چەوساوەکانی تۆپی پێ
31/03/2016 13:03
“ئێمە وەک مریشکی کێلگەین، جووڵەکانمان لە ژێر سیستەمێکی تووندوتیژدا چاودێریکراوە. پێویستە بەبەردەوامی کۆمەڵێک ڕەفتاری نەگۆڕ دووبارە بکەینەوە.”
پۆل گاسکوین.
لە سەردەمی کۆندا خەڵکی دەچوون بۆ تەماشاکردنی (گارینشا) تاکوو دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو مەسخە پشت کۆمەی کە بە پێیەکانی ڕكابەر مەدهۆش دەکات، کوڕی ئەهرەمینەکان نییە. وە ساڵی ١٩٢١ کە بەرازیل بەشداری جامی ئەمریکای لاتینی کرد، (ئەرتۆرۆ فریدرێنیچ) کە خاوەن زۆرترین گۆڵە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەشداری پاڵەوانێتییەکەی نەکرد، چوونکە سەرۆکی وڵات پێیوابوو بەشداریکردنی ڕەشپێستێکی وەها ناوبانگی بەرازیل لەکەدار دەکات. هاوکات (کارلۆس ئەلبیرتۆ) هەرچەندە ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بردنەوەی مۆندیالی١٩٧٠ بۆ بەرازیل، بەڵام تاکوو ماوەیەکی زۆر دەبوو پێش یارییەکان نیوکاتژمیر لە ژووری خۆگۆڕیندا دەموچاوی خۆی بە برنجی هاڕاو سپی بکات، بۆئەوەی هاندەران بە پێستە رەشەکەی قەڵس نەبن. دیارە حاڵی یاریزانەکان بە گشتی لە سەردەمی کۆندا ئەگەر لە هەنووکە خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە.
ئەمڕۆ یاریزانانی تۆپی پێ دەچنە ناو یاریگاوە تاکوو بەرزونزمی و قەبارەی ماسولکەکانیان پیشانی هاندەرانیان بدەن. کاتێکیش گۆل دەکەن ئاماژە بە ماسولەکەکانیان دەدەن و ستایشی دەکەن. ئەمڕۆ ستایلی نوێی جل، ئۆتۆمبێل و خانوو بەشێکن لەو یاریگایەی کە یاریزانان ئاستی خۆیانی تێیدا پیشان دەدەن. بۆ نموونە (گاریس بەیل) هەر بەدابەزینی لە فڕۆکەکە جلی پیس و قژی ئاڵوسکاوی کۆڵانەکانی لەندەنی فڕێدا و بەرگی شاهانەی کۆشکەکانی مەدریدی پۆشی. ئاخر ئەمڕۆ یاریزان تەنها پێیەکانی موڵکی یانەکەی نییە، بەڵکە پێکەنین و جوڵەی دەست و قاچ، ڕەنگی پێست و شیوەی هەناسەدان و هەموو شتی نرخی خۆیان هەیە. بۆیە یاریزان دەبێت هەمیشە وریا بێت تاکوو زیان لە قازانجی ماددی یانەکەی نەدات.
دواجار لە هەموو سەردەمێکدا یاریزانی تۆپی پێ هەمیشە بەندەی ژێر دەستی کۆمەڵیک یاساوڕێسایە. هەندێک لەو یاسایانە کۆمەڵایەتین و بەشێكی زۆریشیان ئابووریین و لە بەرژەوەندی سەرمایەدارەکاندایە.
تۆپی خڕ و یاریزانی چارەنووس ڕەش، لەوەتەی هەن قوربانیی دەستی چینە دەوڵەمەند و ئەرستوکراتێکانی کۆمەڵگەن. ساڵی١٣١٤ز کاتێک تۆپەکە لەپێی ڕۆمانییە کۆنەکانەوە گلۆربووەوە یاریگاکانی ئینگلتەرا، ئیدواردی دووەم، پاشای بەریتانیا، بە مۆرێکی شاهانە بڕیاری لەسەر چارەنووسی رەشی یارییەکە دا و وتی “ئەم پێکدادانانەی کە لەسەر ئەم تۆپە، گەورە دەکرێت، ئازار و دڕندەیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە خودا قبووڵی ناکات”. وە کاتێک چینە شاهانەییەکانی کۆمەڵگا ستایشی یاریزانیان کرد، بۆ ئەوە کردیان خۆشەویستی خەڵکە چەوەساوەکان بەدەستبهێننەوە. بەو پێیە یاریزان هەمیشە خۆشەویستی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بووە. .لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی وەک (ستانلی ماسیۆز، مات بوسبی و بۆبی چارلتۆن) لەلایەن بنەماڵەی شاهانەی بریتانیاوە، وەکوو کوڕە هەژار قبووڵ نەکران. بەڵکوو تەنها ئەو کاتە پلەوپایەیان بەرز دەبووەوە کە نازناویی (سێر)یان پێدەبەخشرا. وەک ئەوەی بە خەڵكی ئاسایی بڵێن مرۆڤەکان تەنها ئەو کاتە بەهایان هەیە کە نازناوێکی شاهانەیی وەکوو سێریان پێ ببەخشرێت.
