شیکاری تاکتیکی:چێڵسی لە وەرزی 2012-2013

15/08/2013 13:49

نوسینی/بڵند فاتیح

- ئەتوانم بڵێم کە چێڵسی لەژیر دەستی ڕاهێنەری ئیسپانی ڕافائیل بنیتیزدا توانی سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنێت چ لە خولی نایابی ئینگلیزیدا بێت یاخود لە پاڵەوانێتی خولی ئەورپادا. بگرە لە کێبڕکێکانی جامی ئنگلتەراشدا توانی بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین. بۆیە دەتوانین بڵێین بنیتیز سەرکەوتوو بوو لە کارەکەیدا، ئەەمه سەرەڕای ئەو هەموو گرژی و ئاڵۆزییەی کە دەوروبەری تەنی بوو. چ لەو ڕووەوە بێت کە هاندەرانی یانەکە، هەموو یارییەک، هوتاف و قسەی ناشریناین پێدەکرد یاخود لەڕووی دەستەکی کارگێری و سەرۆکی یانەکەوە کە هەر لە سەرەتاوە بە ڕاهێنەرێکی کاتی دایانمەزراند بەڵام توانی نازناوێک بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت و وا لە هاندەرانی یانەکە بکات کە لە دوا یاری خولی ئنگلتەرادا لافیتەیەک بڵاوبکەنەوە و لەسەری بڵێن "سوپاس ڕافا". ئێستاش فەرموون با بچنە نێو بابەتەکەوە؛


* چێڵسی و سەردەمی دی ماسیۆ لەم وەرزەدا

- سەرەتا پێویستە باسی تاکتیکی دی ماسیۆ بکەین لەم وەرزەدا کە چۆن یاری کرد. (لەگەڵ ڕێز و دەست خۆشیم بۆ دی ماسیۆ، که لە وەرزی ڕابردوودا بوو بە پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ بەڵآم ئێمە باسی ئەم وەرزەی دەکەین). لەم وەرزەدا دی ماسیۆ لەگەڵ چێڵسی لە زۆربەی یارییەکاندا پلانی (٤-٢-٣-١)ی پەیڕەو کرد. کە لەو پلانەدا (ماتا و هازارد و ئۆسکار) لە ‌هێڵی ناوەڕاستدا یاریان دەکرد و تۆرێس لەسەرەوە وەکوو تاکە هێرشبەرێک دانرابوو. ئەم پلانە لەسەرەتادا بەڕاستی جوان کاری خۆی ئەنجامدا و چێڵسی لە هێرشبردندا ئازادییەکی زۆری پێوە دیار بوو، کە وەکوو بینیمان توانی لە یارییەکانی سەرەتای خولی ئینگلیزیدا گۆڵێکی زۆر تۆمار بکات و نمایشێکی قەشەنگ پێشکەش بکات. لەوانەشە دی ماسیۆ پێی وا بووبێت کە تەنها ئەم جۆرە پلانە دەتوانێت هێزێکی وەها مەزن بە چێلسی بدات لە کاتی هێرشبردندا. لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەدا کە دی ماسیۆ لەسەر کورسی یەدەگ بوو. دەکرێت بڵێین ئەوە تەنها تاکتیک بوو کە دەیتوانی (ماتا و هازارد و ئۆسکار) پێکەوە کۆ بکاتەوە، لە ناو یاریگادا. بەڵآم ئەم بارە لەبارەی چیڵسی زۆری نەخایاند. بەڵکوو تا ئەو کاته بوو که تیپەکانی بەرامبەر توانیان خاڵە لاوازەکانی ئەم پلانە بزانن و کاری لەسەر بکەن.


