(counterpressing یان gegenpressing ) شیکاری تاکیتیکی: سیستەمی پاڵەپەستۆی هەڵگەڕاوە
13/10/2013 22:38یەکەمجار پێویستە بپرسین ئایا گوشار/پاڵەپەستۆ چیە؟ چۆن دروست دەبێت؟؟
بیرۆکەی گوشار دروست کردن بە شێوەیەکی سادە. بریتیە لەوەی کاتێک تیپێک تۆپ لە دەست دەدات، واتا دەکەوێتە حاڵەتی بەرگری کردنەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی تۆپەکە دەدات بۆ بەرژەوەندی خۆی. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە پێویستی بەوەیە دووبارە تۆپەکە لە پێی یاریزانەکانی تیپی بەرامبەر ببچڕێنێت، وە بە حاڵەتی هەوڵدان بۆ بچڕانی تۆپ لە تیپی بەرامبەر دووترێت (پاڵەپەستۆ). هاوک کات گوشار کردن هەمان کرداری سەرەوەی بەڵام لەلایەن تەنها یەک یاریزانەوە ئەنجام دەدرێت. بەمانەیەکی دیکە، گۆی گوشاری کۆمەڵێک یاریزان پێکەوە، دەبێتە پالپەستۆ.
بۆ دروست کردنی پاڵپەستۆ هەر تیپێک پێویستی بە کۆمەڵێک مەرجی گشتگیر و سەرەتایی هەیە تاکوو پرۆسەی گوشار دروست کردنەکەی بە جوانی ئەنجام بدات، ئەو مەرجانەش بریتین لە
١-دابەش بوونێکی یەکسان و هاوسەنگ بەسەر هەموو ناوجەکانی یاریگا، تاکوو زۆرترین ناوچە پڕ بکەنەوە و بۆشایی بەجێنەهێلن بۆ تیپی بەرامبەر بۆ ئەوەی دزەی تێیدا بکات و گۆڵ تۆمار بکات
٢-بچوک کردنەوەی نیوان هێلەکانی (بەرگری-ناوەڕاست-هێڕشبردن) هاوکات تەسک کردنەوەی ماوەی نیوان یاریزانەکان بۆ ئەوەیە کۆنترۆڵی ئەو ناوچە بکەن کە تۆپی تییدا دەسوڕێتەوە.
دەکرێت ئەم دوو خاڵە بە سێ خاڵی گشتگیر ئەژمار بکرێت کە دەبێت لە هەموو جۆرەکانی دروست کردنی گوشار ئامادە ببێت.
با بێینە سەر جۆرەکانی/ناوچەکانی گوشار دروست کردن.
بێگومان بۆ ئەوەی گوشار دروست بکەین پیویستە پرسیارێکی سەرەتایی و تایبەت لە خۆمان بکەین. ئەویش ئەوەیە دوای بچڕانی تۆپەکە لە یاریزانەکان، ئایا پێویستە لە کوێی و لە چی کاتێکدا تۆپەکە بگەڕێنینەوە؟؟ چونکە هەموو تیپێک لە ژێر کۆمەڵیک باری تایبەتدا بڕیاری جێگە و کاتی دروست کردنی گوشار دەدات.
هەندێک جار لاوازی هێڵی بەرگری تیپی بەرگریکار ناچاری دەکات کە موجازەفە نەکات و لە نزیک هێلی بەرگری بوەستێت بۆ بەرگری کردن. یاخود هەندێک جار یانەیەک بە هۆی لاوازی گۆڕینی باری خۆی لە بەرگری کردنەوە و بۆ هێرش بردن ناچار دەبێت لە ناوەڕاستی یاریگاوە دەست بکات بەرگری کردن. وە هەندێک جار کاتێک یانەکە بەهێزە و بەتوانایەوە و خاوەن ڕیتمیکی خێرایە لە یاریی کردن هەوڵدەدات لە بەرزترین ناوجەی بەرگری تیپی بەرامبەرەوە دەست بکات بە دروست کردنی پاڵەپەستۆ، بێگومان خاڵە بەهێزەکانی تیپی بەرامبەریش کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر شوێن و کاتی دروست کردنی پاڵەپەستۆ. لێرەوە دەتوانین وەڵامی شوێن و کاتی دروست کردنی گوشارمان دەست بکەوێت.
