یۆهان کرۆیڤ، یاخییەکی ساکار، ڕابەرێکی داهێنەر.
31/03/2016 12:50“من، یاریزانی پێشوو، ڕاهێنەری پێشوو، بەڕێوەبەری پێشوو، کارگێڕێکی تەکنیکی پێشوو، وە سەرۆکی فەخری پێشووم.. لیستێکی جوانە، بەڵام لە دواجار گەواهیدەری ئەوەن کە هەموو شتێك کۆتایی پێدێت.”
بەهاری ١٩٤٧، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری ئەمستەردامی هۆڵەندا، منداڵێکی بچکۆلەی خێزانێکی چینی کرێکاران، لە دایک دەبێت. ئەو منداڵە، ناوی (هێندریک جۆهانێس کرۆیف)ە. ماڵی یۆهان کرۆیف، پێنج خولەک لە یاریگای (دی مێر ستایدۆن)ی یاریگای پێشووی یانەی (ئەژاکس ئەمستردام)ەوە دوورە. ئەمە وا دەکات کرۆیف هەر لە منداڵییەوە عاشقی تۆپی پێ ببێت. لێرەوە و بە هاوکاری باوکی کە یاریزان و ئەڤینداری تۆپی پێیە، کرۆیف یەکەم هەنگاوەکانی خۆی لەگەڵ یارییە جوانەکە دەست پێدەکات.
کرۆیف لە ژیانی وەرزشی خۆیدا، چ وەک یاریزان بێت یاخود وەک ڕاهێنەر، نازناو و پاڵەوانێتی زۆری بردووەتەوە و سەرکەوتنی بێشووماری تۆمار کردووە. من لێرەدا نامەوێت ڕۆڵ و کاریگەری یۆهان کرۆیف تەنها لەم چوارچێوەیەدا بچووک بکەمەوە، چوونکە بوونی کرۆیف لە جیهانی تۆپی پێدا، پانتاییەکی گەورەتری هەیە. کرۆیف لە ناو خۆیدا دەبێتە چەندین کرۆیف، کە هەر یەکەیان، ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان هەبووە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، بەڵام کرۆیفی ڕاهێنەر پتر لە کرۆیفەکانی دیکەی وەک کرۆیفی یاریزان، کرۆیفی مرۆڤ و کرۆیفی بەڕێوەبەر، بۆ من جێگای سەرنج و تێڕامان بووە.
سەرەتای ژیانی کرۆیف وەکوو لاوێکی وەرزشەوان
-
- یۆهان کرۆیفی سیازدە ساڵان، دەستی لەسەر تۆپەکەیە.
بۆ ناسینی کرۆیڤ وەکوو مرۆڤ، دەبێت بگەڕێینەوە سەردەمی لاوێتی، کە تێیدا کرۆیف کاریگەر دەبێت و کاریگەری لەسەر ئەو ژینگەیەش دەبێت کە تێیدا گەشە دەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی شەستەکانەوە، هۆڵەندا بە گشتی و ئەمستەردام بەتایبەتی، لە کەش و هەوایەکی سۆریالی و ئەنارشیستدا خۆی دەبینێتەوە. لەو کاتانەوە جوڵەیەکی شۆڕشگێرانەی یاخی لە نێو شەقامەکانی ئەمستەردامدا سەری هەڵدا کە شەقی لە هەموو قودسیەت و سیمبولێک دەدا کە چینە ئەرستۆکراتییەکانی کۆمەڵگەکە شانازییان پێوەدەکرد. هاوڵاتیانی ئەمستەردام بە ڕابەرایەتی بزوتنەوەی (پرۆڤۆ)، ڕۆژانە بە خۆپیشاندان و مانگرتن شەقامەکانی شاریان گڕتێبەردەدا.