ئایا هۆکارەکان چی بوون؟

١- پلانی (٤-٢-٣-١) باڵەکانی بەرگری چیڵیسی زۆر لاواز دەکرد، لە کاتی بەرگری کردندا. چونکە وەک دەزانین کاتێک باڵەکانی هێڵی ناوەڕآستت توانای هێرشبردنیان زۆرە، ئەوا دەبێت باڵەکانی بەرگریت بەشێوەیەک لە شێوەکان بپارێزیت. هەر ئەم هۆکارەش بوو وای کرد چێڵسی دوو گۆڵی خێرای لێبکرێت بەرامبەر مان یونایتد. کە هۆکاری هەردوو گۆڵەکە باڵەکان بوو.

٢- دەتوانین زۆر بە سادەیی بڵێین باڵەکان بۆشاییان زۆر تێدا دروست بوو، کە وای دەکرد تیپەکانی بەرامبەر بە ئاسانی بتوانن لەوێێوە دزە بکەن.

٣-هێڵی ناوەڕاست واتا (ماتا و ئۆسکار وهازارد)، فەرمانی هێرشبردنیان پێ سپێردرا بوو، لە لایەن دی ماسیۆوە، بۆیە یارمەتی هێڵی بەرگریان کەم دەدا و زیاتر لە حاڵەتی هێڕشبردندا دەمانەوە. جگە لەوە، ئەم سێ یاریزانە زیاتر سیفەتی هێرشبردنیان هەیە و ناتوانن زۆر پەیوەست بن بە ئەرکی بەرگری کردنەوە. هەرچەندە ماتا هەندێک باشترە و زیاتر توانای بەرگری هەیە.

٤-هێڵی تەوەرەی ناوەڕاستی چێڵسی لە کاتی دی ماسیودا بابەتێکە بۆ خۆی. کە بە ڕاستی کاتێکی زۆر دەبات بۆ باسکردنی بەڵآم تەنها ئەوەندە لە بارەیەوە دەڵێم کە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئەم هێڵە ئەوەیە؛ کاتێک تیپەکە تۆپ لە دەست دەدات، دەبێت ئەم هێلە بە توندی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر هێلی ناوەڕآستی تیپی بەرامبەر، تاکوو تۆپەکە بگەرێنێتەوە بەڵآم ئەو کاتە ئەو هێڵە ئەم کارەی بە تەواوەتی نەدەکرد که کێشەیەکی گەورە بوو بۆ چێڵسیی. لە سەردەمی دیماسیۆدا ئەم هێلە بریتی بوو لە ڕامیرێز و ئۆبی میکێل، کە ئەم دووانە لە دوو سەرەوە کێشەیان هەبوو ... یەکەم: بەڕاستی ئەم دووانە بە ئاسانی نەیان دەتوانی رۆڵەکان بگێرن و هەمیشە بۆشاییەکی زۆر لە نێوانیاندا دروست دەبوو. دووەم: (ماتا و هازارد و ئۆسکار) کاتێک لەسەرەوە یاریان دەکرد، ڕۆڵی بەرگریان نەبوو، وەک باسمان کرد ئەمەش وای دەکرد هەرچی کاتێک تۆپیان لێببچڕێت یەکڕاست تیپی بەرامبەر تەنها ڕووبەرووی دوو یاریزان دەبوونەوە، لە هێڵی ناوەڕاستدا، کە ئەوانیش (ئۆبی میکێل و ڕامیرێز بوون).



