حیكایه‌ته‌كانی كالچیۆ: له ساواییه‌وه تا پیشه‌گه‌ری
07/10/2017 22:12به‌شی یه‌كه‌م
كه له كه‌ناره‌كانی ڤینیسیا و ناپۆلی یاخود جێنوا داده‌بەزین، فرۆشیار، گه‌شتیار و سه‌ربازه ئینگلیزه‌كان بۆ به‌سه‌ربردنی كات بیریان له‌و یارییه دڵفڕێنه ده‌كرده‌وه كه دۆست و هاوڕێیانیان له وڵاتی دایكیان سه‌رمه‌ستی بوون. له‌و ده‌مه‌دا له نێوان خۆیاندا ده‌ستیانده‌كرد به شەقشەقێن به تەنێکی خڕ كه ده‌كرا له هه‌ر شتێك دروستكرابێت، به‌ڵام ئه‌مه تینوییه‌تی گه‌ڕیده ئینگلیزه‌كانی نه‌ده‌شكاند، هه‌ربۆیه دوای جێگیربوونیان له شاره جیاوازه‌كانی (Lo Stivale لۆ ستیڤالێ) ده‌ستیانكرد به دامه‌زراندنی چه‌ندین یانه‌ی تایبه‌ت به یاری كریكێت و تۆپی پێ.
یانه‌كان سه‌ره‌تا بێ ناو و ناسنامه بوون، هه‌ندێكیان له په‌ڕه‌كانی مێژووی وه‌رزشی وڵاته‌كه‌دا هه‌رگیز تۆمارنه‌كران، به‌ڵام ده‌وترێت شاره‌كانی (ناپۆلی، لیڤۆرنۆ، جێنوا و په‌لێرمۆ) لانكه‌ی یه‌كه‌مین تیپه‌كانی تۆپی پێ بوون.
ئیدی سه‌ره‌تاكانی یارییه جوانه‌كه، وه‌كوو سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی هه‌موو دیارده‌كانیتر خۆڕسك و ساكار ده‌بێت. یارییه‌كه په‌یوه‌ستی هیچ كۆت وبه‌ندێكی ده‌ره‌كی نابێت، هه‌ربۆیه مه‌رجه‌كانی یاریكردن زۆر ساده‌ن و هه‌موو كه‌سێك كه خولیای یاریكردنی هه‌بێت ده‌توانێت پڕیان بكاته‌وه. یاریزانه‌كان زۆرجار بازرگان، كرێكار و سه‌رباز بوون كه جگه له یاری تۆپی پێ خاوه‌ن پیشه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان بوون.

پاشان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كاتدا یاریه‌كه گه‌شه‌یكرد، ئیدی جه‌ماوه‌ر له ئه‌ركی خۆی تێگه‌یشت و ناوبژیوان بۆ یارییه‌كان دانرا، ڕاهێنه‌ر و سه‌رۆكی یانه له‌یه‌كتر جیاكرانه‌وه و یه‌كێتی تۆپی پێی وڵاته‌كه دامه‌رزا، له‌سه‌رووی هه‌موویشییه‌وه یاساكان داڕێژران. دواتریش چاوی بازرگان و سه‌رمایه‌داران ئه‌و كانزا به‌نرخه‌یان له قوڵای یارییه‌كه‌دا بینییه‌وه و كه‌وتنه ڕاوكردنی. ئامانجی خاوه‌ن یانه‌كان ئه‌وه بوو پاره و خه‌ڵاتی باشتر به یاریزانه‌كانیان بده‌ن تاكوو ئاستی باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌مه‌ش جه‌ماوه‌ری زیاتر بۆ تیپه‌كه‌یان په‌یدابكه‌ن، لێ پێدانی موچه به یاریزان له سه‌ره‌تاوه كارێكی قه‌ده‌غه‌بوو به پێیی یاساكانی یه‌كێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا.