شان بە شانی ئەم ڕۆحە یاخیگەرانەیە کە لە نێو کۆمەڵگای هۆڵەندیدا دروست بوو، یاخیبوونێكی وەرزشیش لە نێو جومگەکانی تۆپی پێی وڵاتەکەدا بەرپا بوو. (ڕینۆس میشێلز) کە سەرکردایەتی ئەم یاخییبوونەی دەکرد، بە کۆمەڵیک بیرۆکەی نوێی و پڕ ژیانەوە، وەکوو ڕاهێنەر، لە ساڵی ١٩٦٥دا لە یانەی ئەژاکس دەستبەکار بوو. پێش هاتنی ڕینۆس، تۆپی پێی هۆڵەندی بە ماوەیەکی سڕبوودا تێپەڕببوو. لە سەرانسەری هۆڵەندادا، ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دەبوو کە تەنها دارشتنی ٣ـ٢ـ٢ـ٣ (WM) بەکاردەهێنرا. لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا گۆڕانی گەورە بەسەر تۆپی پێی جیهانیدا هاتبوو، بەجۆرێک بەرازیل، پیش ٧ ساڵ لە دەستبەکاربوونی ڕینۆس، توانی مۆندیالی١٩٥٨ بە داڕشتنی هێرشبەرانەی ٤ـ٢ـ٤ بباتەوە. بەکارهێنانی ئەم شێوە داڕشتنە یەکەم هەنگاوەکانی ڕینۆس بوو. هاوکات گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و دیسیپلین و کۆششی بەردەوام، فاکتەرێکی دیکەی پشت سەرکەوتنەکانی ڕینۆس بوو، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی نموونەیەکی نوێ لە شیوازی جوڵە و وەستان و ڕاکردن لە ناو یاریگادا. هەموو ئەمانە وایکرد ڕینۆس میشێڵز و یانەی ئەژاکسی هۆڵەندی بۆ تاهەتایە بچنە نێو مێژووی تۆپی پێیەوە.
لە ناوەڕاستی هەموو ئەم گۆڕان و داهێنان و یاخیبوونەدا کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و وەرزشی هۆڵەندای داپۆشیبوو، یۆهان کرۆیف وەکوو سیمبولێک دەرکەوت.
یوهان کرۆیف لەو ماوەیەدا و دواتریش بە درێژایی تەمەنی، توانی یاخیبوونی کۆمەڵگای هۆڵەندی بە یاخیبوونی وەرزشی هۆڵەندییەوە ببەستێتەوە. یۆهان توانی کۆمەڵگای هۆڵەندی لە گرنگی و مانا و ماهیەتی تۆپی پێ ئاگادار بکاتەوە، بە جۆرێک کە ئیدی هۆڵەندییەکان وەکوو بەشێک لە کولتور و ناسنامەی خۆیان تەماشای بکەن. چوونکە وەکوو (ئیڤۆ ڤان هیلڤۆردێ) دەڵێت: “شێوازی یاریکردنی کرۆیف، ئیلهام بەخشبوو بۆ نووسەران، سەماکاران، وێنەکێشان و ئەکتەرەکانیش.” بۆ نموونە لە سالێ ١٩٦٩دا، کاتێک کرۆیڤ (جاکوێس تاتی)ی ئەکتەری بەناوبانگی فەرەنسی لە پاریس دەبینێت، تاتی پێیدەڵێت: ”میسیۆ کرۆیف، ئێمە هاوپیشەین، من و تۆ هونەرمەندین، یاریکردنیمان هاوشێوەی یەکترە. ئێمە هەردووکمان لەو کەسانەین کە هەوڵدەدەین کاردانەوەی لەناکاومان هەبێت بەرامبەر بەو بارودۆخانەی کە زۆر کات خۆمان دەستمان نییە لە دروستبوونیاندا.”
بە هەمان شێوە (هوبێرت سمیتس) لە یادی پەنجا ساڵەی کرۆیفدا، بۆ گۆڤاری (هارد گراس) دەنووسێت: ”ڕەنگە کرۆیف یەکەم یاریزان بێت هەستی بەوە کردبێت کە هونەرمەندە. هۆڵەندییەکان تەنها ئەو کاتە دەگەنە بەرزترین ئاستی خۆیان کە توانای خودی خۆیان تێهەڵکێشی سیستەمێکی دیارکراو دەکەن. یۆهان کرۆیفیش بە ڕابەری ئەم جۆرە تێهەڵکێشکردنە دادەنرێت. یۆهان کرۆیف پێدەچێت، تاکە کەس بووبێت کە لە مانای شەستەکانی هۆڵەندا تێگەیشتبێت.”
