شیکاری تاکتیکی: تـۆتــنهــام لە وەرزی 2012-2013
15/08/2013 15:42
سەرەتای ئەم وەرزە بۆ تۆتنهام هەندێک قورس بوو، لەلایەکەوە ڕاهێنەرەی گۆڕی (فێلاش بواش هات و هاری ڕێدناب دەڕچوو) ، لەلایەکیترەوە لۆکا مۆدرێچ ڕووی کردە یانەی ڕیاڵ مەدرید و (ئەگەر هەڵە نەبم هەر لەم وەرزەدا ڤاندەر ڤارت دەرچوو ؟ وایە هاوڕێیان؟).
بەهەرحاڵ دەرچوون مۆدرێچ گورزێکی گەورە بوو بۆ فیلاش بواش، بۆچی گورزێکی گەورە بوو؟ ، دەتوانین لە ڕێگای ئەم پرسیارەوە بچینە نێو تاکتیکی ئەم وەرزەی تۆتنهام...فەرموون
-فیلاش بواش یەکێکە لەو ڕاهێنەرانەی کە زیاتر حەزی لە یاری کردنە بە پلانی (٤-٣-٣)، بەڵام ئەم پلانە پێویستی بە یاریزانێکی یاری دروستکەری(playmaker) داهێنەرە لە هێڵی ناوەڕستدا. لە تۆتنهامیشدا لە دوای دەرچوونی مۆدرێچ و ڤان دەرڤارت، ئەو جۆرە یاریزانە داهێنەرە بوونی نەما...
ئەمە وای کرد بواش پەنا بەرێتە بەر پلانێکیتر کە ئەویش (٤-٢-٣-١) بوو... باشە،ئەمە وای کرد کە شێوازی یاری کردنی تۆتنهام بە شێوەیەکی ستونی بێت واتا بە درێژای یاریگا بێت.
هەروەها پشتی بە دروست کردنی پاڵە پەستۆی بەرز بەست ( بەڕێزان سیستەمی پاڵەپەستۆ سیستەمێکە هەموو یانەکان پەیڕەوەی دەکەن لە کاتی لە دەستدانی تۆپدا،ئەم سیستەمە چەند جۆرێکی هەیە کە دەبێت لە بابەتێکی تایبەتدا باسی بکەم ،بەڵام لە ئێستادا ئەوەندە دەڵێم کە . دەکرێت سیستەمی پاڵە پەستۆ بکەینە سێ بەشەوە
(١-پاڵە پەستۆی بەرز، واتا تیپەکە لە نزیک هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەرەوە دەست دەکات بە دروست کردنی پاڵەپەستۆ لە پێناوی بەدەست هێنانەوەی تۆپکە. ٢- سیستەمی پاڵەپەستۆی مامناوەند کە تیپەکە لە هێلی ناوەڕاستەوە پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر تیپی بەرامبەر،٣- سیستەمی پاڵەپەستۆی نزم کە تیپەکە لە نزیک ناوچەی بەرگری خۆیەوە پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر تیپی بەرامبەر)...
با بگەڕیینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان، تۆتنهام یەکەم جۆر سیستەمی بەکار هێنا، واتا پاڵەپەستۆی بەرز، بۆ ئەوەی بۆشای نێوان هێلەکانی بەرگری و ناوەڕاست و هێرشبردن کەم بکاتەوەو بتوانێت زوو تۆپەکە بگەڕێنێتەوە بۆ لای خۆی.
وەلێ لە پلانی (٤-٢-٣-١) هەردوو یاریزانی تەوەری ناوەڕاست (موسا دێمبلێ و ساندرۆ) ناچار بوون زیاتر پەیوەست بن بە ئەرکی بەرگریکردنەوە، لەهەمان کاتدا (کلینت دیمبسی) وەکوو یاریزانی یارمەتیدەری هێرشبەر(support striker ) لە پشتی (جێرمان دیفۆ) یاری دەکرد....هەروەها فەرمانی بواش بۆ گاریس بێل و ئارون لینۆن ئەوە بوو کە بەشیوەیەکی پێچەوانە لە باڵەکانەوە بجوڵێنەوە بۆ ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر، ئەمەش وایکرد تۆتنهام بە شێوەیەکی سەرکی پشت بە دوو شت ببەستێت لە دروست کردنی هێرشدا.
یەکەم گواستەنەوە تۆپ لەلایەن دێمبسیەوە بەشیوەی (دڕبڵ،دیسان ووشەی دڕبڵمان بەکار هێنا ،یەکێک پێمان بڵێت چێ پێدەڵین بە کوردی تکایە)
دووەم پشت بەستن بوو بە خێرای (لینۆن و بێل).
فیلاش بواش لە ڕیگای ئەو کارە تاکتیکیانەی کە لەگەل (لینۆن ،بێل،دیمبسی) کردی، دەیوست چارەسەری یەک کێشە بکات، ئەویش نەبوونی یاریزانی یاری دروستکەری داهێنەر بوو لە هێڵی ناوەڕستدا.