قبوڵنه‌كردنی پێدانی موچه به یاریزانان ڕه‌هه‌ندێكی قووڵی هه‌بوو كه ته‌نانه‌ت یاسایش توانای بڕیاردانی چاره‌نووسیی نه‌بوو، چوونكه هانده‌ران هه‌ستێكی وه‌هایان هه‌بوو كه تۆپی پێ ته‌نها بۆ كات به‌سه‌ربردنه و نابێت زیاتر له‌وه نرخی بۆ دابنرێت، بۆیه خه‌رجكردنی پاره و داهات له‌سه‌ر یاریزانه‌كان بە كارێکی نه‌شیاو دادەنرا. ئه‌م تێگه‌یشتنه هه‌ر وه‌كوو هه‌موو تێگه‌یشتنه‌كانی دیكه‌ی هانده‌ران بۆ یارییه‌كه، دیسانه‌وه هه‌ڵه و نادادپه‌روه‌رانه بوو. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ی كه دركیان به هێز و ئەفسوونی یارییه‌كه كردبوو، سه‌رمایه‌دران و سیاسییه‌كان بوون. ئیدی یارییه‌كه گه‌وره ده‌بێت و پێویستە زیاتر له جاران گرنگی پێبدرێت. هه‌ربۆیه گرێبه‌ستی شاراوه و پێدانی خه‌ڵات و پاره له ژێر ناو و ناونیشانی جیاوازی وه‌كوو ژمێریار، پارێزه‌ر و پاسه‌وان یاخود كرێی هاتووچۆی یاریزانه‌كه و هتد … سه‌ره‌تایترین شێوازه‌كانی پیشه‌گه‌ریی بوون له تۆپی پێی وڵاته‌كه‌دا.
ڕه‌نگه یه‌كێك له نموونه هه‌رە سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه، گواستنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌ریستۆدیمۆ سانتاماریا و ئنریكیۆ ساردی بێت، كاتێك یانه‌ی جێنوا هه‌ردوو یاریزانه‌كه‌ی له یانه‌ی دراوسێی (ئه‌ندریا دۆریا) به‌بڕی ١٠٠٠ لیره‌ی ئیتاڵی بۆ هه‌ریه‌ك له دوو یاریزانه‌كه، ڕاكێشایه لای خۆی. بێگومان بڕه پاره‌یه‌كی وه‌ها خه‌یاڵی هه‌رگیز به‌بێ گرفت تێپه‌ڕنابێت له مێژووی كالچیۆدا. كێشه‌كه كاتێك دروست بوو كه هه‌ردوو یاریزانه‌كه چه‌كی پاره‌كه‌یان لای ژمێریارێك سەرف کرد كه هه‌وادارێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌ندریا دۆریا بوو. ژمێریاری بانكه‌كه تۆڵه‌ی له‌ده‌ستدانی دوو یاریزانه به‌هره‌داره‌كه‌ی به‌وه کردەوە كه كۆپییه‌ك له چه‌كی پاره‌كانی نارد بۆ یه‌كێتی تۆپی پێی وڵاته‌كه و له ئه‌نجامدا هه‌ردوو یاریزانه‌كه به زنجیره‌یه‌ك سزادا تێپەڕین و دواتر گەڕانەوە و له‌گه‌ڵ جێنوادا سێ نازناوی خولی وڵاته‌كه‌یان بردەوە. جێنوا كه به ده‌ستی ئینگلیزه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چوو، هه‌میشه به چه‌ند هه‌نگاوێك له‌پێش یانه ئیتاڵییه‌كانیترەوە بووە. هه‌ربۆیه ده‌ستی گه‌وره‌ی له گرێبه‌سته یاساغه‌كانی خوله‌كه‌دا هه‌بووه. گرێبه‌ستی ڕێنزۆ دی فێچی كه له سانسیرۆدا به كوڕی خودا بانگ ده‌كرا یه‌كێك بوو له‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه ده‌نگۆیه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ری ئه‌ی سی میلان و جێنوادا دروستكرد. ڕێنزۆ به بڕی ٢٥٠٠ لیره، كه له‌و كاته‌دا بڕه پاره‌یه‌كی ئێجگار خه‌یاڵی بوو، میلانۆی جێهێشت و ڕوویكرده جێنۆا و له‌وێ نازناوی خوله‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی پرۆڤێرجێلی ڕكابه‌ردا بردەوە.