یەکەمین هەنگاوەکانی کرۆیف وەکوو ڕاهێنەر
دوای چەند سالێک لە یاریکردن بۆ یانەی ئەژاکسی هۆڵەندی، لە کۆتاییدا کرۆیف یانەکە بەجێدەهێڵێت. دوای مامۆستاکەی ڕینۆس میشێلز دەکەوێت و ڕوودەکاتە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی. لێرەوە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی یۆهان دەست پیێدەکات. چوون ئیدی یۆهان لە سیمبولێکی ناسیونالییەوە دەبێتە سیمبولێکی ئینتەرناسیونالی. ئیتر یۆهان تەنها تایبەت بە هۆڵەندییەکان نابێت، بەڵكوو یۆهان دەبێتە ڕابەرێک بۆ هەموو جیهان. لەبەر ئەوەی لەگەڵ بارسیلونادا وەک یاریزان و دواتریش وەکوو ڕاهێنەر، ئایدیاگەلێکی نوێ پێشکەش بە تۆپی دەکات. هەروەها فێربوونی زمانی ئیسپانی وادەکات بەهرەدارتربێت لە چۆنییەتی پەیوەندیکردنی بە دنیای دەرەوە و گەیاندنی بیرۆکەکانی خۆی. تەنانەت لە ماوەی ساڵەکانی کارکردنی لە ئیسپانیا، خەلكی کەتەلۆنیا نازناوی (El Silvador ـ ڕزگارکەر)ی پێدەبەخشن. بەو پێیە ڕاهێنەرەکە هەمیشە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هاندەرانی یانەکە و ئەمە جگە لەوەی بۆ ماوەی چەند سالێک وەکوو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا کار دەکات، ئەمەش وەکوو پشتگیریکرنێک لە کەیسی هەرێمەکە کە چەند ساڵێکە داوای جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەکات.
لە بارسێلۆنا دوای یاریکردنی بۆ ماوەی ٥ ساڵ، لە ساڵی ١٩٨٨ وەکوو راهێنەر دەگەڕیتەوە بۆ یانەکە. کرۆیفی ڕاهێنەر بێگومان سەرنجڕاکێشترین و کاریگەترین کرۆیڤە لە نێو هەموو کرۆیفەکاندا. کرۆیڤی ڕاهێنەر، زۆر جار وەکوو داهێنەری فەلسفەی (یاری گشتگیر)، یاخود وەک داهێنەری شێوازی یاریکردنی (تیکی تاکا) دادەنرێت. هەروەکچۆن بە باوکی تۆپی پێی مۆدرێن دادەنرێت. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەموو ئەم ناو و نازناوانە بە تەواوەتی دروست و گونجاو نین بۆ ڕاهێنەرەکە، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە هەندێک جار یان زیادەڕەووی کردنە، یاخود نادیارکراو و هەڕەمەکییانەیە.
لەڕاستیدا چ یاری گشتگیر بێت چ یاری تیکی تاکا، یان یاری مۆدرێن، هەموویان لق و پۆی زۆریان لێدەبیتەوە، هاوکات ڕەگ و ڕیشە و بنەچەیەکی تێکەڵ و ئاڵۆزیان هەیە کە ناکرێت ستایشی داهێنانەکەی ئاراستەی یەک تاکە کەس بکرێت. بۆیە بە ڕای من ناهەقییە ئەگەر بێت و هەر کام لەو نازناوانە بە خودی کرۆیف ببەخشین. بەڵام کاریگەری کرۆیڤ لە بواری تۆپی پێدا لە جێگایەکی دیکە و بەشێوەیەکی دیکە بەرچاوە. کرۆیڤی ڕاهێنەر ئەگەر خاوەن فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی بێت لە یاریکردنی تۆپی پێدا، ئەوا خاوەنی فەلسەفەی (ساکارییە). چوونکە کاتێک بە شێوەیەکی ورد شیکاری بۆ ئایدیا و بیرۆکەی یاریکردنی کرۆیف دەکەین، دەبینین هەمووی لەبارەی ئەوەوەیە کە چۆن بەشێوەیەکی ساکار یاریی بکەین.
