شیکاری تاکتیکی: یاری کۆتایی خولی یانە پالەوانەکانی ئەوروپا، وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ یوڤاتنووس__بارسێلۆنا
11/06/2015 19:19یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان بارشەلۆنا و یوڤانتووس، دەکرێت وەکوو هونەری مامەڵە کردن و خۆگونجاندن پێناسەی بکەین. هونەری قبوڵ کردنی بەهێزی بەرامبەر و یاریی کردن لەسەر ئەو بنەڕەتەی ئەوەی "کێشە نیە زەرەر بکەم،بەڵام گرنگ ئەوەیە، لەو جێگا زەرەر بکەم کە خۆم بڕیار دەدەم." ئەمە ئەو هونەرە بوو کە مستەر ئەلێگری کاری پێکرد. لەبەرامبەردا هونەری مستەر لویس ئەنرێکی بە درێژایی ئەم وەرزە و لەم یارییشەشدا ئەوە بوو کە "پێویست ناکات بەهێزترین یانە بم تاکوو پاڵەوانێتی بەدەست بهێنم،گرنگ ئەوەیە هەمیشە تیپی ڕکابەر ڕابچەڵەکێنم و لە غەفڵەتدا لەهێلەکانی بدەم."
یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەچەند قۆناغێکی تاکتیکی جیاوازدا تێپەڕیی، لەنێوان کاری ئینریکی و کاردانەوەی ئەلێگری و دواتر کاری ئەلێگری و کاردانەوەی مێسی هەموو شتێک کۆتایی پێهێندرا و ئەو یانەیە پاڵەوانێتییکەی بردەوە کە خاوەن هەمەڕەنگترین شێوازی یاریی کردن بوو بە درێژایی خولەکە.
بارسا بە پلانی ئاسایی خۆی کە ٤-٣-٣ بوو هاتە ناو یاریگاوە و پێکهاتەکەیان بریتی بوو لە (شتێگن،ئەلڤێش،پیکێ،ماسکێرانۆ،ئەلەبا،ڕاکیتیچ،بۆسکی،ئینێستا،میسی،سوارێز و نیمار)
لەبەرامبەردا یوڤانتووس بە پلانی (٤-٣-١-٢) هاتە ناو یاریگاوە کە پێکهاتەکە بریتی بوو لە (بۆفۆن،ئێڤرا،بۆنۆچی،بارزالی،لیشتنشتاینەر،پۆگبا،پیرلۆ،ماسکێرانۆ،ڤیدال،مۆراتا و تیڤێز)
گێمی یەکەم،قۆناغی یەکەمی یاریی، قۆناغی هێڕشبردنی بارسا و قۆناغی بەرگری کردنی یوڤانتووس.
سەرەتا پێویستە باسی کێشەیەکی بنەڕەتی بکەم کە تووشی پلانی ٤-٣-١-٢ دەبێت کە ئەویش ئەوەیە لە ناوچەی باڵەکان یاریگا بەیاریزانی کەمترەوە یاریی دەکات کاتێک دەکەوێتە بەرامبەر پلانی ٤-٣-٣. واتا لە باڵەکانnumerical superiority) ،باڵادەستی ژمارەیی) لە بەرژەوەندی پلانی ٤-٣-٣ دایە.
ئەم هۆکارە وایکرد کە بارشا لە هەموو کاتی یارێیکەدا هەوڵبدات یاریگا بکشێنێتەوە، لە ڕیگای نیمار و ئەلەبا و بە تەواوەتی سوود لەم باڵادەستیە وەربگرێت. لە باڵی راستیشدا مێسی هەمان کاری دەکرد،بەڵام بەشێوەیەکی ئامانجدارتر و گرنگتر ئەم رۆڵەی دەگێرا. لێڕەدا پێویستە باسی کاردانەوەی ئەلێگری بکەین و دواتر دەگەڕێنەوە سەر کاری ئەنرێکی کە ڕێگەی مێسییەوە ئەنجامیی دەدا.