لێرەدا من هەستەکەم پیویستە بە کورتی جۆرەکانی یاخود ناوچەکانی (گوشار/پاڵەپەستۆ) ڕوون بکەمەوە تاکوو خوێنەر بە جوانی لە تەواوی بابەتەکە تێبگات.
١-ناوچەی پاڵەپەستۆ بەرزیHigh Block Defence) ) : یانەیەک لە ناوچەکانی بەرگری تیپی بەرامبەرەوە دەست دەکاتە بە گوشار دروست کردن
٢-ناوچەی پاڵەپەستۆی مامناوەند Mid Block Defence)): یانەیەک لە ناوچەی هێڵی ناوەڕاستەوە دەست دەکات بە دروست کردنی گوشار
٣-ناوچەی پاڵەپەستۆی نزم(Low Block Defence): یانەیەک لە لێواری ناوچەی سزای خۆیەوە دەست دەکات بە دروستکردنی گوشار
بێگومان هەریەک لەم سێ جۆرە بەپێی توانا و کوالێتی و تیپی بەرگریکار و تیپی هیڕشبەر دەوەستێت.
...............................................................................................................
لە دایک بوونی سیستەمی پاڵپەستۆی ((counterpressing یان gegenpressing )) لە ئەڵمانیا.
-هەمیشە تۆپی پێ شەڕی نێوان ئایدیای جیاوازە. شەڕی نێوان باشە و خراپەیە .
پێکدادانی دوو جەمسەری دژ بەیەکە لە شێواز، لە ستایڵ، لە بیرکردنەوە.
مێژووی گەمەکە باس لە داستانەکانی نێوان کاتیناچیۆ و یاری گشتگیر دەکات. هەروەها کتێبەکان شۆڕشی جوانترین تۆپی پێی بەرازیلی لە ساڵەکانی هەشتا دەگێڕنەوە. سەردەمانێکیش دەنگی هیج کەس بەسەر دەنگی هێڕبێرت چپمان و پلانی (٣-٥-٢ یاخود MW)).
بۆیە ئەمڕۆیش خۆی دەنووسێتەوە و ڕەنگە رۆژگارێک بێت منداڵەکان هەزارویەک شەوی (مۆ-پیپ) بخوێننەوە.
مێژوو چاوەڕوانی داهێنانەکانی ئێستایە، ئێستایش بە بەردەوامی گەشە دەکات.
پێش چەند ساڵیک گواردیولا لەگەڵ تیکی تاکا(controlling of games) گەورەی زەمانی خۆی بوو. لە دەستی ئەوبەریشەوە دەروێشەکانی تەریقەتی یاری ڕاستەوخۆ شەونخوونییان دەکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نوێ بۆ دەردی تیکی تاکا، بۆ وەستان لە بەردەم (دەست بەسەردا گرتنی تۆپ) کە دوژمنی هەرە گەورەیانە.
مۆرینهۆ یەکەم سەرکردە بوو کە ئاڵای بەرنگاربوونەی شێوازی (تیکی تاکا یاخود کۆنترۆڵ کردنی یاریی) گرتە دەست و بڕیاریدا بچێتە ناو دەمی ئەو داینەسورەی کە (١٣) جامی بردەوە لە ماوەی (٤) ساڵدا.
