باکوری ئینگلتەرا لەهەمبەری ئەوەدایە ببچڕێندرێت و دووربخرێتەوە لە تۆپی پێی ئینگلیزی. وە من ترسی ئەوەم هەیە کە زیانەکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی بێت.

07/10/2015 23:09

 

کۆشش و تەقەلای یانەکانی باکوری رۆژهەلات و باکوری رۆژئاوا(مێرسیساید)، و لاوازبوونی یانەکانی لیدز و شیفێڵدوێنزدەی پێویستە هەموو هەوادارێکی تۆپی پێ تووشی دڵەڕاوکێ بکات

 

ن: گەری نێڤڵ*

وەرگێران:ڕەنێو ئەحمەد ڕەزا

لە ئێستادا دابەشبونێکی زەق دروست بووە لە تۆپی پێی ئینگلیزیدا بەسەر باکور و باشوردا ، کە هۆکارەکەی چڕبونەوەی گشت وەبەرهێنان و کۆمپانیا زلهێزەکان و هێزی ئابوری ئینگلتەرایە لە پایتەختی وڵات، لەندەن. من ترسم لەوە هەیە کە یانەکانی باکوری ئینگلتەرا تەنها مانەوەیەکی ڕەمزییان بمێنێ لە خولی نایابی ئینگلیزیدا و هیچی تر، و تەنها یانەکانی شاری مانچستەر وەک دورگەیەکی خۆڕاگر لە نێو دەریای پاشکشەی باکوردا بمێننەوە.

 

لە قۆناغی ڕابردوی جامی کاپیتەل وەندا، یانەی نیوکاسل لەلایەن تیپی یەدەگی یانەی شێفیلد ویندسدەی کرانە دەرەوە و یانەی لیڤەرپولیش زۆر بە زەحمەت و بەلێدانی یەککلاکەرەوە توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەسەر یانەی کارلایلدا. ئەم دوو ڕوداوە هەرچەندە وەکوو ڕووداوێکی بسەربەخۆ و دوور لە چوارجێوە گەورەکەش تەماشا بکرێت، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە قەیرانێک لە ئارادایە، چونکە ئەم ڕوداوانە بەتەنها نین و بەشێکن لە دیاردەیەک کە سەریهەڵداوە و ناوچەکانی لانکاشەر و یۆرکشەر و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرای گرتۆتەوە.

 

لەندەن هەمیشە سەنتەری ئابوری و سیاسی ئینگلتەرا بووە، بەڵام ساڵانێکی زۆر مێرسیساید و مانچستەر و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بووە کە ماڵی گەورەترین یانەکانی ئینگلتەرا بون. لە ئێستادا تەنها مانچستەر خۆڕاگر بووە و لە پاشەکشێدا نییە، بەڵام لەم ناوچانەی تر نیشانەکانی قەیران بە زەقی دیارن. چەند هەفتەیەک لەمەوپێش و لە کاتی خۆئامادەکاری و مەشقەکان پێش دەستپێکردنی یارییەکەی وێستهام و نیوکاسل، بە بیرم دێت کە پێکهاتەی یانەی نیوکاسلم بینی، لە دڵی خۆمدا گوتم ئەم پێکهاتەیە شآیستەی یانەیەکی گەورەی وەک نیوکاسل نییە. پاشان دەستم کرد بە بیرکردنەوە لە بارودۆخی نیوکاسل لە ئێستادا، و بەدوایدا بیرم کردەوە لەو کێشانەی یانەی سەندەرلاند لەم ساڵانەی دواییدا ڕوبەڕووی بونەتەوە و دوای ئەمەش دەستم کرد بە بیرکردنەوە لە بارودۆخی یانەکانی باکوری ئینگلتەرا بە شێوەیەکی گشتی. بارودۆخ لە هەردوو یانەی نیوکاسل و سەندەرلاندیش لە قەیرانێکی ئێجگار گەورەدایە و هەرچەندە کەسانێک هەن کە دەڵێن ئەو گەشەیەی لە یانەکانی لەندەندا بەدیدەکرێت بە بەراورد بە پاشەکشێی باکور هاوسەنگی ڕادەگرێت، بەڵام من ئەم جۆرە لە تێڕوانین بۆ بارودۆخەکە ڕەت دەکەمەوە. بەڵام ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت ئەوەیە کە چڕبونەوەی بازرگانی و ئابوری وڵات لە شآری لەندەن لە ئێستادا بەتۆخی لە تۆپی پێی ئینگلیزیدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