کاردانەوەی میستەر ئەلێگیر بۆ ئەم حاڵە ئەوە بوو کە لە (قۆناغی بەرگری کردن-defensive phase)دا بە پلانی ٤-٤-٢ یاریی دەکرد، بەو پێیە ئەم پلانە باشترینە بۆ رووبەڕووبونەوەی ٤-٣-٣ لە ئاستی چارەسەر کردنی کێشەی کەمی یاریزان لەباڵەکان(numerical inferiority). ئەلێگری بەم شێوەیە هەوڵیدا ناوچەی باڵەکان دابپۆشێت و ڕووبەڕووی ئەو باڵادەستییەی بارسا ببێتەوە و حاڵەتی یەکسان بوون لەباڵەکان دروست بکات ((numerical equality . بەو پێیەی لە ناوچەی باڵەکان (نیمار و ئەلبا ڕووبەڕووی مارکیزیۆ و لیشتنشتاینەر) دەبوونەوە.
لێرەدا کێشەی دووەم دروست دەبوو بۆ تیپەکەی ئەلێگری.
بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتی یەکسان بوونەی کە ئەلێگری دروستی کردبوو لەباڵەکاندا تێکبچێت، یان سوود و کاریگەری نەمێنێت. مێسی لە ناوچەی باڵەکانەوە لەسەر ئاستی پانیی دەجوڵایەوە بۆ ناوچەی ناوەڕاستی یاریگا و پاشان پاسێکی ڤێرتیکاڵ یان دایگۆناڵی دەدا بە نیمار یان ئەلەبا تاکوو دزە بکەنە ئەو کەلێنەی کە دروستت ببو لە ئەنجامی دوورکەوتنەوە و جوڵانەوەی لیشتنشتاینەر و مارکیزۆ بۆ باڵەکان. ئەم حاڵەتە زیاتر لە چەندین جارێک دووبارە دەبووە، تاکوو گۆڵی یەکەمی بارسا بەهۆی هەمان حاڵەتی تاکتیکی کرا.
وەکوو دەبینن لێرەدا کاتێک تۆپ دێتە ناوچەی باڵی جەپ، لیشتنشتاینەر و مارکیزۆ دوور دەکەونەوە لە ناوچەکانی بەرگری خۆیان و هاوڕێکانیان بەجیدەهڵین و ئەو کەلینە دەکەنەوە کە دیارە.
لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەگەر هەر یاریزانێکی دیکە لە جێگای نیمار یاریی بکردبایە (کە دریبڵی خراپ بێت و بە تۆپەوە نەتوانێت ڕابکات)،ڕەنگە بڵێین ئەلێگری سەرکەوتوو بووە لە پلانەکەی و توانیوێتی ئەو باڵە ڕابگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دریبڵی نیمار باشە، بۆیە هەر زوو خۆی لەژێر گوشاری مارکیزۆ و لیشتنشتاینەر دەردەکردوو و دەیتوانی تۆپەکە بە سەلامەتی بگەڕێنیتەوە ناوچەی ناوەڕاست تاکوو بچیتەوە باڵی ڕاست بۆ لای مێسی.
کاتێک تۆپەکە دێتەوە لای مێسی. مێسی سوود لەو کەلێنە وەردەگرێت کە باسمان کرد لەسەرەوە.. بۆیە دەجوڵێتەوە بۆ ناوەڕاستی یاریگا تاکوو پاسێکی ڤێرتیکاڵ/دایگۆناڵ بنێرێتەوە بۆ باڵی چەپ، کە کەلێنی تێیدا کەوتووە بەهۆی زۆر کشانەوە ودەرچونی لیشتنشتاینەر لە ناوچەکانی خۆی، لەو کاتەی مێسی تۆپەکە دەگرێت و لە سەروبەندی ئەوەدایە کە پاسەکە بدات، پیرلۆ یاخود ڤیدال هەوڵدەدان ناوچەی پاسدانی لیدابخەن تاکوو پاسەکە نەدات(کە ئەمەش وادەکات زیاتر دووربکەونەوە لە هێڵی بەرگری.) بەڵام لە کۆتایدا پاسەکە هەر دەردەچێت و دەگاتەوە ناوچەی باڵی چەپ.
