شیکاری تاکتیکی: یاریزانی تەوەری هێڵی ناوەڕاست
15/08/2013 17:23لێرەدا دەمەوێت باسی تەوەری هێڵی ناوەڕاست بکەم کە گرنگترین هێڵە لە هەموو یانەیەکدا و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە لە یاری تۆپی پێدا. بێگومان تەوەری هێلی ناوەڕاست دابەش دەبێت بۆ چەند جۆرێک، یاخود دەتوانین بڵێین چەند جۆرێک یاریزانمان لەم هێڵەدا هەیه کە هەریەک لەو یاریزانانە تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆنموونە یاریزانی تەوەری ناوەڕاستی (box to box، سندوق بۆ سندوق) یان (Destroyer،یاری ڕوخێنەر یان تۆپ ڕفێنەر)، یانیش (Holding midfielder،تۆپ هەڵگر) و هتد ...
لێرەشەوە هەر یانەیەک کە یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاستی هەبێت بە جۆرێک چەندین رۆل لەم ڕٶڵانە بگێڕێت، ئەوا هەڵبژاردنی زیاتری دەبێت و یارمەتی ڕاهێنەر دەدات کە باشتر پلانەکانی دابرێژێت. بەڵام ئەو یانەیەی کە یاریزانی تەوەری بەهێزی نەبێت، واتە ئەگەر ئەو یاریزانەی کە لە تەوەری ناوەڕاستدا یاری پێدەکات نەتوانێت چەند ڕۆڵێک بگێڕیت، ئەوا پەنا دەباتە بەر یاریکردن بە چەند یاریزانێكی تەوەری ناوەڕاست کە هەریەکێکان یەکێک لەو ڕٶلانە دەگێڕێت.
بۆیە تەوەری هێلی ناوەڕاست گرنگترین جێگایە کە ڕاهێنەر تیشک دەخاتە سەری و سەرەتا ئەم جێگایە پتەو دەکات. واتە سەیری یاریزانەکانی تەوەری ناوەڕاست دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا چ جۆرە یاریزانێکی لەویدا هەیە و وە ئەو هەڵبژاردنانە چین کە فەراهەمە بۆی، لەم جێگایەدا.
پاش دیاریکردن و پڕکردنەوەی کەموکوورتییەکانی تەوەری ناوەڕاست، ئینجا دەچێتە سەر جێگاکانی هێڵی یاریکردن و لەسەر بنەمای تەوەری ناوەڕاست تەواوی پلانەکەی دادەمەزرێنێت. لێرەدا ئێمە دێینە سەر باسی جۆرەکانی تەوەری ناوەڕاست کە بە شیوەیەکی زانستی دابەش کراوە بۆ ٥ جۆر، ئێمەش دانە دانە باسی دەکەین. فەرموون:
١- (Destroyer،یاری ڕووخێنەر یان تۆپ ڕفێنەر) کاری ئەم جۆرە یاریزانەی تەوەری ناوەڕاست تەنها بردنی تۆپەکانە لە یاریزانی تیپی بەرامبەر و پاشان تۆپەکە دەدات بە نزیکترین یاریزانی خۆیان بۆ ئەوەی یاری دروست بکەن.
واتە کاری ئەم جۆرەیان بەتەواوەتی کارێکی بەرگریکارانەیە و بەشداری ناکات لە پرۆسەی هێرشبردندا. ئەم یاریزانە لە پێش هێلی بەرگرییەوە یاری دەکات، ئەرکەکانی تەنها تێکدانی هێرشی بەرامبەرە و خۆی ناتوانێت یاری دروست بکات بۆ تیپەکەی. بەڵام وەکوو وتمان لەبەرئەوەی خۆی توانای یاری دروستکردنی نییە، بۆیە ڕاهێنەر ناچار دەکات یاریزانێکیتر لە تەنیشتییەوە دابنێت کە بتوانێت ئیشەکەی بۆ تەواوبکات.