پاشان یۆرگن کلۆپ لە دوورە بیرۆکەکانی خۆی ڕێكخست، شیوازی خۆی ئامادە کرد، هاوکات شانبەشانی (کلۆپ)، (یۆب هاینکس) دەست درێژ کرد بۆ ئەوەیە وەکوو دوو (برای دوژمن) لە پشتی یەکتر ڕاوەستن بۆ لە ناو بردنی مەترسیەکی دەرەکی. پێکەوە چوونە جەنگی (مان و نەمان). بەڵام خۆشبەختانە سەرکەوتن و توانیان دەرمانی دژە ژەهری تیکی تاکا و کۆنترۆڵ کردنی یاریی بەرهەم بهێنن کە ئەویش سیستەمی counterpressing /gegenpressing))
- پێش ئەوەی بە تەواوەتی بێینە سەر باس کردنی ئەمشێوازە دەبێت بڵێین، هەرجەندە ئەم سیستەمە وەکوو دژە سیستەمی تیکی تاکا و دەست بەسەردا گرتنی تۆپ خۆی ئەژمار کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەویشدا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە ئەم شێوازە لە خودی ئەو سیستەمی گوشار دروست کردنەوە سەرچاوەی گرتووە کە پیپ گواردیولا پەیڕەوە دەکرد، واتا ئەو راهێنەرانەی باوەڕیان بە یاریی ڕاستەوخۆیە هەستان بە دۆزینەوە تریاقی شیوازی دەست بەسەردا گرتنی تۆپ لە خودی سیستەمی تیکی تاکا.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم جۆرە سیستەمی پاڵەپەستۆ (counterpressing)، لە هەموو دانشتنێکی وەرزشی دا باس دەکرێت. وە بە گشتی دوو گروپ لە شارەزایان قسە لەسەر ئەم شیوازە دەکەن .
گروپی یەکەم: بریتین لە راهێنەرە کۆنەکان کە باوەڕیان وایە کە ئەم شێوازە هیچ شتێکی بۆ تۆپی پی زیاد نەکردوە، پێش (٢٠) ساڵ هەبووە و کاری پێکراوە.
گروپی دووەم: باوەڕیان وایە ئەم شیوازە هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو سیستەمی پاڵەپەستۆی کە گواردیولا پەیڕەوە دەکرد لەگەڵ بەرشلۆنا وە بە جەخت کردنێکی زۆرەوە دەڵێن {ئەم شێوازە هەر خوودی شیوازی گواردیولایەو ئەو بەرهەمی هێناوە. چونکە شێوازەکە چی لە ڕووی بچوک کردنەوەی یاریگا بێت یاخود لە ڕووی دابەش کردنی یاریزانەکان بێت بەسەر ناوجەکانی یاریگا، بە هەمان ئەو شێوزەیەک کە پیپ ئەنجامی دەدا.}
-لە ڕاستیدا بۆ من دەکرێت بڵیم قسەی هەردوو گرووپەکە لە ڕوویەکەوە ڕاستە. چونکە گروپی یەکەم لەو ڕووەوە ڕاست دەکات کاتێک دەڵیت ئەم شێوازە دەمێکەوە هەیە، چونکە وەستانی تیپ لە کاتی بەکارهێنانی ئەم شێوازە هەمان شیوازی ئەو تیپانەیە کە جۆری پاڵپەستۆی مامناوەند بەکاردەهێنن، واتا جێگای دەست پیکردنی گوشاری لە (counterpressing) هەمان جێگای پاڵەپەستۆی مامناوەندە.
لەبەرامبەردا گروپی دووەم ڕاست دەکەن کاتێک دەلێن کە هەمان شێوازی گواردیولایە، چونکە ماوەی نیوان هێلەکان و بۆشای نێوان یاریزانەکان و دابەش بوونی یاریزانەکان هەمان بە هەمان شیوەی بیرۆکەکەی گواردیولایە.
لێرەوە دەکرێت بڵێین بۆچوونی هەردوو گروپەکە لە ڕوویەکەوە ڕاستە. بەلام ئەگەر ئێمە بمانەوێت بە تەواوەتی لە بابەتەکە تێبەگەین دەبێت بچینە ئەڵمانیا.