لەم ماوەیەدا ئێمە بە بەرچاومانەوە گشت یانەکانی ناوچەی یۆرکشەر تۆزە تۆزە پوکاونەتەوە و پەرتەوازە بون، لە کاتێکدا یانەی هەڵ سیتی ساڵی ڕابردوو دابەزی بۆ پلەی یەکی ئینگلتەرا و یانەکانی شێفیلد وێندنسدەی و لیدس هەردوکیان لە ئێستادا بەداخەوە بونەتە دوو یانەی لاوەکی و بچوک. بە بیرم دێت کە تەمەنم منداڵ تربوو، خۆشترین گەشتەکانمان ئەوانە بوو کە بۆ هەردوو یاریگای ئێلاند ڕۆدی سەر بە یانەی لیدس و هیلسبۆرۆی سەر بە یانەی شێفیلد دەمانکرد  بۆ تەماشاکردنی یارییەکان، لەو یاریگایانە گەرمترین یارییەکان ئەنجام دەدران. ئەو یاریگایانە یاری گەورەیان تێدا ئەنجامدەدرا، یاری نیوەی کۆتایی جامی ئێف ئەی لەو یاریگایانەدا ئەنجام دەدرا. کە دەچویتە ئەو یاریگایانە، هەستت دەکرد لە یاریگای یانەیەکی مەزنیت، هەمان هەست بۆ یاریگای یانەکانی میدڵسبۆرۆ و نیوکاسل و سەندەرلاندیش ڕاستە.

 

ناوی نیوکاسل لە دەرونی گشت هەوادارێکی تۆپی پێی ئینگلیزیدا واتە هاندەرانێکی پڕ لەجۆش و خۆشەویستی، کە ناوی نیوکاسل دێنیت یەکسەر وێنەی منداڵی بچوک دێتە بەرچاوت کە درێسی ژمارە ٩ی نیوکاسلیان لەبەردایە، درێسەکەی ئالان شیرەر. من ڕۆژانێکم بەبیر دێت کە نیوکاسل لە یارییەکدا ٥-٠ لێیان بردینەوە، لە کاتێکدا ئەوکات پێکهاتەکەیان یاریزانی وەک شیرەر و دەیڤید جینۆلا وفیلیپ ئالبێرتی تێدا بوو. ئەوکات نیوکاسل یانەیەک بوو ناسراو بوو بە گۆڵی نایاب و ئاستبەرزی یاریزانە بیانییەکانی.

 

ڕۆژانێک هەبوو هاندەرانی سەندەرلاند، کە ئەوکات یاریگای یانەکە ناوی ڕۆکەر پارک بوو، ئەمەندە بە دەنگی بەرز و جۆش و خرۆشەوە هانی یانەکەیان دەدا، دەنگیان لە یاریگاکەیاندا ناسرابوو بە " نەڕەی ڕۆکەر". من دڵنیام هاندەرەکانیان زۆر پێیان ناخۆشە ئێستا ئەو نازناوەیان لەدەستداوە. من بە بیرم دێت یارییەکمان دۆڕاند لە یاریگای سەندەرلاند، ئەوکات هەردوو یاریزان پیتەر رید و ئەدریان هیث کاتێک کە تۆپەکەیان خستە دەرەوەی یاریگا، نەیاندامەوە و کاتیان بە فیڕۆدا. بیرم دێت چی دەمەدەمەیەک و ململانێیەک بە دوای ئەو ڕوداوەدا هات. ئەوکات یاریگای سەندەرلاند یاریگایەکی ئێجگار ترسناک  بوو یاری تێدا بکەیت، بەهۆی ئەو جۆشخرۆشەی لە یاریگاکەوە هەڵدەقوڵا. من ئێستا وا هەست دەکەم کە پێکهاتەی یانەکە پڕە لە یاریزان کە حەز دەکەن لەپاش یاری بەزوترین کات بچنە ماڵەوە.

