حیکایەتەکانی کالچیۆ (٢)
31/03/2016 12:54ساڵی ١٩٧٩ کاتێک (دینۆ ڤیولا)ی سەرۆکی مێژوویی یانەی ڕۆما، یانەکەی کڕی، (ڕۆما) تەنها یانەیەکی لاوازی خولی ئیتاڵی بوو. بەڵام لەگەڵ ڤیولادا نەک تەنها یانەکە بوو بە ڕکابەرێکی بەهێز لەسەر نازناوی خولەکە، بەڵکە بەهاتنی سەرۆکە نوێیەکە شتێک لە بونیادی یانەکەدا گۆڕا. ئیدی یانەکە وەکوو یانەیەکی بچووک یان ئاست مامناوەند تەماشای خۆی نەدەکرد، بەڵکە یانەکە هەستی شانازی و شکۆداری پەیدا کرد. هاندەرانی ڕۆما لەگەڵ ڤیولادا هەستیان کرد دەتوانن خەون ببینن. لەگەڵ ڤیولادا یاریزانەکان هەستیان کرد دەتوانن خۆیان بە کوڕی قەیسەرەکانی ڕۆما بزانن. لە ڕاستیدا هاتنی دینۆ ڤیولا تەنها مێنتاڵێتی یانەیەکی نەگۆڕی، بەڵکە هەناسەیەکی دیکەی کرد بە بەری یانەکەدا.
هەر دوای دوو ساڵ و لە وەرزی ١٩٨٠ ــ ٨١ یانەکە کێبڕكێی لەسەر نازناویی کالچیۆ کرد. پێش سێ گەڕ لە کۆتایی هاتنی خولەکە (ڕۆما) بە یەک خاڵ لە پشتەوەی (یوڤانتووس) بوو کە سەرکردایەتی خولەکەی دەکرد. تاکوو پێش ١٦ خولەک لە کۆتایی هاتنی گەمەکە ئەنجانەکە ٠ ــ ٠ بوو. ئەو کات، (برۆنۆ کۆنتی) لە سەرەوەی هێڵی سزای یوڤانتۆسەوە تۆپەکە بەرز دەکاتەوە بۆ ناوەوەی ناوچەی سزا. ئەفسانەی ڕۆما (پرۆزۆ) لە هەوڵی ئەوەدا کە تۆپەکە بخاتە ناو تۆڕەکەوە، بە هەڵە تۆپەکە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەنێرێتەوە کە لێیەوە هاتووە، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە و وا (فاڵکاو) دەیەوێت بۆ دوا جار تۆپەکە بکاتە گۆلەکەوە، بەڵام لە کۆتایدا (ماوریزیۆ تورۆنی) هاوڕێیان لە پشتەوە دێت و بە لێدانێكی سەر، ئەنجامەکە دەکات بە ١ ــ ٠ بۆ رۆما و لە خۆشیاندا بەرەو ئاراستەی یاریدەدەری داوەر هەڵدێت. لێ ئەفسووس یاریدەدەری داوەر دڵشکاوی دەکات و بە ئاڵاکەی دەستی ئاماژە بۆ ئۆفسایدبوونی تورۆنی دەکات.
"مەحاڵە ئەو گۆڵە ئۆفساید بێت، چوونکە من لە پشتەوەی فاڵکاوەوە هاتووم، ئیدی چۆن دەکەومە ئۆفسایدەوە. هەموو جارێک کە هەڵەی لەم شیوەیە دەبێت، یوڤانتووس ئەو لایەنەیە کە سودمەندە لە بڕیارەکە." تورۆنی دوای یارییەکە بە تووندی ئەم لێدوانە دەدات. وەلێ ئێستا ئەمە گرنگ نییە، چوون لە کۆتایدا مێژوو ناوی یۆڤانتۆسی وەکوو پاڵەوانی خولەکە تۆمارکرد.
بەڵام (دینۆ ڤیولا) وەک هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەقی خۆی وەردەگرێتەوە. ئەگەرچی ئەم هەقکردنەوەیە لە دەرەوەی یاریگایش بێت. ئاخر لەو کاتەدا (جانی ئەنێلی) سەرۆکی یوڤانتووس بە خاوەن باشترین یانەی ئیتاڵیا دادەنرا. جانی کە مامی (ئەندریای ئەنێلی) سەرۆکی ئێستای یوڤانتۆسە، عاشقی دوو شت بوو، ئەوانیش (یوڤانتۆس) و ئۆتۆمبێلی (فیات) بوون. کەچی لە بەدبەختی فیات و یوڤانتوسدا، جانی ساڵی ١٩٨٢ دۆستێكی دیکەی پەیدا کرد. ئەویش یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەهێز (زیبی بۆنێک) بوو. جانی ئەنێلی عاشق، نازناوی (il bello di notte جوانی شەو)ی دا بە بۆنێک بەڵام سیفەتی دۆستەکان وەهان، هەمیشە بێوەفا دەردەچن. هەر بۆیە ساڵی ١٩٨٤ (بۆنێک) دڵی جیانی شکاند. بەلام ئەمە دڵ شکاندنێكی ئاسایی نەبوو. بەڵکە برینێکی قووڵی دروست کرد لە دڵی جانی ئەنێلی سەرۆکدا. چوونکە بۆنێک، (دیتۆ ڤیولا)ی هەڵبژارد و ڕوویکردە یانەی ڕۆما. لەگەڵ ڕۆمادا وەرزێکی تاڕادەیەک ئەفسووناوی بردە سەر، بەڵام لە کۆتایدا جانی ئەنێلی تۆڵەی خۆی سەندەوە!
پێش دوو گەڕ لە کۆتایی وەرزی ١٩٨٤ــ ٨٥ هەموو ڕێگاکانی نازناوەکە دەگەیشتنەوە بە ڕۆما. بەرامبەر یانەی لێچی پێش یارییەکە دینۆ ڤیولا وەکوو هەمیشە بێ ئەوەی قۆڵەکانی بکاتە نێو پاڵتۆکەیەوە، بەناو یاریگای ئۆلۆمپیکۆدا دەسوڕایەوە و دەستی ڕادەوەشاند بۆ هاندەرەکان، وەک ئەوەی نازناوەکە لە نێو ئەشکەوتی گورگەکاندا بیت، ئەهڵی ڕۆما دەستیان کرد بە شەراب خواردەنەوە و شەق هەڵدان لە هەموو شتێکی بیانکۆشێلێستی.
بەڵام ئیدی ئەمە گرنگ نییە، چوون لە کۆتاییدا (یوڤانتووس) بە هەناسەیەکی درێژەوە و لە دەروازەی (ئەی سی میلان)ەوە گەڕایەوە و نازناوەکەی بردەوە. بەم جۆرە جانی بۆ جاری سێیەم هەمان وانەی فێری دینۆ ڤیۆلای سەرۆک کردەوە و یادی هێنایەوە کە ” تۆڵە نانێکە، بە ساردی دەخورێت."
تێبینی: ژمارەی سەر ناونیشانی بابەتەکانی کالچیۆ، ئاماژە نین بۆ تەسەلسولی ڕووداوەکان، بەڵکوو ئاماژەن بۆ حیکایەتێکی نوێ لە حیکایەتەکانی کالچیۆ.
———
Back