لە ئەڵمانیا یەکەم یانە کە ئەم شێوازەی پەیرەوە کرد یانەی (ماینز05) بوو ، بەڵام. سەرەتای دەست پێکردنی ئەم شێوازە لە یانەی ماینز بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی بوو، چونکە یانەکە جگە لەوەی لە ناوچەی پاڵەپەستۆی مامناوەند دەستی دەکرد بە بەرگری کردن هاوکات پشتی بە چوار یاریزانی هێلی ناوەڕاست دەبەست تاکوو بۆشاییەکانی ناو یاریگا کەم بکاتەوە و هەروەها تیپەکە بە شێوەی یەک جەستە یاریی بکات، جگە لەم دوو هەنگاوە یانەی ماینز پشتی بە سێ یاریزان دەبەست لە دڵی بەرگری واتا یاریزانیکی تەوەری ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سزا و دەبێتە بەرگریکاری سێیەم لە دڵی بەرگری(ئەم یاریزانەی تەوەری ناوەڕاست کە دەگەڕیتەوە بۆ ناوچەی دڵی بەرگری لە تاکتیکی تۆپی پێ پێی بە spare man ناو دەبرێت). تەبعەن ئەم داهێنانەی یانەی ماینز تێکەڵیەکی هاوسەنگە لە نێوان بیرۆکەی گروپی یەکەم و گروپی دووەم.
دوای ئەمە یۆرگن کلۆپ لەگەڵ یانەی بروسیا دۆرتمۆند هەوڵیدا ئەم شێوازە جێبەجی بکات، بەڵام یۆرگن بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر کارەکەی کرد و ئەنجامی باشتری تێیدا بە دەست هێنان.
من بیرۆکە و کارە گەورەکانی ئەریگۆ ساکیم بینییوە لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان، بۆیە لێرە لە دۆرتمۆند بە خۆمانمان ووت ئەگەر ساکی توانیبێتی ئەوە بکات، ئایا ئێمە بۆ ناتوانین بیکەین؟! بۆیە دۆرتمۆند بەشێكی بچووکی میلان_ساکی یە
یۆرگن کلۆپ
ئەمە لێدوانێکی یۆرگن کلۆپە لە چاوپێکەوتنێکدا، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ڕاهێنەرەکە کاریگەر بووە بە فکری ئەریگۆ ساکی و شیوازەکەی ، وە ئەوە شارەزا بێت لە سیستەمی ساکی دەزانێت کە چەکی یەکەمی بریتی بوو لە گوشار دروست کردن بە شێوەیەکی توند و لە ناوچەیەکی بەرزی یاریگا.
لێرەوە کلۆپ سەرەتا تێکەڵەیەکی دروست کردن لە نیوان شیوازی گوشار دروست کردنی بەرز و وەستان لە ناوچەی پاڵەپەستۆی مامناوەند. بەم شیوەیە یۆرگن ناوچەی بەرگری کردنی و گوشار دروست کردنی بچووک کردوە، هاوکات ماوەی نێوان یاریزانەکانی کورتر کرد. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو کە یۆرگن بیرۆکەی یاری ڕاستەخۆی سەپاند بەسەر ئەم شیوازە و هاوکات سوودی لە سێگۆشەکانی تیکی تاکا وەرگرت بۆ ئەوەی بتوانێت بە شیوەیەکی ئاسان تۆپ بگوازێتەوە لە ناوچەی بەرگری بۆ ناوچەی هێڕش بردن. ئەمەش چۆن؟
_بێگومان ئەگەر تێبینی وەستانی یاریزانەکان بکەین لە پلانەکەی یانەی ماینز، دەبینین کە شیوازی وەستانی یاریزانەکان دەبێتە هۆی دروست بوونی (چوار گۆشە)ی بچووک بچوک. وە دروست بوونی چوارگۆشە لە تاکیک بە مانای ئەوە دەێت کە یانەکە بە شیوازی یاری راستەخۆ یاری دەکات و پشت بە خێرا گواستنەوە تۆپ دەبەستێت لە پرۆسەی دەست پێکردنی هێرش. لێرەوە کلۆپ سوودی لە چوارگۆشەکانی ناو ئەو سیستەمە وەرگرت کە یانەی ماینز پەیڕەوی دەکرد، هاوکات کلۆپ هەستا بە دابەش کردنی یاریگا بەسەر درێژی و پانی دا.
