شیکاری تاکتیکی: ئایا خێرایی چەند گرنگە لە سەردەمی نوێی تۆپی پێدا
28/08/2013 18:22-لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئاشکرا و ڕوونە کە (خێرای-speed ) یەکێکە لە گرنگترین ئۆرگانەکانی یاریی تۆپی پێ. بۆ نمونە ئەگەر ئێمە تەماشای خولەکانی ئەروپا بکەین دەبینین هەموو وەرزێک کۆمەڵیک یاریزانی لاوی تازە پێگەیشتوی پڕ لە وزە و توانای جەستەیی بەرز، بە توندی خۆیان دەسەپێنن بەسەر یانەکاندا.
سەردەمی ئێستا بریتیە لەو سەردەمی کە هەموو یانەکان هەمیشە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن سەرنج ڕاکێشترین و چێژبەخشترین یاریی پێشکەش بکەن، بێگومان ئەمەش بە پێچەوانەی دە یان بیست ساڵی ڕابردووە کە گەمەکە تەنها پشتی بە هێز و توانای جەسەتی دەبەست و بردنەوەی تەنها بۆ بە دەست هێنانی نازناو بوو یان وەکوو ساکی دەڵیت (مەبەست لە بردنەوە تەنها بردنەوە بوو). وە بۆ ئەنجامدانی ئەم شێوازی یاریی کردنە چێژبەخشە هەمیشە پێویستیت بە خاسیەتێکی زۆر گرنگە کە ئەویش وەکوو وتمان (خێراییە) بۆیە دەبینی زۆربەی یانەکانی وەکوو (ریاڵ مەدرید-چێڵسی-بەرشەلۆنا-دۆرتمۆند) هەمیشە بە دوای ئەو جۆرە یاریزانانە دەگەڕین کە خاوەن خاسیەتی (خێرای)ین.
- نمونەیەکی بچوکی ئەوە باسەی سەرەوەمان بریتیە لە یاریزانی لاوی ئەڵمانی (ماریۆ گۆتزە) کە تەنانەت هێشتا تەمەنی نەگەیشتوەتە (٢١ساڵ)، گۆتزە لە کۆتای وەرزی ڕابردوو ڕووی کردنە یانەی بایرن میونخ.. هەروەها شانبەشانی گۆتزە چەند یاریزانێکی دیکە دەبینی لەم وەرزەدا شەڕێکی زۆریان لەسەر کراوە و ڕویان کردوەتە چەند یانەیەکی خاوەن پێگە لە ئەورپادا. لەوانە (کیڤن دی بۆر- شۆرلە،نیمار،بێل). ئاشکرایە ئەم یاریزانانە خاسیەتی (خێرای و کردنەوەی یاریگا لەسەر پانی) دەدەن بە یانەکان و دەتوانن لە چەندین جێگای یاریگا یاریی بکەن و هەروەها دەتوانن هەستن بە ئەنجامدانی چەند رۆڵێکی جیاواز و جێبەجێ کردنی چەند ئەرکێکی تاکتیکی جیاواز لە میانەی یارێیکاندا. ئەمەش واتا پێدانی هەڵبژاردنی زیاتر بە ڕاهێنەر.