کرۆیڤ لە بارەی یاریکردنی تۆپی پێوە دەلێت: ”یاری تۆپی پێ ساکارە، بەڵام قورسترین شت ئەوەیە کە بە ساکاری یاری بکەیت.”
لەڕاستیدا پێش هاتنی کرۆیڤی ڕاهێنەر، تۆپی پێ لە حاڵەتێکی مارادۆناییانەدا دەژیا. یاریزانی هێلی ناوەڕاست هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە چۆن پاسێكی چاوەڕواننەکراوی ئەفسووناوی بدات بە هێرشبەرەکەی. هیڕشبەر بیری لەوە دەکردەوە چەند یاریزان یەک لە دوای یەک فریوبدات و پاشان گۆڵ بکات. بەرگریکار هەوڵیدەدا خۆخشاندنێکی بەهیزی چەند مەتری ئەنجامبدات و تۆپەکە لە ژێر پێی هێرشبەرەکە دەربهێنێت. بەڵام لەگەڵ بارسێلۆنای ژێر دەستی کرۆیڤ، مۆدێلێکی نوێی تۆپی پێ هاتە کایەوە، کە دواتر وردە وردە کۆنترۆڵی دنیای تۆپی پێی کرد و لە ئێستادا بە گرنگترین و بەکاربەرترین مۆدیڵ دادەنرێت. (تیپی خەونەکە)ی یۆهان کرۆیف کە چوار نازناوی لالیگا و یەک نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بردەوە، تۆپی پێی شیکردەوە بۆ چەندین جوڵە و پاسدان و بیرکردنەوەی جیاواز. بۆ نموونە کرۆیف دەربارەی بەرگریکردن لە یاری تۆپی پێدا دەڵیت: ”بەرگریکردن چییە؟ بەرگریکردن بریتییە لە کاری داپۆشینی چەند سانتیمەترێک. تۆ ناچار نیت هەموو یاریگا دابپۆشێت. بەڵکوو پێویستە تەنها بەرگری لەو ناوچەیە بکەیت کە ناچاریت بەرگری لێبکەیت.”
لێرەدا کرۆیف، بەرپەرچی زۆربەی ئەو بیرۆکە بەرگرییانە دەداتەوە کە دنیای تۆپی پێ بەڕێوەی دەبات. کرۆیڤ دەیەوێت ئەو پەیامە بە تیپەکان بگەینێت، کە پێویست ناکات ١٠ یاریزان لە پانتایی ٤٠ مەتردا بڵاوبکەیتەوە بۆ بەرگریکردن، لە کاتێکدا، ئەو ناوچەیەی تیپی بەرامبەر تێیدا هێرش دەبات ، تەنها ٢٠ مەترە.
فەلسفە و ڕەهەندەکانی یۆهان کرۆیف بە تەواوەتی جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەنەوە، خاڵی ئەوەی کە کەمترین کۆشش بکەیت و زۆرترین ئەنجام بەدەست بهێنیت، ئەمەش کڕۆکی پرۆسەی ساکارکردنی کردارەکانی نێو تۆپی پێیە.
یەکێک لە بنەماکانی هێرشبردن لای کرۆیف بریتییە لە: ”یاریزان پاس دەدات، دەجوڵیت، پاس دەدات، دەجوڵێت، پاس دەدات دەجوڵیت تاکوو یاریزانێکی هاوڕێی بۆشاییەک دەدۆزیتەوە و لێیەوە گۆڵەکە دەکات” ئەم بنەمایە یەکێکە لە بنەما هەرە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی لامسیای بەرشەلۆنا کە خودی کرۆیڤ دامەزرێنەرێتی و لە ئیستادا بە گەورەترین و باشترین قوتابخانەی بەرهەمهێنانی یاریزان دادەنرێت لە سەرانسەری جیهاندا.