* چێڵسی لە سەردەمی ڕافائیل بینتێزدا

- چیڵسی لەگەڵ بینیتێزدا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هات و تاکتیکێکی جیاوازی گرتە بەر کە ئەویش (٤-٤-١-١) بوو. ئەم پلانە ئەوە دەگەیەنێت کە رافا بڕیایریدا (ماتا و ئۆسکار و هازارد) بەتەنیا دانەنێت لە هێڵی ناوەڕاستدا، بەڵکوو (ڤیکتۆر موزیسی)شی بۆ زیاد کرد کە یاریزانی باڵی هێڵی ناوەڕاستە چ لای ڕاست چ لای چەپ و دەتوانین بە یاریزانی باڵ(جناح) بەتەواوەتی ناوی بهنێن... دیارە مۆزێس لەگەڵ بینیتێزدا زیاتر خۆی دۆزیەوە و توانی زیاتر بەشداری یاریکان بکات و پێم وابێت ئاستێکی باشی پێشکەش کرد. ئەو خاسێتەی کە وای لە رافا کرد کە مۆزیس بکات بە یاریزانی سەرەکی، ئەوە بوو کە ئەو یاریزانێكە زیاتر بە درێژایی یاریگا یاری دەکات و دەتوانێت لە باڵەکانەوە یاری دروست بکات و کەمتر دێتە ژوورەوە، بۆ ناوەوەی یاریگا. واتە زیاتر لە تەنیشتەکانەوە یاری دەکات. هەروەها ئەم سیفەتە ناوازەیەی مۆزیس دوو هەڵبژاردنی تری بۆ هێلی ناوەڕاستی چێڵسی دروست کرد. ئەوانیش بریتین لەوەی که (هازارد زیاتر پەیوەست بوو بە باڵی لای تەنیشتەوە و هەموو یاریيەکەی لەو باڵەوە دەکرد، ئەمەش بە پێچەوانەی سەردەمی دی ماسیۆوە بوو کە هازارد زیاتر بەشێوەیەک یاری دەکرد کە هەمیشە لە نیوان باڵی چەپ و ڕاستدا بجوڵێتەوە. هەروەها ماتا لە یاریزانی هێرشبەر نزیکتر بووەوە. جا ئەگەر تۆرێس بووبێت یان دیمبابا. واتە لەناو یاریگادا لە ژێر یاریزانی هێرشبەرەوە بوو، لە هەمان کاتدا لە سەرەوەی هازاردەوە بوو. که ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیف بوو بۆ ماتا و هازارد پێکەوە، چونکە هەر پاڵەپەستۆیەک لەسەر یەکێکیان دروست بووبێت ئەوا ئەویتریان دەبووە رزگارکەر بۆ تۆپەکە).

لێرەوە تێگەیشتین کە یارییەکانی چێڵسی لە ژێر دەستی رافا بینیتێزدا بەشیوەیەکی زۆر گواسترایەوە بۆ دەستی چەپی یاریگا، کە ئەمە بە پێچەوانەی سەردەمی دی ماسیۆوە بووە کە یاری لە سەر پانتایی یاریگاکە دەکرد. ئەمەش خراپ بوو چونکە چێلسی هەرچەندە یاریزانەکانی هێلی بەرگری و هێڵی ناوەڕاستی بەرگری بە ناو یاریزانی ئەستێرەن و وە منیش دەڵیم کە یاریزانی بەتوانان بەڵام بەداخەوە لە چێلسیدا لە ژێر سیستەمێکی گشتگیردا یاری ناکرێت چونکە هەر یاریزانێک سیفەتەکانی جیاوازە لاویتر بۆیە ناکرێت لەسەر ئەم بنەمایە بەو یاریزانانە یاری لەسەر پانتای یاریگاکە بکەی بەڵکوو ڕێک وەکوو ئەوەی کە ڕافا کردی دەبێت هێزی هێرش بردنی تیپەکە لە باڵێکدا کۆبکەیتەوە بۆ ئەوەی تیپەکە پەرشوبڵاو نەبێتەوە. من هەوڵدەدەم بە نموونەیەک ڕوونتری بکەمەوە؛ (ئەگەر تۆ ویستت دیوارێک بڕووخێنیت بە کەرستەیەک کە هێزێکی زۆری نەبێت، یەک رێگا هەیه دەبێت بیکەیت، ئەویش ئەوەیه که بە بەردەوامی بکێیشت بە یەک خاڵی دیاریکراوی دیوارەکەدا، ئەگینا ئەگەر هەر لێدانێکت بۆ جێگایەک بێت، ئەوا دیوارەکە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و ئەو لێدانه پەرتوبڵاوانه، نایڕووخێنێت. واته ڕیک هەمان ئەم ڕێگایە بوو کە رافا پەیڕەوەی کرد)، کۆکردنەوەی لێدانەکان لە شوێنێکدا. هەر بۆیە دوای ئەو گۆڕانکارییە بینیمان کە چێڵسی بەشێوەیەکی هەرەوەزی تر بەرگری دەکرد.