کە دەگاتەوە ناوچەی باڵی چەپ ئیدی، هەریەک لە نیمار و ئەلبا لە ناوچەیەکی زۆر پێشکەوتووی هێلی بەرگری یوڤاتووسن. هاوکات هێلی ناوەڕاستی یوڤانتووس زۆر لە پێشەوە ماوەتەوە
. لێردا چەندین کێشەی تاکتیکی و تەکنیکی دروست دەبێت کە هۆکارەکەی ئەوەیە کە یاریزانەکانی هێلی ناوەڕاستی یوڤانتووس لە پێشەوە بۆ دواوە (واتا بۆ گۆڵی بۆفۆن) ڕادەکەنەوە و ناتوانن مەزەنەی ئەوە بکەن کە ئایا یاریزانەکانی هێلی ناوەڕاستی بەرسا (میسی وڕاکیتیچ و ئینێستا) لە کۆێی یاریگاکەن. بۆیە ئەم کێشانە دروست دەبێت، کە بووە هۆکاری دروست بوونی گۆڵی یەکەمی بەرشا.
بە پێی بنەماکانی زۆناڵ مارکینگ( zonal marking) ئەم گۆڵە هەڵەی پیرلۆیە چونکە هەر بە دەرچوونی بارزالی لە ناوچەکانی خۆی بۆ یارمەتی دانی لیشتنشتاینەر کە تووشی حاڵەتی (2 vs 1) بووەتەوە. دەبوو پیرلۆ یەکراست بۆ ئەوە ناوچە بجوڵیتەوە کە ئیشارەت کراوە. بەڵام وادیارە پیرلۆ زۆر زیاتر بیری لای ئەوەیە کە تۆپەکە ناگاتە میسی کە بە تیشکی قەڵەوی شین دیاریم کردوە. بۆیە پیرلۆ دەجوڵیێتەوە بەرەوڕووی مێسی. وە تەواوەی گۆڵەکە بەهۆی ئەو جوڵە هەڵەی پیرلۆە کرا. بێگومان ئەمە بە شێوەیەکی زانستی دەبێت وا شیکردنەوەی بۆ بکەین. بەڵام بەڕای خۆم ئەو هەڵە هەڵەی پیرلۆ نیە بەتەنها،بەڵکوو هەڵەیەکی گشتگیرە و هۆکارەکەی هەست نەکردنە بە جێگا. ئەگینا دەبوو مارکێزۆ لەو جێگە بێت کە ئاماژەم پیداوە، وە دەبوو ڤیدال دوای ئینێستا بکەوێت وە دەبوو پۆگباش لەگەڵ ڕاکیتێچ بەردەوام بێت لە ڕاکردن.
لە ڕاستیدا بۆ من ئەم حاڵەتە بە یەکێک لە کێشە هەرە کلاسیکێکانی زۆناڵ مارکینگ دادەنێم، چونکە هەر کاتێک هەست کردن بە جیگا نەما لە کاتی جێبەجێکردنی بەرگری زۆناڵ مارکینگ ئەوا ڕیک ئەم کێشانە سەر هەڵدەدەن. بەگشتی و بەکورتی دەکرێت ئەوەندە بڵێین لەسەر بەشی یەکەمی قۆناغی بەرگری کردنی یوڤانتووس و قۆناغی هێڕشبردنی بارسێلۆنا
گێمی یەکەم، قۆناغی بەرگری کردنی بارشەلۆنا و قۆناغی هێرشبردنی یوڤانتووس.
یوڤی لە قۆناغی هێڕشبردندا پشتی بە پلانی ٤-٣-١-٢ دەبەست. پێویستە بڵێین گێمی یەکەم ئەلێگری نەیتوانی بە تەواوەتی سوود لەم پلانە وەربگرێت بۆ هێرشبردن. ئەویش بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆ بەرزەی کە بەرشەلۆنا دەیکردە سەر هێڵی بەرگری یوڤانتووس و بەتایبەتی یاریزان پیرلۆ. لەم چەند وێنەدا دەبینین کە چۆن بارسا بە بەردەوامی پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر پیرلۆ و کات و بۆشایی کەم دەکاتەوە و ناهێڵێت پیرلۆ بە ئیسراحەتی خۆی بجوڵیتەوە.