-لەگەڵ ئەوەشدا هەروەک وتوومانە هەموو تاکتیکێک کەمووکوورتی خۆی هەیە، بۆیە بابزانێن ئەو کەموکووڕیانەی لە تاکتیکی بواشدا هەبوو، چی بوون؟
-یەکەم :لەو خاڵە لاوازانەی لە تاکتیکی بواشدا هەبوون، ئەوە بوو لە ئەنجامی جوڵانەوەی دیمبسی و لینۆن و گاریس بێل بۆ چەقی یاریگا وای کرد کە باڵەکانی تۆتنهام بێ پارێزگاری بمێننەوە، هەمیشە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی تیپی بەرامبەر هێرشی هەڵگەڕاوەی تێدا دروست بکات.
دووەم خاڵ :لەبەر ئەوەی(دیمبسی و لینۆن و گاریس بێل) بەشێوەی پێچەوانە دەجوڵانەوە بۆ هێڵی ناوەڕاست ئەمە وای دەکرد کە کۆمەڵێک یاریزانی زۆر لە نزیک گۆڵی بەرامبەر و لە ناوەڕستی یاریگادا کۆ ببنەوە، کە هەندێک جار ژمارەیان دەگەیشتە (٥ بۆ ٦) یاریزان،ئەمەش دەبووە هۆکاری بچوکە بوونەوەی ئەو ناوچەی کە تۆتنهام هێرشی تێدا دەبرد.
سێەم- هەروەکوو لەسەرەتادا باسمان کرد، کە تۆتنهام پشتی پەسیستەمی پاڵەپستۆی بەرز بەستبوو.
یەکێک لە مەرچەکانی پاڵەپەستۆی بەرز ئەوەیە کە ماوەی نێوان یاریزانی هێرشبەر و دواین بەرگریکار (لەهەمان تیپ) تەنها ٢٥م بێت.
ئەمەش وادەکات کە بۆشاییەکی زۆر بمێنێتەوە لە پشتی هێلی بەرگری، کێشەی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە بەکارهێنانی زۆر ترسناکە لەبەردەم ئەو تیپانەی کە باڵی هێرشبردنیان زۆر خێرایە، وە لەبەر ئەوەی خولی ئنگلیزی بە هێلانەی ئەو جۆرە یاریزانانە دادەنرێت ئەوا پلانێکی زۆر ژیرانە نەبوو بۆ تۆتنهام، چونکە هەر تۆپێکی درێژ بۆ پشتی هێڵی بەرگری لەگەڵ ئەو هەموو بۆشاییەی لە پشتەوە هەیە، کۆی یاریزانێكی هێرش بەری خێرای تیپی بەرامبە، یەکسانە بە گۆڵێکی زۆر جوان .
تۆتنهام و وەرزی نوێ
-من پێم وابێت لەگەڵ هەبوونی ئەم دوو یاریزانە، (تۆم هادلستۆن و لویس هۆلتبی). هەروها بەهۆی نزیک بوونەوەی دەرچونی گاریس بێل، بواش پەنا دەباتە بەر پلانی (٤-٣-٣)، یاخود هەر لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەو پلانە دەکات.کە تێیدا "هادلستۆن" وەکوو یاریزانی تۆپ هەڵگری پشتەوە یاری دەکات، و لەبەردەم ئەم یاریزانەوە "دێمبلی و لویس هۆلتبی" یاری دەکەن و ڕەنگە ڕۆڵی تۆپ ڕزگارکەر ببینن. ئەم پلانە لەگەڵ بوونی ئەو یاریزانانەی کە باسم کرد دەتوانێت کۆنترۆڵی پاڵەپەستۆ بکات لە هێڵی ناوەڕاستدا.
هەروەها دەتوانێت بە هاتنەوەی پارکەر و یاریکردنی بەشێوەیەکی بەردەوام هێزی ناوەڕاستیان زیاتر بێت لە ڕووی یاریکردن بە تۆپ...
گاریس بێل و دەرچوونی
-من زۆر بە کورتی دەڵێم، ئەگەر سوارێز نەتوانێت لیڤەرپوڵ بباتە یەکیک لە پاڵەوانێتێکانی ئەوروپا،ئەگەر تۆتی نەیتوانیبێت چەند ساڵە جامێک بباتەوە بۆ ڕۆما (لەگەڵ ڕێزم بۆ مێژووی تۆتی ،بۆ من ئەو پاشای ڕۆمایە)، ئەوا دڵنیام یاریزانێک ناتوانێت زۆر لە شیوەی یانەیەک بگۆڕێت.
ڕٶیشتین بێل ڕەنگە باش نەبێت بۆ تۆتنهام، وە ڕەنگە باشیش بێت... بەلام ئەوەی من دەیزانم، بواش خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ تۆتنهامی دوای بێل چونکە (٤-٣-٣) لە ئێستادا زۆر نزیکە لە شێوەی تۆتنهام.
هەر ئەوەنەم باس و خواسم هەبوو لەسەر تۆتنهام ...بیرتان نەچێت (چا)یەکی پیاکەن دوای ئەوە
———
Back