به‌مشێوه‌یه تینوویه‌تی و سه‌رشێتی جه‌ماوه‌ر و چاوچنۆكی پاره‌داران سات له دوای سات، تۆپی پێی زیاتر به‌ره‌و پیشه‌گه‌ری و دونیای بازرگانی ده‌برد. هه‌ربۆیه دوابه‌داوای ته‌واوبوونی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، دووباره خولی ئیتاڵیش گه‌ڕایه‌وه. ئه‌مجاره‌یان هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئاسۆی پیشه‌گه‌ری ڕوونتر بوو. هه‌ندێك یانه سنووری خۆی فراوانتر کرد، هه‌ندێكیتریش له‌گه‌ڵ یانه‌كانیتردا یه‌كیانگرت، له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند یانه‌یه‌ك له‌یه‌كتر جوودا بوونه‌وه. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی پارتی فاشی ئیتاڵی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، هه‌موو شت به‌خێرایی به‌ره‌و پێشه‌وه غاری ده‌دا و هێڵكاری گه‌وره بوون و سووربوون له‌سه‌ر ده‌رچوون له دونیای ناپیشه‌گه‌ری، به ته‌واوه‌تی لە شێوه‌ی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌دا ده‌ركه‌وت.
ئاشكرایه كاری نایاسایی و ده‌ستكه‌وتی شاراوه، دووانه‌یه‌كی ڕۆحی تۆپی پێی ئیتاڵیین، به‌لام گرفتی موچه و به یاسایی نه‌كردنی، ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌خایاند، بە كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داران و هروژمی جه‌ماوه‌ری گه‌وره و خه‌ونه ئه‌هریمەنییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمەوە بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی یارییه‌كه له ژێر ناسنامه‌ی خۆیدا، گۆڕانێكی بنەڕەتی له گیانی یارییه‌كه له ئیتاڵیادا ڕوویدا.

ساڵی ١٩٢٦ له شاری ڤریجیۆی سه‌ر به هه‌رێمی تۆسكانیا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی ئیتاڵی، لاندۆ فێرێتی به فه‌رمانی هه‌ریه‌ك له ئیتالۆ فۆسكی سه‌رۆكی یانه‌ی بۆلۆنیا، پاولۆ گرازیانۆ و جیۆڤانی ماورۆی ڕاسپارد تا په‌یماننامه‌یه‌ك ده‌ربكه‌ن ده‌رباره‌ی داهاتووی تۆپی پێی وڵاته‌كه.
ڤرێجیۆ له‌و ده‌مه‌دا به‌ده‌ر له سروشته دڵڕفێنه‌كه‌ی، نوێنه‌رایه‌تی جیهانی مۆدرێن و پێشكه‌وتنی ده‌كرد، هاوكات شاره‌كه له ساڵانی پێشوودا بە سه‌نته‌ری بره‌وپێدان و گه‌شه‌كردنی فاشیزم و كولتوری فاشیزمی ده‌دانرا، له دونیای تۆپی پێی وڵاته‌كه‌دا. بۆ نموونه له ٢ی مای ١٩٢٠ له یاری دێربی نێوان ڤێرێجیۆ و لۆكێزێ یارییه‌كه ته‌واونه‌كرا، به‌هۆی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هانده‌رانی ڤێرێجیۆوە بۆ ناوه‌وه‌ی یاریگا و وه‌ستاندنی یارییه‌كه. هه‌ر له‌و یارییه‌دا تۆپی پێی ئیتاڵی یه‌كه‌مین قوربانی خۆیدا، كاتێك ئۆگۆستۆ مۆرگانتی یاریده‌دەری ناوبژیوان به ده‌ستی نادیاری هانده‌ران كوژرا. ئه‌م ڕووداوه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوانی لێكه‌وته‌وه. له ئه‌نجامدا هاوڵاتیانی شاره‌كه كۆماری ڤێرجیۆیان بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ڕاگه‌یاند و له كۆتاییدا هێزه سه‌ربازییه‌كانی فاشیزم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان دامركانده‌وه.