 

لە ئێستادا من لە کریستال پالاس جۆش و خرۆشێکی زۆر زیاتر بەدی دەکەم تا لە سەندەرلاند. ئێستاش هاندەرێکی زۆری سەندەرلاند ئامادەی یارییەکان دەبن، بەڵام ئەو پەیوەندییە بەهێزەی جاران بەدی ناکەم لەنێوان هاندەران و یانەکە. ئەم پچڕانە لە پەیوەندی هەروەها لە هەردوو یاریگای تەرف موری سەر بە یانەی بەرنلی و بەردن پارکی سەر بە یانەی بۆلتۆن بەدی دەکرێت. ئەو پرسیارە لەلام دروست بووە، کە ئایا دەبێت چی ڕوداوێک ڕوو بدات تاکو باوردۆخ لەم یانانە وەک جارانی لێبێتەوە. ئەوەی منی توشی دڵەڕاوکێ کردووە ئەوەیە من هیچ ڕوداوێک بەمێشکمدا نایەت کە بتوانێت ئەم کارە بکات.

 

ئایا کۆتا جار کەی بوو کە یاریزانێکی جیهانی یاری بۆ نیوکاسل، یاخود سەندەرلاند دەکرد؟ یاخود کۆتا جار کە یاریزانێکی جیهانی پەیوەندی بەو دوو یانەیەوە کردبێت کەی بووە؟ ئایا لە ئێستادا هیچ یاریزانێکی جیهانی حەز بەوە دەکات کە بچێتە نیوکاسل، یاخود میدلسبۆرۆ، یاخود سەندەرلاند و لەوێ بژی؟ من مەبەستم بێڕیزی نواندن نییە بەرامبەر بەم یانانە، بە پێجەوانەوە بەڕای من ئەم شارانە مەڵبەندی مەزنی تۆپی پێی ئینگلزین و دانیشتوانەکانیان خەڵکێکی زۆر باشن، بەڵام یانەکانیان هەرچی توانایە لێیان مژراوە و بەرەو پوکانەوە دەچن.

 

لە تۆپی پێی ئەمڕۆدا، ئەوەی لەسەرو هەموو شتێکەوە بەلای یاریزانەوە گرنگە، کەلتور و مێژوو و نازناوەکانی یانەکە نییە، بەڵکو ئەو شارەیە کە یانەکەی لێیە و تاچ ڕادەیەک ئەو شارە بۆ خێزانەکەی گونجاوە و چەنێک لە وڵاتی نیشتەجێبونی خۆیەوە دورە( بە دڵنیاییەوە موچەش دەورێکی زۆر دەبینێت.) بە شێوەیەکی گشتی، ٤ بۆ ٥ باشترین یاریزانەکانی جیهان دەخوازن لە ئیسپانیا یاری بکەن.

 

پرسیارەکە لە ئێستادا ئەوەیە ئایا تۆپی پێی باکوری ئینگلتەرا بەرەو نەمان دەچێت یاخود نا. ئاشکرایە کە تیپەکانی مانچستەر بەشێک نین لەم دیاردەیە، بەڵام تەنانەت مێرسیساید، بە هەردوو یانەی لیڤەرپول و ئێڤەرتۆنیشەوە، کە لە ١٩٨٠کاندا مەڵبەندی تۆپی پێی جیهانی بوو، ئێستا پەرتەوازە بووە و هەردوو یانەکە وا دەبنە تیپی لاوەکی. ئایا هەموو یانەیەک بەم قۆناغەدا تێدەپەڕێت، یاخود وەک یانەکانی لانکاشەر و یۆرکشەر( ویگان، بلاکبەرن، بلاکپول، بۆلتۆن، بەرنلی) یانەکانی باکوری ئینگلتەراش بەرەو لاوەکیبون و دورکەوتنەوە لە سەرکەوتن دەڕۆن؟