واتە بۆ ئەوەی کە ئەم تۆپەکەی ڕفاند، یاریزانێک لەگەڵیدا هەبێت کە ئەرکی گواستنەوەی تۆپەکەی لەکۆڵ بکاتەوە. نموونەش بۆ ئەم جۆرە کە دەتوانین بڵێین بە تەواوەتی دەچێتە خانەی ئەم جۆرە یاریزانانەوە (جینارۆ گاتوزۆیە). گاتوزۆ لە زمانی ڕآهێنەرەکەی ئەنشلۆتییەوە دەڵیت (ئەنشلۆتی هەمیشە پێم دەڵێت تۆ پیاوی چیای، هیچ نازانیت تەنها ئەوە نەبێت ڕابکەیت و تۆپەکە بڕفێنیت و یاری تیپی بەرامبەر تێکبدەی، ئەگینا بۆ هیچی تر باش نیت). هەروەها (ماسکیرانۆ و لاسنا دیارا)یش بە هەمان شێوەن.
٢- ( Holding midfielder، تۆپ هەڵگر) دەتوانین بڵیین ئەم یاریزانە لەڕوویەکەوە تەواوکەری ئیشی (یاریزانی تۆپ ڕفێنەر یان یاری ڕووخێنەرە) واتە هەر کە یاریزانی تۆپ ڕفێنەر تۆپەکەی ڕفاند ئەوا دەتوانێت بیدات بە ئەم یاریزانە.
بەڵام زیاد بوونی پسپۆڕ لە تۆپی پێدا، وایکردووە کاری ئەم یاریزانە بەرەو ئاراستەیەکی تر بچێت. لە ئێستادا کاری ئەم یاریزانە برتییە لە؛ یەکەم "کاتێک هەریەک لە یاریزانانی باڵی بەرگری چەپ یان باڵی ڕاست، سەربکەون بۆ یارمەتیدانی هێرشکردن، ئەوا ئەم یاریزانە لە پشتەوە دەمێنێتەوە و پاریزگاری ناوچەکەی دەکات، لەکاتی دروست بوونی هێرشی هەڵگەراوەدا، لەسەر تیپەکەی یاخود تاکوو گەڕانەوەی یاریزانی باڵی بەرگرییەکە"
دووەم ئەرکی ئەم یاریزانە "وەکوو ئاشکرایە لەبەر پێشکەوتنی تۆپی پێ و زیاد بوونی پالەپەستۆیه لەسەر هێلی بەرگری، کە وایلێهات ناوچەی بەرگری پێویستی بە یاریزانێک بێت کە تۆپەکان رزگار بکات و بیگەیەنێتە ناوچەی هێرشبردنەوە. ئەم کارەش ئەم جۆرە یاریزانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی، چونکە ناکرێت لە پرۆسەی گواستنەوەی تۆپ لە ناوچەی بەرگرییەوە بۆ ناوچەی هێرشبردن پشت بە یاریزاێک ببەسترێت کە لەڕووی هونەرییەوە توانای کەمە.
بۆیە ئەم جۆرە یاریزانە دانرا تا کاتێک یاریزانانی هێلی بەرگری دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆی تیپی بەرامبەرەوە، تۆپەکە خێرا ئاڵوگۆر بکەن لەگەڵ ئەم یاریزانەدا تاکوو ڕیگایەک دەدۆزنەوە لەگواستنەوەی تۆپکەدا بۆ ناوچەی هێرشبردن. هەر لێرەشەوە ناوەکەی دروست بوو کە مانای (hold) واتا هەڵگر دەدات. واتە تۆپکە هەڵدەگرێت لە هێلی ناوەڕستی بەرگریدا، تاکوو بە جوانی بیگوازێتەوە بۆ هێلێ هێرشبردن. نموونەی ئەم یاریزانانە زۆرن لە گرنگرتینیان؛ #مایکل کارێک و #گارێس باری
٣- (Deep lying play maker یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە) ئەمە هەر وەکوو بە ناوەکەیدا دیارە یاریزانی یاری دروستکەرە بەڵام لە پشتەوەی یاریگاکە یاری دەکات. واتا نزیکتر لە هێلی بەرگری خۆیان و دوورتر لە هێلی هێرشبردنەوە.