- باڵەکانی چیڵسی پێشتر کەمتر پارێزراو بوون، بەرامبەر هێڕشی بەرامبەر. لەبەر ئەوەی پێشتر بۆشایی بەرگری کردن زۆر بچووک بوو لە هێلی بەرگری چێڵسیدا. ئەمەش (ئاشلی کۆل و ئیڤانۆڤیچ)ی ناچار دەکرد کە زیاتر بچەنە سەرەوەی نزیک هێلی ناوەڕاست، تاکوو بەرگری بکەن. وە بە هۆی چوونە سەرەوەی ئەم دوو یاریزانە، لە پشتەوە، وتە له هێڵی بەرگری و بەتایبەتی له نێوان هەردوو بەرگریکارەکەی ناوەڕاست و (ئاشلی کۆل و ئیڤانۆڤیچ)دا بۆشاییەکی گەورە دروست دەبوو، کە وای دەکرد تیپی بەرامبەر بە ئاسانی دزە بکەنە نێو هێلی بەرگری چێڵسییەوە. بەڵام لە سەردەمی ڕافادا ئەم شتانە گۆڕان. بۆیە ئەگەر تەماشای سەرژمێرییەکانی چێڵسی بکەین دەبینین چێڵسی لەژێر دەستی دی ماسیۆدا، لە ٧ یاریدا، یەک یاری گۆڵی لێ نەکراوە. بەڵام لەژێر دەستی رافا بینیتێزدا، لە ٨ یاریدا، ٤ یاری چێڵسی گۆڵی لێ نەکراوە. ئەمەش ئاشکرای دەکات چێڵسی لە سەردەمی بینیتێزدا، هێڵی بەرگری چەند تۆکمە تر بووە. خاڵیکی گرنگتر ئەوە بوو کە رافا لە هێلی تەوەری ناوەڕاستدا یاری بە سێ یاریزان کرد کە ئەویش داڤید لویز و ڕامیرێز و لامپارد بوون. ئەمەش وای کرد کە ئەو بۆشاییانەی کە جاران هەبوو لە سیستەمەکەی دی ماسیۆدا هەمووی پڕ بکرێتەوە و بە ئاسانی کۆنترۆلی ئەو هێلە بکرێت. (حەز دەکەم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ئەم هێلی تەوەری ناوەڕاستە، گرنگترین هێلی یاری کردنە. هەر ڕاهێنەرێک کە بییەوێت پلانێک دابڕێژێ، دەبێت یەکم جار سەیری هێز و توانای ئەم هێڵە بکات).

بەگشتیش لە ژێر دەستی ڕافا بینیتێزدا، هێڵی ناوەڕاست زیاتر بۆشاییەکانی پڕ بووەوە و بەتایبەتی ماتا و هازارد بەشێوەیەکی زۆر تر یارمەتی هێلی ناوەراستیان دەدا، لە کاتی بەرگریکردندا و لە کاتی لە دەستدانی تۆپدا، هێلی بەرگری زیاتر بەڵانسی خۆی وەردەگرت. بۆیە پێموابێت هەقی خۆیەتی هاندەرانی چێڵسی بە بینیتێز بڵێن "سوپاس رافا".

هەر ئەوەندەمان هەبوو لەسەر ئەم وەرزەی چێڵسی، هیوادارم سەرتانم نەهێنا بێتە ئێش و جێژی لي وەربگرن.

 

تایبەت بە پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ

Back