 

هاندەرە گەنجەکانی ئێستای تۆپی پێ، ئەگەر پرسیاریان لێبکەیت، ئەوا لیدس یونایتد بە یانەیەکی مەزن ناونابەن.شێفیلد وێدنسدەی بە هەمان شێوە. ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات، یانەکانی نیوکاسل و سەندەرلاندیش بەرەو هەمان چارەنوس دەڕۆن. ئەگەر هەیە ١٠ ساڵی دی، مێژووە پرشنگەکانی نیوکاسل و سەندەرلاند هیچ گرنگییەکی نەمێنێت و لەلایەن هاندەرانی تۆپی پێی ئینگلیزیەوە بەتەواوەتی لەبیربکرێن. لەو کاتەدا ئەگەر زۆرە یانەکانی برایتۆن، بۆرنمۆث، واتفۆرد، کریستال پالاس و فولهام و کوینس پارک ڕەینجەرس، کە ئەم یانانە لە دەوری شاری لەندەنن، شوێنیان بگرنەوە وەک مەڵبەندی نوێی تۆپی پێ.

 

ئەو یانانەی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرادان و لە کاتژمیرێک زیاتر لە لەندەنەوە دور نین، لە ئێستادا قازانجێکی زۆریان لەوە کردووە کە  نزیکن  لە پایتەختەوە و یاریزانان بەهۆی ئەم نزیکییەوە لە لەندەن زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەری  ئەم یانانە. ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ئەگەر بتگوتایە ڕاهێنەر ئالان پاردو یانەی نیوکاسڵ بەجێدەهێڵێت و ڕودەکاتە کریستال پالاس، هەرگیز باوەڕم پێنەدەکردیت. بەڵام ئێستا یانەکانی واتفۆرد و کریستال پالاس چانسێکی باشیان هەیە کە یاریزان لە یانەکانی نیوکاسل و سەندەرلاند پەلکێش بکەن، لە کاتێکدا زۆر لە یاریزانانی نیوکاسل و سەندەرلاند وا دەردەکەون  کە هەست دەکەن ئەوان کارێکی خێر دەکەن بەم دوو یانەیە کاتێک یارییان بۆ دەکەن.

 

ئەگەر لە ئێستادا هەوڵبدەیت ژمارەی ئەو یاریزانەنە بژمێریت کە  لە یانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا یاری دەکەن و ئامادەییان تێدایە تا کۆتایی ژیانی وەرزشی خۆیان لەو یانانە بمێننەوە، ئەوا دڵنیام لە ٢ یان ٣ یاریزان تێپەڕ ناکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژمارەیەکی کەم یاریزان هەیە  نوێنەرایەتی ئەو یانانە بکەن، نوێنەرایەتی دروشم و ناوی شارەکە بکەن.

زۆر لە یاریزانەکانی ئەو یانانە تەنها بۆ موچەکە لەوێن، بەڵام تۆپی پێ لە پیشەیەک زۆر زیاترە: یاریزان بوون واتە پەیوەندی بەستن لەگەڵ دڵ و دەرونی هاندەرەکان.

 

نیوکاسل، شێفیلد، سەندەرلاند، و لیدس لەو یانانەن کە ئەرکێکی زۆر ئەستەمیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ئاست و پلەی جارانیان. پرسیارەکە لە ئێستادا ئەوەیە ئایا بۆ هیچ کڕیارێکی گەورە ئامادە نییە یانەیەکی وەک ئێڤەرتۆن، لیدس یاخود شێفیلد بکڕێت؟ ئەگەر وەڵامەکە لەوەدابێت کە سەرمایەداران پێوەریان بۆ کڕینەوەی یانەیەک بریتی نیە لە مێژووی پرشنگداری لەناوچووی یانەکە یاخود   نازناوەکانی ئەو یانەکە بەڵکو شوێنی ستراتیژی یانەکە و ئەو  قازانجە ئابوریەیی لە  یانەکە دەیکات دەبێتە هۆکاری ئەوەی سەرمایەدارێک بیر لە کڕینی یانەکە بکاتەوە.