بۆ چی؟ چونکه ئەم یاریزانانە خۆیان لە سەرەتادا یاریزانی یارت دروستکەری ئاسایی بوون. واتە هیچ کێشەیەکیان نەبووە لە یاریکردندا لە سەروەی یاریگاوە. (مەبەستمان لە سەرەوەی یاریگا، نزیک هێلی هێرشبردنە، چونکە یاریگا بە نیسبەت هەر تیپێکەوە دەکرێتە دوو بەشەوە. بەشی سەرەوە کە بەشی هێرشبردنە و بەشی دواوە کە بەشی بەرگریکردنە.) "دەزانم ئەم شتانە دەزانن بەڵام هەر حەز دەکەم ڕوونی بکەمەوە، یەعنی قسە زۆر دەکەم، بە کوورتییەکەی "
بەڵام بە هۆی چوونە ناو تەمەنەوە ئەو یاریزانانە توانای ئەوەیان نامێنێت کە بەرگەی ڕیتمی خێرای سەرەوەی یاریگا بگرن و لیاقەیان زوو دائەبەزێت. لە هەمان کاتدا ئەم یاریزانانه ئەزموون و تەکنیکێکی بەهێزیان هەیە بۆیە لە ئەورپا بیریان لەوە کردەوە بۆ ئەوەی زیاتر سوود لەم یاریزانانە وەربگرن و هەر زوو بەسەر نەچن، جیگایەکی تازەیان بۆیان دۆزیەوە، لەناو یاریگادا. ئەویش ئەوەیه که ببنە ((Deep lying play maker یاخود یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە). بەڵام کێشەی ئەم یاریزانانە ئەوەیە کە هەمیشە یاریزانێکیتری دەوێت کە بیپارێزیت لە پاڵەپەستۆی تیپی بەرامبەر مەسەلەن #ئەلۆنسۆ ،خدێرە دەیپارێزێت، #پیرلۆ ، دەیپارێزن.) .لەگەڵ ئەویشدا تایبەتمەندییەکی گرنگیان ئەوەیە کە هەمیشە یاریزانێکی تیپی بەرامبەر ناچار دەکەن لە جیگای خۆی دەرچێت و بێت پاڵەپەستۆ بخاتە سەری.
چونکە ناکرێت بهێڵن ئەو یاریزانانە بە ئاسانی یاری بکەن، چوونکه پاسەکانیان زۆر ترسناکن.
بۆنموونە بیهێنە بەرچاوی خۆت کە ئەگەر پاڵەپەستۆ نەخرێتە سەر پیرلۆ و ئەڵۆنسۆ و لە دواوە بە ئازادی تۆپ بگوازنەوە بۆ سەرەوە، چی ڕوودەدات ؟!!
هەر بۆیە بینیمان کە "فێرگسۆن" لە یاری هاتنەوەیدا لە یاریگای ئۆلدترافۆرد (دانی وێلباکی) تەرخان کرد بۆ گرتنی ئەلۆنسۆ. بەمەش فێرگسۆن یاریزانێکی لەکیس چوو لە ڕووی هێرشبردنەوە و تەنها بەرگری دەکرد.
بە گشتی بەکارهێنانی ئەم یاریزانە سوودی زۆر دەبێت کاتێک بەرامبەر تیپێک یاری بکەیت کە زۆرتر بەرگری دەکەن. واتە بە سیستەمێکی بەرگریکارانه یاریت بەرامبەر بکەن. بۆیە کاتێک ئەم یاریزانە بەکار دەهێنیت، ئەوا تیپی بەرامبەر دەخەیتە بەردەم دوو هەڵبژاردنەوە، ئەویش ئەوەیە که؛ (ئەگەر پاڵەپەستۆ نەخاتە سەر ئەم یاریزانە، ئەوا ئەم یاریزانە بە ئازادی پاسی خەتەرناک دەگوازێتەوە بۆ سەرەوە ... ئەگەر پاڵەپەستۆش بخاتە سەری، ئەوا شوێنی ئەو یاریزانانەی کە لە هێلی بەگری خۆیاندا دێن و دەچن بۆش دەبێت. واتە لە پشتی خۆیانەوە بۆشایی زۆر بەجێدەمێنێت کە هەم دیسان تیپی بەرامبەر سوودی لێوەردەگرێت. ئیتر ڕاهێنەرەکە تیادەمێنێ و نازانێت چی بکات، چوونکە نەچێ هەر وەی و بچێ هەر وەی). وەکوو وتیشمان (لامپارد و پیرلۆ و ئەلۆنسۆ) نموونەی ئەم جۆرە یاریزانەن.