دووەم کاری بارسا لەکاتی بەرگری کردندا ئەوە بوو کە کاتێک تۆپیان لێدەبچڕا لە ناوچەکانی یوڤانتووس، هەر زوو گوشاریان دەخستە سەر باڵەکان، بەتایبەتی باڵی چەپی بەرسا کە زۆربەی هێڕشەکانی بارسای تێیدا ئەنجام دەدرا.
کاتێک تۆپیان لێدەبچرا هەریەک لە ئینێستا و نیمار و ئەلبا گوشارییان دەخستە سەر لیشتنشتاینەر و مارکیزیۆ تاکوو هێڵی پاسدانی لێدابخەن. لەئەنجامی جوڵەی ئینێستا بۆ ناوچەی باڵەکان، بۆسکی ناچار دەبوو هەندیک لار ببێتەوە لەگەڵ ئێنستا تاکوو ئەو بۆشاییە دابپۆشێت کە ئنێستا جێدەهێشت. لێرەدا یوڤانتووس سودی لەم هەلە دەبینی و مۆراتا بۆ ئەو ناوچە دەجوڵایەوە کە ئەلبا جێهێشتبوو تاکوو ترانزیشنێکی خێرا بکات و حالەتی 2vs2 دروست بکات (پیكێ و ماسکیرانۆ بەرامبەر تیڤێز و مۆراتا)
وەکوو لەوێنەکدا دەبینن، دوای پاسە دایگۆناڵەکەی مێسی.تۆپ لە بەرشەلۆنا دەبچڕیندرێت. وەکوو دەبینن مۆراتا سوودی لەو بۆشایی وەرگرتووە و هەوڵدەدات ئەو حاڵەتە دروست بکات کە لەسەرەوە باسمان کرد.
بێگومان ئەم کارە کاریگەری و سوودی خۆی هەبوو، وە هەندێک جار یوڤی توانی بگاتە گۆڵی تیپی بەرامبەر بەڵام بەهۆی لاوازی لێدانی کۆتایی(finishing touch) یوڤی نەیتوانی سوود لەو هەلانە وەربگرێت کە بۆی ڕەخسا.
گێمی دووەم، کاری ئەلێگری و کاردانەوە لویس ئەنرێکی
لەگێمی دووەمدا ئەلێگری بە حەزێکی هێڕشبەرانەی بەهێزترەوە هاتە ناو یاریگاوە. بۆیە شیوازی بەرگری کردن و هێڕشبردنی گۆڕی. لەکاتی بەرگری کردندا بە پلانی ٤-٣-٣ یاریی کرد. ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگە لەو پاسە دایگۆناڵ/ڤێرتیکاڵانە بگرێت کە میسی دەیدا،کاتێک دەجوڵایەوە بۆ ناوەڕاستی یاریگا. بێگومان یەكێک لەم کێشانەی ئەمجارە بۆی دروست بوو ئەوە بوو مارکیزیۆ زۆر خاو بوو لە shifting(واتا خاو بوو لە جوڵانەوە لە ناوچەی باڵەکان بۆ ناوچەی چەقی یاریگا). ئەمەش وایدەکرد کە ناوچەی هێلی ناوەڕاست چۆڵ بوو لەو ناوچەی کە دەبوو مارکیزۆ ئامادە بێت تێیدا . بۆیە مێسی زۆر بەجوانی سوودی لێوەردەگرت.
وەکوو لەم وێنەی خوارەوە دەردەکەوێت مێسی سوود لە درەنگ شیفتینگی مارکیزۆ وەردەگرێت و هێڕش دەکاتە سەر ئەو ناوچەی کە بازنە دراوە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەلێگری پێویستی بەگٶڵ هەبوو،ئەوا پێویست بوو ئەو ڕیسکە بکات.