یاریزانەکان لە جەوری چەپڕەوەکانیش قورتاریان نەبووە. ئەو چەپڕەوانەی کە داوای مافی هەموو چەوساوەکانیان دەکرد، بیریان نەبوو کە یاریزانی تۆپی پێش هاوچارەنووسیانە. چەپرەوەکان دەیانوت “ئەگەر دین ئەفیونی گەلان بێت، ئەوا تۆپی پێ هیچی لەو کەمتر نییە، چوونکە تۆپی پێ مرۆڤەکان لە چالاکی شۆڕشگێرانە دوادەخات.” سوپاس بۆ بلۆکی سەرمایەداری، ئەگینا ئیستاکە هەموومان لە بیابانەکانی (سیبریا) رەق بووبووینەوە!
وەلێ چارەنووسی یاریزانان لە ژێر دەستی بلۆکی سەرمایەداریدا باشتر نەبوو. ئەگەر جاران گەمژە و ڕۆح ئەهریمەنی بوون، ئەوا لە دونیای نوێدا و لەگەڵ سیستەمی کاپیتاڵیزمیشدا لە دیوار و ستوونی ڕیکلامکردن زیاتر هیچیتر نەبوون. چەوساندنەوەی یاریزانان و بەکارهێنانیان وەکوو کەرەستەیەک بۆ زیادکردنی سەرمایە، بەدرێژایی مێژووی گەمەکە هەر بەردەوام بووە. لە مۆندیالی ١٩٨٦ یاریزانەکان داوایانکرد کاتی یاریکردنەکان بگۆڕدرێت، چوون گەرمای نیوەڕوانی مەکسیک ناسروشتی بو،. بەجۆرێک یاریزانەکان هەستیان دەکرد لە ناو مەنجەڵێکی چێشتلێناندا یاری دەکەن. لە وەڵامی ئەم داوکارییەی (مارادۆنا) و هاوڕێکانیدا، سەرۆکی فیفا (جواو هافیلانگ) زۆر بە سادەیی فەرمانیدا و وتی “با دەمیان دابخەن و یاری بکەن”. ئاخر میستەر (هافیلانگ) زۆر پەرۆشی ئەوە بوو کاتی یارییەکان لەگەڵ کاتی پشووی وڵاتانی ئەوروپادا بگونجێت. تاکوو خەڵكی بە دیار تەلەفزیۆنەکانیانەوە دابنیشن و سەیری ڕیکڵامی نێوان گێمەکان بکەن. بەهەمان شێوەی (هافیلانگ)، کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا ویستی یاری تۆپی پێ بکات بە چوار گێمەوە و هەر گێمیک ٢٥ خولەک بێت، ئەم پێشنیارەی لەبەر خاتری ماسولکە ماندووەکانی یاریزان نەکرد. بەڵکوو پێی وابوو بەو شێوەیە داهاتی یارییەکان زۆر زیاتر دەبێت. بەو پێیە ژمارەی ناوبڕەکان زیاد دەکات تاکوو تێیدا ڕیکلام ئەنجام بدرێت. وە کاتێک لە تۆپی پێدا جیفارای وەکوو مارادۆنا، سوکرات، هتد پەیدا بوون و داوای کردنەوەی سەندیکای یاریزانانیان کرد و پێیان وابوو دەبێت یاریزان مافی خۆی هەبێت لە دیاریکردنی کاتی ڕاهێنان و یارییەکاندا، یاخود بەشداربن لەو بڕیارانەدا کە لەسەر پاڵەوانێتییەکان دەدرێت. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە سوکرات شاربەدەرکرا و مارادۆنا وەکوو کوڕی شەیتان بە هاندەران ناسێندرا.
یاریزانانی تۆپی پێ چەوەساوترین کارەکتەری نێو شانۆی یارییەکانن. ئەوان ئەو موهەریجەن کە هاندەران دەخەنە پێکەنین و دەوڵەمەندەکان زەنگینتر دەکەن و لە کۆتاییدا دەبنە قوربانی جنێو و تێهەڵدان. وە لە خراپترین حاڵەتدا دەبنە قوربانی گوللەیەکی مافیا و ئۆڵتراسی یارییەکە. یاریزانان هەموو ئەم جەور و ستەمە قبووڵ دەکەن بە هۆکاری جیاوازەوە بەڵام هۆیەکی هاوبەش لە نێوان هەموو یاریزانەکاندا ئەوەیە کە بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن لە ڕێگای بڕە پارەیەکەوە، کە دواین ماف و کەمترین پاداشتە یاریزان وەریدەگرێت. چوونکە ئەو سامانەی سەرمایەدارانی گەمەکە لە پێی یاریزانەکانەوە خڕی دەکەنەوە، زۆر زیاترە لەوەی کە بە یاریزانەکانی دەبەخشن.
———
Back