٤- (box to box ،سندوق بۆ سندوق) ئەم جۆرەیان چییە؟
ئەم جۆرە یاریزانانە بەلای منەوە جەنگاوەری نەناسراون لە یاریدا و ئەرکێکی زۆریان لەسەرە.
یەکەم مەرج بۆ ئەم یاریزانە ئەوەیە کە توانایەکی جەستەیی باشی هەبێت. واتە یان کەتە و چوار شانە بێت یان ئەوەتا زۆر سووکوسۆل و تیژڕەو بێت و لەهەمان کاتیشدا جێڕ بێت و بە ئاسانی یاریزانی بەرامبەر لێی دەرباز نەبێت و بەئاسانی تۆپی لێوەرنەگرن. ئەم جۆرە، هەر وەک بە ناوەکەیدا دیارە، ئەرکی ئەوەیە لە ناوچەی سندوقی بەرگری خۆیانەوە (منطقە جزاء) تاوەکوو ناوچەی سندوقی بەرگری بەرامبەر یاری بکات. هەڵبەت ئەم جۆرە یاریزانانه زۆر کەم بوونەتەوە لە یاریگادا و لەئێستادا بە کەمی دەیانبینین. ئەرکی ئەم یاریزانە؛
یەکەم"پاراستنی یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوەیە، لە کاتێکدا کە یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە، کەوتە ژێڕ پاڵەپستۆە، دەتوانێت تۆپکە بە ئەم بدات".
دووەم ئەرک ئەوەیە کە (ئەم یاریزانانی توانایەکی وایان هەیە کاتێک تۆپ لە ناوچەی بەرگری خۆیان دەبچڕن، بە تایبەتی لە ناوچەی پەناڵتی، ئەوا ئەم یاریزانە دەتوانێت زۆر سووک و خێرا بیگوازێتەوە بۆ ناوچەی هێرشبردن).
سێەم ئەرکیان (ناوچەی هێلی ناوە ڕاستی پێشەوەیە، واتە هێرشبردن. کاتێک یاریزانی یاری دروستکەری پێشەوە بەشداری هێرشبردن دەکات، ئەم ناوچەکەی دەپارێزیت لەگەڵ پاراستنی جیگای یاریزانی باڵەکانی هێلی ناوەرست، چ چەپ و چ راست). بە کوورتی ئەم یاریزانانە توانایەکی زۆر گەورەیان هەیە لە ئەنجامدانی ئەرکی بەرگریکردن و ئەرکی هێرشکردن لەیەک کاتدا... نموونەشمان بۆ ئەم جۆرە یاریزانانە (ڕامیرێز، ئیسیان، میریلش و خدێرە)یە. هەربۆیە ئەو ڕاهێنەرەی ئەم جۆرە یاریزانانەی هەبێت بەختی زۆر باشە.
٥- (یاریزانی ژمارە ٥) لەڕاستیدا ئەم جۆرەیان من زۆر زانیاریم لەسەر نییە و ناتوانم بەتەواوەتی باسی بکەم بەڵام دەزانم کە ئەم جۆرە زۆر ژیرن و دەتوانن زۆر بە ئاقلانە لە نێو هێلی ناوەرشتدا بسوڕێنەوە و له کاتی پێویستدا خێرایی بەکاربهێنن و لە کاتی پێویسستدا یارییەكە هێور بکەنەوە. پێم وابێت ئەم جۆرە لە تۆپی پێی نوێدا ئاسەواری نەماوە بەڵام بۆ پێشتر دەکرێت (ڕێدۆندۆ) بکەینە ئەم قاڵبەوە.
ئەوەندەمان قسە هەبوو لەسەر تەوەری ناوەڕاست، دەخوازم سەرتانم نەهێنابێتە ئێش و بەهیوای خوێندنەوەیەکی خۆش ...
———
Back