لە کاتی دابەش کردنی یاریگا بەسەر درێژی دوو کۆمەڵە دروست دەبوو. هەر کۆمەڵەیەک (٤) یاریزانی تێیدایە. پاش ئەمە کلۆپ هەستا بە بەکار هێنانی هەردوو یاریزانەکەی تەوەری ناوەڕاست لە نێوان هەردوو کۆمەڵەکە(بێگومان بە پێ جوڵانی تۆپەکە، بۆنمونە کاتێک تۆپەکە لای ڕاست دەبێت ئاوا تەوەری ناوەڕاستی لای چەپ دەچیتە ناو هێلی بەرگری و دەبێتە یاریزانی سێیەم لە دڵی بەرگری spare man وە ئەگەر لای چەپ بوو ئەوا بە پێچەوانەوە.)
پاشان کلۆپ هەستا بە دابەش کردنی یاریگا بەسەر پانی بەمەش لە نێوان هەردوو گروپە یاریزانێکی دیکە هەبوو کە لە کاتی دابەش کردنی یاریگا بەسەر پانی ئەو یاریزانە دەبووە هۆی دروست کردنی سێگۆشە، وە بێگومان سێگۆشەیش لە ناو یاریگا بە مانای ئاسان سوڕانەوەی تۆپ و دەست بەسەردا گرتنی یاریی دێت، لیرەوە کلۆپ توانای دوو کار بکات، یەکەم: لە هەر بەشێكی یاریگا(ڕاست/چەپ) دیوارێکی توندوتٶڵی هاوسەنگی بەرگری دروست بکات، دووەم: هاوکات توانای شێوازی کۆنترۆڵ کردنی تۆپ و شیوازی یاری ڕاستەخۆ تێکەڵ بەیەک بکات.
بەم شێوەیە دەمانبینی دۆرتمۆند بە ئاسانی تۆپ لە بەرگریەوە دەردەکات و دەیباتە هێڕش بردن و وە ئەمە وایکرد کە دۆرتمۆند ببیتە ترسناکترین یانە لە هێرشێ هەڵگەڕاوە.
بێگومان دوای دۆرتمۆند یانەی بایرن میونخ لەگەڵ یۆب هاینکس هەستا بە جێبەجی کردنی هەمان شیواز و بەهەمان ووردەکاری و هەمان مەرج، بەڵام ئەوەی یارمەتی بایرن میونخی دا کە زیاتر سەرکەتوو بێت، بوونی کۆمەڵێک یاریزان بوو کە توانای هونەری و تەکنیکیان شان بەشانی توانای جەستەییان بەهیز بوو، لێرەشەوە توانیان بەسەر دۆرتمۆند سەربکەون لە رووی هونەرییەوە چونکە بەهۆی تواناکانی مارتێنێز و گۆستاڤۆ و شڤاینی و کرۆس بایرن توانای زیاتر دەست بەسەر تۆپدا بگرێت و کۆنترۆڵی بکات، بەم شێوەیەش توانای بە خاڵێک بکەوێتە پێش بەرشلۆنا و دۆرتمۆند، بەخاڵی توانای جەستەیی کەوتە پێش بەرشلۆنا، هاوکات بە خاڵی توانای دەست بەسەردا گرتنی تۆپ توانای سەربکەوێت بەسەر بروسیا دۆرتمۆند.
تێبینی١: باس کردنی دۆرتمۆند لەم سیستەمە تەنها تاکوو وەرزی پار ساڵە، وە هیج پەیوەندی بە ئەم ساڵەوە نیە، چونکە ئەم ساڵ هەندێک شت لە سیستەمی پاڵەپستۆی بروسیا دۆرتمۆند گۆراوە، بۆ نمونە ئەمە یاریی سوپەری ئەڵمانیای ئەمساڵە ببینە دۆرتمۆند چۆن یاریزانی ناوەڕاست ئامادە نییە، وە ئەزانن تەواوکەری ئەم وێنەیە چیە؟؟
گۆڵێکە بۆ بایرن میونخ،
———
Back