کردنی تۆپی پێ بە شێوەیەکی سادە، زۆر لە کردنی تۆپی پێ بە شێوەیەکەی داهێنەرانە قورسترە. کرۆیف دەڵێت: “بۆ بردنەوەی یاری تۆپی پێ، پێویستت بە یاریزانی بەهرەمەندە، بەڵام کێشەی یاریزانانی بەهرەمەند ئەوەیە کە هەمیشە دەیانەوێت کردارەکانی نیو تۆپی پێ بەشێوەیەکی قورس و جیاواز و داهێنەرانە ئەنجام بدەن. ئەمەش وا دەکات زۆرجار شكست بهێنن.” کرۆیف لەم ڕووەوە، خەونێکی ئەستەمی بەدیهێناوە. لە ئەمڕۆی تۆپی پیدا، مێسی و بۆسکتس و ئینێستا...هتد لە یاریزانەکانی قوتابخانەی لاماسیان و بە داهێنەرترین و باشترین یاریزانەکانی دونیا دادەنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین هیچ یەک لەم یاریزانانە کاری ئاڵۆز و قورس ئەنجام نادەن، بەڵكوو هەموو کردەیەکیان سادە و ساکارە. دەبینین میسی یاخود ئێنستا هەر لەبەرئەوەی کۆمەڵیک یاریزانیان فریوداوە یاخود تۆپێکی دوورەدەستیان گەڕاندووەتەوە، کاری شێتانە و هەڕەمەکی ئەنجام نادەن، بەڵکوو هەر کە تۆپەکە وەردەگرن، یەکراست هەوڵێ پێدانەوە و پاشان جوڵانەوە دەدەن. هەر ئەمەشە وادەکات کە زۆربەی هەرە زۆری کردەکانیان سەرکەوتوو بێت. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کرۆیڤ لە ڕیگای قوتابخانەی لامسیاوە ، نەک تەنها مۆدێلێکی نوێی یاریکردنی پێشکەش بە دونیای تۆپی پێ کرد، بەڵکوو نۆرم و ستانداردێکی نوێی یاریکردنی بۆ تۆپی پێ دروستکردووە.
یۆهان کرۆیفی بەڕێوەبەر و نووسەر
یەکێک لەو کێشە هەرە بنەڕەتی و گرنگانەی کە رێگری دەکات لە نزیکبوونەوەی وەرزش لە بوارەکانی دیکە و هەروەها نزیک بوونەوەی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا لێی، کێشەی زمانە. هەمیشە وەرزشەوان بەهۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی لە نێو بوارەکەی خۆیدا کار و کاردانەوەی نییە، ناتوانێت یاخود زۆر قورسە بۆی کە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بگرێت و بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ ئەوانیتردا ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکات. بە مانایەکی تر، کێشەی وەرزش هەمیشە ئەوە بووە کە لە قۆناغی کردەیەکی جەستەییەوە خۆی نەگواستووەتەوە بۆ قۆناغی کردەیەکی فکری تەواو. هەرچەندە قەبارە و ڕێژەی ئەو هەست و بیرکردنەوانەی کە لە نەستی وەرزشەواندا ڕوودەدات هێندەی ئەوەیە کە بە زمانێکی فکری قووڵ گوزارشتی لێوە بکرێت.
خۆشبەختانە، کرۆیف یەکێکە لە وەرزشەوانە هەرە دەگمەنەکان کە لەم ڕووەوە نەک کەموکوورتی نەبووە، بەڵکوو توانایەکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەبوو لە بەکارهێنانی زماندا، بۆ گەیاندنی بیرۆکە و ئایدیاکانی. بۆ نموونە کرۆیڤ لە درێژەی باسەکانیدا دەربارەی تۆپی پێ و چۆنێتی یاریکردن، بە زمانێکی ئەندازیارییانە سادە دەلێت: “کاتێک تۆپ لە بەرژەوەندی ئێمەیە، هەوڵدەدەین تا دەتوانین یاریگا گەورە بکەینەوە، بەڵام کاتێک تۆپمان لێ دەبچڕێندرێت، هەوڵ دەدەین تا دەتوانین یاریگا بچووک بکەینەوە.”