به‌هه‌رحاڵ دوای نۆ سەعات له گفتوگۆكردن لیژنه‌كه، په‌یماننامه‌ی ڤرێجیۆی\Carta di Viareggio ده‌ر‌كرد و كۆمه‌ڵێك بڕیاری گرنگیدا له‌باره‌ی تۆپی پێی ئیتاڵییه‌وه و بۆ تاهه‌تایه جیهانی تۆپی پێی ناپیشه‌گه‌ر و پیشه‌گه‌ر له‌یه‌كترجوودا كرانه‌وه.
له گرنگترین گۆڕانكارییه‌كانی نێو به‌یاننامه‌كه: به‌یاساكردنی كاری پیشه‌گه‌ری تۆپی پێیە. واتە ئیدی یاریزانان داهاتیان وه‌رده‌گرت له‌به‌رامبه‌ر یاریكردنی تۆپی پێدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناو و ناونیشانێكی ساخته‌ی دیكه‌یان بۆ زیادبكرێت. هاوكات یاریزان بۆی نه‌بوو له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه یاری بكات كه تێیدا له‌دایكبووه. یه‌كێكیتر له بڕیاره مشتوومڕ ئامێزه‌كان كه بۆ چه‌ندین ساڵی دواتر گۆرانی به‌سه‌ردا هات یاساغكردنی كڕینی یاریزانی بیانیبوو. له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌كان بۆیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ یاریزانی وڵاتانی دیكه گرێبه‌ست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بێتوو یاریزانه‌كه oriundi-ئوریوندی بێت. ئوریوندییه‌كان زۆرجار نه‌وه‌ی ئه‌و ئیتاڵییانه بوون كه ده‌مێكبوو ولاتی دایكیان جێهێشتبوو و ڕوویانكردبووه وڵاته‌كانیتر بۆ كاركردن و نیشته‌جێبوون و له‌وێ خێزانیان دروستكردبوو. ئه‌مانه كۆمه‌ڵێكبوون كه جگه له‌وه‌ی به خوێن ئیتاڵی بوون، زمان و كولتوری ئیتاڵیان نەبوو، به‌لام سامان و ناوداریی وایده‌كرد خێرا خۆیان فڕێده‌نه‌وه باوه‌شی وڵاتی دایكیان. بگره ئه‌گه‌ر بهاتبایه و یاریزانێكی به‌هره‌مه‌ند بوونایه، ئه‌وا پێویستی نه‌ده‌كرد هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئیتاڵیاوه هه‌بێت، چوونكه زۆر به ساده‌یی له‌پڕ داپیره و باپیره‌یه‌كی ناپۆلیتانۆیی یاخود لۆمباردییان په‌یداده‌كرد.

بێگومان یاساغكردنی هێنانی یاریزانی بیانی و له‌به‌رامبه‌ردا هێنانه‌وه‌ی ئوریوندییه‌كان، بیرۆكه‌یه‌كی ئه‌هریمەنانەی پارتی فاشیستی ئیتاڵی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی تۆوی بیرۆكه‌كانی زیاتر له نێو هاوڵاتیانیدا جێگیربكات و په‌یامێكیتر بۆ كۆمه‌ڵگای ناوخۆ و ده‌ره‌وه بنێرێیت له‌باره‌ی گرنگی ئیتاڵیبوونەوە. هاوكات هه‌لێك بوو تاكوو ئه‌و خێزانانه بگه‌ڕێنێته‌وه ژێر باڵی خۆی كه ده‌مێكه وڵاتیان به‌جێهێشتبوو و نیشته‌جێی وڵات و كیشوه‌ره‌كانیتر بووبوون. هه‌ر دوای په‌یماننامه‌ی ڤرێجیۆ یانه‌كان ده‌ستیانكرد به‌گه‌ڕان به‌دوای یاریزانی خاوه‌ن ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئیتاڵی، له وڵاتانی ده‌ره‌وه. بێگومان له‌م گه‌ڕانه‌دا وڵاتانی ئه‌مریكای لاتینی، به‌تایبه‌تی ئۆرگوای و ئه‌رژه‌نتین پشكی شێریان به‌ركه‌وت، چوونكه زۆرێك له ئیتاڵییه‌كان ڕوویانكردبووه ئه‌و وڵاتانه و له‌وێ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیتاڵی پتەویان دروستكردبوو.