-لەلایەکی دیکەوە و دوور لەو جۆرە یاریزانانەی کە باسمان کرد، جۆڕیکی دیکەی یاریزان هەیە کە بەشێوەیکی دیکە و زۆر جیاواز دەتوانن تام و جێژ ببەخشن بە تۆپی پێ. مەبەست لەو جۆرە یاریزانەیە کە خاوەن هونەر و تاکتیکی یاریی کردنی تایبەتە، لەگەڵ ئەویشدا هێمنی و لەسەر خۆییەکی ئیجگار بەهێزی هەیە کە وای لێدەکات بە جوانی کۆنترۆڵی تۆپ بکات، هەمیشە جێگای خۆی بزانێت لە ناو یاریگادا. بۆ نمونە دەکرێت یاریزانێکی تەوەری هێلی ناوەڕاستت هەبیت کە دەتوانێت زۆر بە جوانی یاریگا ببینێت و تۆپ دابەش بکات بە ناو کەناڵەکانی یاریگادا،یاخود جۆرێکی دیکە هەیە کە توانایەکی بەرزی هەیە لە کاری بەرگری کردن و خۆخشاندن و بڕینی تۆپ و دووبارە دروست کردنەوەی هێڕش، نمونە بۆ ئەم جۆرەی کە باسی دەکەم (پیرۆلۆ-ستیڤن جێرارد-ئۆبی میکێل-مایکل ئیسیان-خاڤی ئەلۆنسۆ-هێڕناندێز) ئەمانەش ئەو یاریزانەن کە خاوەن ئەزموونن و لەتەمەندا گەورەن، جگە لەمانەش هەندێک یاریزانی لاوی دیکەش هەیە کە دەتوانن هەمان ڕۆل و هەمان ئەرک ئەنجام بدەن وەکوو(ڤێراتی-پۆل بۆگبا-مۆدرێچ-پاولینهۆ-تۆنی کرۆس-چارڵی ئادەم) ئەم جۆرە یاریزانانە دینامیکەیتێکی زیاتریان هێنایە ناو یارێکەوە، بە جۆرێک لە سەردەمی نوێدا تەنها بە تەماشا کردنی یاریزانەکانی تەوەری ناوەراستی هەر تیپێک دەتوانی دەست نیشانی ئەوە بکەی کە ئەو یانەیە تاکو جەند پێکهاتەیکی هاوسەنگ و سەقامگیری هەیە. وە ئایا تا جەند ئەو تیپە لە ڕووی بەرگری کردن یان هێڕشبردن بە هێزە.
پلانی (٤-٢-٣-١) و کاریگەرێکانی لەسەر سەردەمی نوێی تۆپی پێ
-لە ئێستادا پلانی (٤-٢-٣-١) پلانی مۆدەیە لە هەموو ئەروپا و جیهاندا، پلانێکە کە زۆربەی تیپ و یانەکان پەیرەوەی دەکەن. وە ئەگەر ئێمە تەماشای سەرەوەی هێلی ناوەڕاستی ئەم پلانە بکەین ئەوا دەبینین لە سێ یاریزان پێکدێت کە لە ژێرەوە هێڕشبەرەکە یاریی دەکەن، هاوکات لە پشتەوەی ئەم سێ یاریزانە، دوو یاریزانی تەوەری ناوەڕاست ئامادەیە. ئەم دوو یاریزانە بریتین لە تەوەرەکانی هێڵی ناوەراست، ئێمەش باسی ئەوەمان کرد کە هەمیشە تەوەرەکانی ناوەڕاست خاوەن تەماشاکردنێکی ووردن بۆ یاریگا و توانای بەرگری کردنیان باشە و هەروەها ئەرکیان ئەوەیە ڕیتمی یاریی یانەکە ڕابگرن لە پشتەوە. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە پێشەوەی ئەم دوو یاریزانی تەوەری ناوەڕاست ئێمە هەمیشە پێویستیمان بەوەیە کە خێرای و بیرۆکەی هێڕشبردنمان هەبیت، لێرەوە زۆربەی راهێنەرەکانی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدان کە هەمیشە ئەم سێ یایرزانەی سەرەوە خاوەن خێرای بەرز و ڕیتمی توند بن. بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروست بکەن لە نێوان هێز و توانای تەوەرکانی ناوەڕاست و خێرای و ڕیتمی بەرزی سێ یاریزانەکەی هێلی سەرەوە.
