەبێت سنووری خۆی جێبهڵێت. وە کاتێک لە جیم پەگلی داهێنەری بیرۆکەکەیان پرسی؛ بۆ پێویستە ئەم کارە بکەین ؟ وەڵامی دایەوە وتی: “چوونکە یاری تۆپی پێ ئاڵۆزە و پێویستە سادە بکرێتەوە، تاکوو بینەر لێی تێبگات” بەڵام مستەر جیم ئاگای لەوە نەبوو کە تیریەکی کاڵ لە نێوان سادەیی و بێماناکردندا هەیە و ئەویش لەڕێگای ئەم بیرۆکەوە ئەو تیرەی بچڕاند. چوون ئەو بیرۆکەیەی کە جیم پێشکەشی کردبوو، هاندەران لە یاری وەکوو بالە و باسکە و تۆپی پێ ئەمریکدا شایەتحاڵی ببوون، بۆیە هیچ پێویستی نەدەکرد کە کۆپییەکەی دیکەی ئەو یارییانە دروست بکرێت. لە ناوەڕۆکدا، ئاشكرایە کە کێشەی سەرەکی ئەمریکا ئەوە بوو کە کولتوور و ناسنامەی تۆپی پێ بوو لە ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز ئامادەگی نەبووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە تاکوو ئێستا ئەمریکییەکان نەیانتوانییەوە بنەمای تۆپی پێ لە وڵاتەکەیان دابمەزرێنن.

لێرەوە تێدەگەین کە تۆپی پێ کولتوورێکە کە دروست ناکرێت، بەڵكوو یان خۆڕسک دەڕوێت، یان لایەنی کەم دەڕوێندرێت. کولتوورێک پێش ئەوەیە پراکتیزە بکرێت، دەبێت هەستی پێبکرێت. کولتوورێک کە پێویستە گوزارشت لە بونیاد و مێژوو و ڕۆح و هزری ئەو نەتەوە بکات. کولتوورێکە کە هەڵگری ناسنامەی ئەو نەتەوەیە.

لێرەشەوە، تاکوو ئێستا نموونەی ژاپۆنییەکان لە ڕوواندنی کولتووری تۆپی پێدا جوانترینە. ژاپۆنییەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە پلانی ئەوەیان دانا تۆپی پێ لە وڵاتەکەیان گەشە پێبدەن و کولتوورێکی یابانی تۆپی پێ دابمەزرێنن. ژاپۆنییەکان وەک ئەمریکییەکان نەچوون یارییەکە بگۆڕن بۆئەوەی لەگەڵ ئەقڵیەتی کۆمەڵگاکەیان بگونجێت. بەڵکوو یەکەم هەنگاویان ئەوەبوو زنجیرەی مانگا (کاپتن سوباسا/ماجد)یان دروستکرد. هەتا تۆوی یارییەکە لە نێو منداڵانی وڵاتەکەدا بچێنن. لە ئەنجامدا کاپتن سوباساو کاریگەری لەسەر هەموو منداڵانی دنیا هەبوو. هاوکات کاتێك ویستیان سوود لە ئەزموون و تاقیکردنەوەی شێوازی یاریکردنی وڵاتانی دیکە وەربگرن، وەکو قەتەری و چینی..هتد، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان نەبەست بە کردنەوەی ئەکادیمیای وەرزشی یانەی وەڵاتەکانی دیکە لە ژاپۆندا. وە هەرچەندە لەسەرەتاوە هەندێک ڕاهێنەر و یاریزانی گەورەی وڵاتانی دیکەیان هێنایە خولی ناخۆیی، بەڵام لە بنەڕەتدا پشتیان بەست بە پەرەپێدانی قوتابخانەکانی خۆیان و هاوکات یاریزان و ڕاهێنەری خۆیان ناردە ئەو وڵاتانەی کە لە بواری تۆپی پێدا پێشکەوتوو بوون. ژاپۆنییەکان لە نهێنی تۆپی پێ تێگەیشتبوون، بۆیە وا ئێستا هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی تۆپی پێدایە. وە ئەگەر گەورەترین نەبێت ئەوا یەکێکە لە گەورەکانی کیشوەری ئاسیا. هاوکات زۆربەی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی نەتەوەی ژاپۆن لە دەرەوی وڵاتەکە بۆ یانە باشەکانی ئەورووپا یاری دەکەن.

 

پوختە

کولتوور و ناسنامە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کردەی تۆپی پێدا. ئینگلیزەکان تاکوو ئیستایش پێیانوایە بردنەوەی تاکە مۆندیالەکەیان لە ساڵی ١٩٦٢دا نەفرەتێک بووە نەوەک دەستکەوتێک، چوونکە پێیانوایە ئەلف ڕامزی ڕاهێنەر نەدەبوو دەستبەردای شێوازی یاریکردنی ئینگلیزی ببێت بە خاتری بەدەستهێنانی ئەو نازناوە. هاوکات یاری کالچیۆ هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی بە یاری تۆپی پێیەوە نییە، بەڵام ئیتاڵییەکان وەکوو دەستەواژەی تۆپی پێ بەکاریدەهێنن تاکوو ڕواڵەتێکی ئیتاڵی بدەن بە یارییەکە. لەبەرانبەردا کە دەچیتە نێو هەر یەک لەم کولتوورانەوە، دەبینیت کێشە و گرفت و کەم و کوورتی خۆیان هەیە. بەڵام وەکوو هەر شتێكی تری ئەم جیهانە، نهینی سەرکەوتنەکانیان لە قبووڵکردن و تێگەیشتنیانەوەیە لە کەم و کوورتییەکان و پەرەپێدانی لایەنە باشەکانیان.

 

تەواو

 
Back