لەکاتی هێڕشبردندا ئەلێگری پلانەکانی گۆڕی بۆ ٣-٤-١-٢ یاخود ٣-١-٤-٢ یاخود ٣-١-٣-٣ لە نێوان هەموو ئەم پلانانەدا خالێکی هاوبەش هەبوو، کە ئەویش ئەوە بوو کات و بۆشایی بۆ پیرلۆ زیاتر بکات تاکوو یاریی تێیدا بکات. بۆ ئەمەش کاتێک سێ یاریزانی هێلی ناوەڕاست لە پێشەوەی پیرلۆ یاریی دەکرد ئیدی هێلی ناوەڕاستی بەرشا ناچار دەبوون کە دووربکەونەوە لە پیرلۆ و سەرقاڵی چاودێری کردنی مارکیزیۆ و ڤیدال و تێڤێز/مۆراتا و پۆگبا ببن.
ئەم گۆڕانکارییە بێگومان سوود زۆر باشی هەبوو. تێیدا بۆ ماوەی ١٥ خولەک یوڤی توانیی دەست بگرێت بەسەر تۆپدا و گۆڵێک تۆمار بکات و مەترسی لەسەر گۆڵی بەرشا زیاتر بکات، بەڵام دیسان لاوازی finishing touches وایکرد نەتوانن سوودی تەواوی لێببینن. ئەم ماوەی ١٥ خولەکەی کە یوڤی کۆنترۆڵی یاریی کرد، هاوکات بوو لەگەڵ لەدەستدانی تەرکیز لەلایەن یاریزانەکانی بارساوە. بەڵام هەر زوو مێسی دەرکەوتەوەو و توانی سوود لە ئەو کێشە تاکتیکییە وەربگرێت کە لە گۆڕانکارییەکانی ئەلێگریدا هەبوو.
کێشەی ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکیە لەوەدا بوو کە ناوچەی ناوەڕاستی یاریگایی یوڤانتووس چۆڵ دەبوو. بەهۆی سەرکەوتنی مارکیزۆ و ڤیدال و بۆگبا بۆ سەرەوەی یارییگا و سەرقاڵ بوونی شتاینەر و بۆنۆتچی بە باڵەکانەوە. ئەمە وایدەکرد ئەم ناوچەیە بە چۆڵی بمێنێتەوە.
کاتێک ئەمە ڕوودەدا مێسی دەجوڵیتەوە بۆ ناوەڕاستی یاریگا و وەکوو یاریزانێکی سەنتراڵ یاریی دەکات. بۆ ئەوەی کۆی کاریی دروست کردنی بارسا بگرێتە دەستەوە و یاریی بەخێرایی بگوازێتەوە بۆ سەرەوەی لە کاتی هێرشی هەڵگەڕاوەدا.
وەکوو دەبینن لە وێنەکە میسی بە بازنەی شین دەورە دراوە.
لە دوای ئەم جوڵە تاکتیکییەی لویس ئەنرێکی.ئیدی کۆتا بەیارێکە هاتوو و بارسا گۆڵی دووەمی کرد.دوای ئەمەش ئیدی یارێکە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی زۆری تیدا ڕووی نەدا و یارێکە ڕۆیشتە پێشەوە تاکوو شاوڵی کۆتایی.
پوختە
ئاشکرایە کە میسی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە یاریی کۆتایدا و لویس ئەنرێكی زۆر ژیرانە توانیوێتی سوود لە تواناکانی ئەم یاریزانە وەربگریت لە خزمەتی شێوازی یاریی کردنی یانەکە. بێگومان بارسا هەرچەندە خاوەن پێکهاتە و شیوازی یاریی کردنێکی کامڵ نەبوو ئەم وەرزە،بەڵام ئەنرێکی زۆر سەرنج ڕاکێشانە توانی سوودی تەواو لە توانای ئەو یاریزانانە وەربگرێت کە لە بەردەستی دابوون و تیپێکی هەمەڕەنگ دروست بکات. لەبەرامبەردا ئەلێگری سەرەڕای ئەو هەموو کێشە تاکتیکی و تەکنیکیانە کە هەیبوو بەڵام توانی کێبركی لەگەڵ گەورەکانی ئەوروپا بکات و لە کۆتایشدا یارییەکی زۆر باش بەرامبەر بارسا پێشکەش بکات.
گەڕانەوە بۆ پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ
———
Back