 

ئەگەر زیاتریش بەرەو باکور بڕۆین و بچینە سکۆتلەندا، هەمان دیاردە لە یانەکانی گلاسگۆ و سێڵتیکدا دەبینین. ڕۆژانێکم بەبیر دێت کە پۆل گاسکوان، تێری بوتچەر، ترێڤەر ستیڤن، هێنریک لارسۆن و مایکل لۆدرۆپ لە گلاسگۆ یارییان دەکرد. ئایا ئەم یانانە دەتوانن ئەم جۆرە لە یاریزان پەلکێش بکەن ئێستا؟ من لەو باوەڕەدا نیم.

 

بەهەمان شێوە، لە یانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا چاو دەگێڕم بۆ یاریزانێک بە ئاستی شیرەر،بیردسلی، و وادڵ و نایانبینم. ئەو ڕۆژانە تێپەڕین ئەستێرەکانی باکور، کە ئەوکات بە "سەنتەری تۆپی پێ" ناسرابوو وەک ئەوەی لە کارگەیەک بەرهەم بهینرێن، پەیدا دەبون. لە هەردوو یانەی نیوکاسل و سەندەرلاند، دەبینم هیچ پەریوەندیەک نەماوە لە نێوان هاندەران و یانەکاندا، دەبینم هیچ پەریوەندییەک و هیچ لێکتێگەیشتنێک نییە لە نێوان خاوەنەکان و ڕاهێنەران و هاندەرەکاندا نییە.

 

من دەمەوێت ببینم کوڕانی گەنج لە ناوجەرگەی نیوکاسل بە درێسی ڕەش و سپی یانەکە، لە پێناو یانەکەیاندا بەناو دیواردا تێپەڕن. بەڵام ئێستا جەنگی مانەوە لە خولی ئینگلیزی نایابدا بووەتە تەنها ئامانجی ئەم یانانە و هیچ گرنگییەک بەوە نادرێت یانەیەک و پێکهاتەیەک دروستبکەن کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەکە و هاندەرەکانی بێت.

 

ئەگەر لە حاڵەتێکدا نیوکاسل و سەندەرلاند ئەمساڵ دابەزن بۆ خولی پلە یەکی ئینگلتەرا، ویانەکانی هەڵسیتی و میدڵسبۆرۆ لە پلە یەکدا بمێننەوە، ئەوا گشت یانەکانی باکوری ڕۆژهەڵات لە خولی نایاب دور دەکەوەنەوە.

 

بەدەر لە چەند یارییەکی هاڵ سیتی، لە پێنج ساڵی ڕابردودا تەنها جار کە سەردانی یۆرکشەرم کردبێت بۆ تەماشاکردنی یارییەکی تۆپی پێ، سەردانێکم بوو بۆ یاریگای بریگهاوس بۆ تەماشاکردنی یاریەکی سالفۆرد سیتی. ڕۆژانێک هەبوو بۆ گشت یارییەکانی لیدس، بارنسلی، برادفۆرد، و شێفیلد دەڕۆیشتم.

 

لە کۆتاییدا من پرسیارەکەم ئەمەیە:ئەم دیاردەیە بەرەو کوێ دەڕوات؟ تۆپی پێ لە باکوری ئینگلتەرا چارەنوسی چی دەبێت؟ چەنەها نیشانەی مەترسیدار دەبینین، ئایا ئەم قەیرانە قۆناغێکە و گشت یانەیەک پێیدا تێپەڕ دەبێت، یاخود کێشەیەکی قوڵتر لە ئارادایە؟ من وەڵامەکەی بۆخۆتان بەجێدەهێڵم.

 

سەرچاوە: تێلێگراف سپۆرت

 

*گەری نێڤڵ یاریزانی پێشووی مانچستەریۆنایتد

Back