هەر بەو زمانە ڕوونە کارێکی فیزیایی تۆپی پێ شرۆڤە دەکات و دەڵێت: ”خەڵکی هەمیشە بە هەڵە لە خێرایی نێو یاری تۆپی پێ تێدەگات. بۆ نموونە سەرەڕای توانای جەستەییم، ئەگەر من پێش هەموو کەسێکیتر بۆ تۆپەکە هەڵبێم
ئەوا پێش هەموویان پێیدەگەم،” دەبینین کرۆیڤ، باسی ئەو مۆدێلە دەکات کە لە یارییکرندا دەیەوێت و تێیدا بە زمانێکی سادە و ڕوون پوختەی ئەو فەلسەفەیە پێشكەش بە یاریزانەکانی دەکات کە دەیەوێت پەیڕەوی بکەن لە یاریکردندا.
لەڕووی کارگێڕی وەرزشییەوە، بیرۆکەکانی کرۆیف لە بواری كارگێڕی و ڕێکخستنی وەرزشیدا بە نوێگەری و داهینان دادەنرێت لە بوارەکەدا. هەر بۆ ئەم مەبەستە کرۆیڤ (زانکۆی یۆهان کرۆیف)ی دامەزراندووە و لەڕێگای لقەکانی خۆیەوە لە هۆڵەندا، مەکسیک، سوید و ئیسپانیا، ساڵانە پرۆگرامی خوێندن بۆ ئەو وەرزشەوانانە دابین دەکات کە دەیانەوێت لە تەنیشت کاروانی وەرزشی خۆیانەوە، بە شێوەیەکی پرۆفێشنالی بڕوانامە لە بواری بەڕێوەبردنی وەرزشیدا بەدەست بهێنن.
ئەمە جگە لەوەی کە کرۆیف لە ڕێگای نووسینەکانییەوە کە زیاتر دەربارەی کارگێڕی و بەڕیوەبردنی وەرزشیین، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، کاریگەر ڕاستەخۆی هەبووە لەسەر کۆمەڵگای هۆڵەندی و ئەورووپایی. تەنانەت زۆرێک لە نووسینەکانی ئیلهامییان بەخشییوەتە نوسەری دیکە بۆ ئەوەی کتێب و داهێنانیتر ئەنجامبدەن لە بوارەکەدا. بۆ نموونە ناونیشانی کتێبی ( تۆ دەستەبەری ناکەیت،تاکو تێینەگەیت) کە ناوی کتێبەکەیە، یەکێکە لە ڕستە بەناوبانگەکانی یۆهان کرۆیف. ئەم کتێبە، پێکهاتووە لە کۆمەلێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە یۆهان کرۆیڤ دەناسن، هەروەها کۆمەلێک وتار و ستوونی تایبەت بە خودی یۆهان کرۆیفە. ئەم کتێبە نزیکەی ٤٠جار چاپکراوەتەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر خوێنەرانی هۆڵەندی بەجێهێشتووە.
لە کۆتاییدا، کرۆیفی مرۆڤ و کرۆیفی یاریزان و کرۆیفی ڕاهێنەر و کرۆیفی بەڕیوەبەر پێکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵی خۆیان لە جیهاندا بینییوە، هەر ئەمە وایکردووە کرۆیڤ وەکوو ڕابەر و داهێنەرێکی نێونەتەوەیی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ناوی خۆی بنووسێتەوە. وە هەمیشە وەکوو خۆی دەڵێت: “لە کۆتاییدا هەموومان دەمرین، بۆیە ئامانج ئەوە نییە کە بۆ تاهەتایە بمێنینەوە، بەڵکوو ئامانج ئەوەیە کە شتێک بخوڵقێنین کە بۆ تاهەتایە بمێنێتەوە.”
———
Back