ڕه‌نگه یه‌كێك له گرنگترین ئوریوندییه‌كان كه مشتومڕێكی گه‌وره‌ی له نێوان ئیتاڵیا و ئه‌رژه‌نتیندا دروستكرد، پرسی گواستنه‌وه‌ی ڕه‌یمۆندۆ ئۆرسی و لویستی مۆنتی بووبێت. هه‌ردوو یاریزانه‌كه له‌لایه‌ن یوڤانتووسه‌وە كڕدران و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی یوڤانتووس و هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا هه‌بوو. ئۆرسی بۆ ئه‌رژه‌نتینییه‌كان به دوو ڕه‌گ داده‌نرا و ده‌بوو وه‌فای بۆ وڵاتی دووه‌م هه‌بێت كه چه‌ندین ساڵ به‌خێویكردبوو. له‌به‌رامبه‌ردا و بۆ ئیتاڵییه‌كان به ئیتاڵییه‌كی خوێن پاك داده‌نرا و هه‌قی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ره‌وه بوو بگه‌ڕێته‌وه وڵاتی دایك تاكوو خزمه‌ت به نیشتمانه‌كه‌ی بكات. به‌هه‌رحاڵ ئۆرسی هەتا ساڵێك له نێوان ئیتاڵیبوون و ئه‌رژه‌نتینیبووندا مایه‌وه و بۆی نه‌بوو له هیچ وڵاتێك له‌و دوو وڵاته یاری بكات. له كۆتاییدا ئۆرسی ئیتاڵیبوونی خۆی سه‌لماند و له‌گه‌ڵ یوڤیدا ٥ پاڵه‌وانێتی خوله‌كه و له‌گه‌ڵ هه‌لبژارده‌ی ئیتاڵیادا توانی جامی جیهانی ١٩٣٤ بباته‌وه.
یه‌كێكیتر له چیرۆكه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ئوریوندییه‌كان كه دژیه‌كی دۆخی هه‌موو لایه‌نێكی تێوه‌گلاو، له پرسه‌كه‌دا ده‌رده‌خات، ئه‌وه بوو كاتێك هێزه‌كانی مۆسۆلینی چوونه نێو ئه‌تیوبیاوه له ساڵی ١٩٣٦، له‌و كاته‌دا سوپا بانگێهشتی ئیتاڵییه‌كانی كرد تاكوو له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شداری بكه‌ن و كۆمه‌ڵێك له‌و بانگهێشتكراوانه ئوریوندییه‌كان بوون. له نێوانیاندا ئۆرسی بوو كه هه‌ر دوای بیستنی هه‌واڵی بانگهێشتكردنی بۆ ڕیزه‌كانی سوپا، بۆ پاریس له‌گه‌ڵ برا ئوریوندییه‌كانیدا هه‌ڵهات. دوای ئه‌م ڕووداوه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی گه‌وره له‌نێو جه‌ماوه‌ردا سه‌ریهه‌ڵدا دژی ئوریوندییه‌كان و به ناپاك و خیانه‌تكار له‌قه‌ڵمدران. ئه‌گه‌رچی هه‌مان ئه‌و یاریزانانه ده‌ستیان له شكۆمه‌ندی چه‌ند ساڵی پێشووی ئیتاڵیا هه‌بوو، له مۆندیالی ١٩٣٤ دا، هاوكات هه‌ندێكیشیان به‌شداری جه‌نگی جیهانی دووه‌میان كردبوو.
———
Back