ئەڵمانیا وەکوو نمونەی خێرایی
-لە جێگایەکی دیکە جیهان و بە دیاریکراوەیی لە ئەڵمانی، لە سەردەمی نوێیدا هەڵبژاردەی مانشافت گۆڕانکاریەکی گەوەری بە خۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەگەڵ دەستبەکار بوونی (یواکیم لۆڤ). ئەتوانین ئەڵمانیا پێش یواکیم لۆڤ و لە١٥ ساڵی ڕابردوودا وەکوو (دەبابە)یەک پێناسە بکەین. بەڵام دوای هاتنی یواکیم لۆڤ، ئەڵمانیا بوو بە(ئامێرێکی مۆسیقای)جوان. مەبەستم لەم وەسف کردنە ئەوەیە کە ، پێش ١٠ یان ١٥ یان ٢٠ ساڵ، ئەڵمانیا هەمیشە پەشتی بە توانای جەستەی و یاریزانی خاوەن باز و مەچەک و قاچی درێژ بەستووە و هەمیشە بیرۆکەی یاریی کردنی بریتی بوو لە (کوشتن وبەدەست هێنان) واتا تیپێک بوون تەنها پشتیان دەبەست بە توانای جەستەیی کۆی پابەند بوونی تاکتیکی، بەڵام لە سەردەمی یواکیم لۆڤدا ئەم شتە گۆڕانکاری بەسەردا هات، بینیمان کە ئەڵمانیا تیپێکی دروست کرد کە خاوەن توانایەکی هونەری بەرز و فکرێکی تاکتیکی بەهێزن، جگە لەمەش ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە لە ئەڵمانیای ئێستادا ئەوەیە کە یاریزانەکانی خاوەن مرونەتێکی تاکتیکی زۆر زۆرن بە جۆرێک کە زۆربەی یاریزانەکانی دەتوانن لە چەند جیگای جیاواز و لە ژێر چەندین ئەرکی جیاوازدا یاریی بکەن. بۆنمونە لەم ماوەیدا سەرژمیریەکی زۆر سەرنج ڕاکێشم خوێندەوە دەربارەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە جامی جیهانی (١٩٩٠)، سەرژمێرێکە لەسەر تەمەنی یاریزانەکانی ئەڵمانیا بوو کە تێدا تەمەنی گشتی یاریزانەکان بریتی بووە لە (٢٧)ساڵ وە ٦ لە یاریزانەکانی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکە تەمەنیان (٢٩) ساڵ بووە، ئەگەر ئێمە ئەم سەرژمیریە بەراورد بکەین بە تەمەنی یاریزانەکانی ئێستای ئەڵمانیا و بەتایبەتی دوای ئەوەی یواکیم لۆڤ،مایکل بالاکی دوور کردوە لە هەڵبژاردەکە، دەبینی کە تەمەنی یاریزانەکانی ئەڵمانیا زۆر بچوکە لە چاو ئەو کاتەدا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە ئەقڵیەتی تۆپی پێ لە سەردەمی نوێی ئەروپا ( توانای هونەری و خێرای بەرز دەسەپێنێت بەسەر توانای جەسەتەیی و ئەزموون).
-لە هەمان کاتدا من دەمەوێت نمونەیەکی دیکەتان پێبدەن و زۆر بە کورتی، ئەگەر ئێمە سەیری هەڵبژاردەی ئسپانیا بکەین کە جامی جیهانی ٢٠١٠ی بردوە دەبینی کە زۆربەری یاریزانەکانی خاوەن جولەی قورس و خێرای زۆر لاوز بوون، وە هەرگیز ئسپانیا خاوەن خێراترین هەڵبژاردە نەبوو لەو پاڵەوانێتیەدا، وە ئەگەر تەماشای ئەو یاریزانانە بکەین کە لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون ئەوا ناوی هەریەک لە (بۆسکێتس-ئینێستا-خاڤی هێرناندیز-چاڤی ئەڵۆنسۆ-داڤید سێلڤا-فابریگاس)، وە بێگومان تەنها جولەی هەریەک لەم یاریزانانە بهێنینە پێش چاوی خۆمان ئەوا دەبینی کە یاریزانی جوڵە قورس و خێرای لاوازن.
لێرەوە و بە کورتی و بو کوردی دەمەوێت بڵێم، خێرای تەنها یەکێکە لە ئۆرگانە بەهێز و کاریگەرەکانی تۆپی پێ لەم سەردەمەدا و ناکرێت بکرێتە پرینسیپێک و تەواو پشتی پێببەسترێت. ڕاستە یاریزانە لاوەکان خاوەن تایبەندمەندی زیاترن و دەتوانن کە هەڵبژاردنی زیاتر بدەن بە ڕاهێنەر، هەروەها دەتوانن کە ئەرکی جیاواز و رۆڵی جیاواز بگێرن، بەڵام هەمیشە ئەم یاریزانانە پێویستیان بە یاریزانی خاوەن ئەزموون و دانا هەیە بۆ ئەوەی لە ناو یاریگا یارمەتیان بدات و کەم و کورتێکانیان چارەسەر بکات.
لیرەشەوە دەڵیم بەهێزی هەموو تیپێک لەوەدایە کۆمەڵێک یاریزانی تێیدا بێت کە (لە سیفات و شێواز وتایبەندمەندیدا جیاواز بن،تاکوو یەکتر کامڵ بکەن و کەم و کورتی یەکتر پڕ بکەنەوە.).
———
Back