شیکاری تاکتیکی:زستانی جۆزێپ گواردیولا لە باڤاریا
25/12/2013 20:23-سەرەتای هاتنی گواردیولا بۆ یانە ئەڵمانێکە دەنگۆیەکی گەورەی دروست کرد و هەموو میدیا جیهانی سەرقاڵ کرد بە خۆیەوە. جا چی بەهۆی ئەوەوە بێت کە یانەکە وەرزی پێشوو لەگەڵ یۆب هاینکس توانای سیانەی خول و چامپیۆنز و جامی ئەڵمانیا بباتەوە یان بەهۆی ئەو پڕسیارەوە بێت کە هەموو کەسێک لای دروست بوو کە ئەویش ئەوەیە " ئایا چی وادەکات لە یانەیەکی وەکوو بایرن میونخ کە دەستبەرداری ڕاهێنەرێكی وەکوو یۆب هاینکس بێت و خۆی تووشی ڕیسکێکی نوێ بکات؟". لێرە و لەوێش لە نێو ئەقڵی هەموو وەرزشوان و تەماشاکەرێکی تۆپی پێ دوو جۆریتر لە پرسیار دروست دەبوو.
-ئایا گواردیولا دەتوانێت بەردەوامی بدات بە سەرکەوتن و ئاست بەرزی بایرن میونخ؟
-وە ئایا گواردولا دەتوانیت سیستەم و بیرکردنەوەی خۆی بسەپێنێت بەسەر بایرن میونخ؟
بێگومان ئەم دوو پرسیارە بە شێوەیەکی ڕێژەی بۆ هەندێک وەڵامدراوەتەوە لە ئیستادا و بۆ هەندێکی تریش هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی دەکەن.
چونکە گروپی یەکەم پێی وایە مێنشن لە ئێستادا لەسەر ڕێگای ڕاستە و وا تاکوو ئێستا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و یەکەمی بۆندسلیگایە و بە یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناغی ١٦ی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
ئەما گروپی دووەم دەڵین هێشتا زووە و ناکرێت بریاری کۆتای و هەمیشەی بدرێت چونکە هەرگیز ناکرێت لەسەر بنەمای یەک قۆناغی وەرزەکە بە هەموو شتێک بڵێین تەواو و کامڵ.
بەهەرحاڵ من پێم لێرەدا نامەوێت باسی ئەوە بکەم کە لە ئایندەدا گواردیولا چەند سەرکەتوو دەبێت یاخود جەند شکست دەهێنێت،ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیکەم تەنها خوێندنەوە و تەماشاکردنێکی قوڵترە بۆ هەموو ئەو کار و ئەنجامانەی کە بایرن میونخ تاکوو ئێستا بە دەستی هێناوە.
ڕەنگە ئەم ئاست و ئەنجامی پێشکەش کراوەی بایرن لە ئێستادا بۆ هەندێک خەڵکی تەنها ڕێکەوتێک بیت، وە رەنگە بۆ هەندێكی تریش هەمووی بە کاری گواردیولا ئەژمار بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیج یەک لەم دوو بۆچوونە راست و دروست نیە چونکە ئەوەی ئێستا دەیبینین لە یانەیە ئەڵمانێکە کاری شەو و رۆژێک نیە بەڵکوو کارێکی درێژ و پرۆژەیەکی دووربینە کە دەمێکە کارگێری یانە باڤارێکە کاری لەسەر دەکەن. وە دەکرێت بە کورتی بگەڕێینەوە دواوە و هەر بەکورتیش باسی قۆناغەکانی گەشە کردنی ستایل و شیواز و کلتوری مێنشن بکەین، دەتوانین یەکەم قۆناغی گەشە کردنی بایرن لەگەڵ پرۆژەی یانەکە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ و دەسبەکاربوونی یۆرگن کلینسمان بگەڕێنینەوە، ڕەنگە لەو کاتەدا یۆرگن ئەنجام و ئاستی پێشبینی کراوەی بەدەست نەهێنابێت لەگەڵ بایرن میونخ بەڵام بێگومان پرنسیپێکی گرنگی هێنایە ناو یانە ئەڵمانێکەوە کە ئەویش گوشاری بەرز (hight pressing) بوو لێرەوە یانەکە توانی ئەقڵیەتی یاری کردن بە ڕێتمی بەرز و گوشار توند وەربگرێت لە کلینسمانەوە کە ئەویش لە تۆپی پێ ئینگلیزیەوە وەرگرتبوو بەو پێیە ماوەیەکی زۆر لە خولی ئینگلیزی یاریی کردووە.
پاش ئەمە قۆناغی دووەم لەگەڵ ڤانگاڵ پرنسیپ و بنەمای یاریی گشتگیری(total football) هۆڵەندی خزێنرایە ناو کلتور و ستایلی یاریی کردنی یەنەکەوە و دوایش لەگەڵ هاینکسدا بایرن ئەقڵیەتی ئەڵمانی و سیستەمی (counter pressing) وەرگرت. ئێستایش لەگەڵ گواردیولا گەیشتوونەتە قۆناغی بەرجەستە کردنی تیکی تاکا لە یانەکدا. ڕەنگە قۆناغی تیکی تاکا دواین قۆناغی ئەم سوڕەی یانەکە بێت و وە رەنگیشە دوای ئەمە قۆناغێکی نوێی ببینن بەڵام ئەوەی کە گومانی تێیدا نیە ئەوەیە کە لەگەڵ گواردیولادا تۆپی پی بە سەردەمێکی نوێدا تێپەڕ دەبێت و دەکرێت بڵێین بایرن میونخ لە ئێستادا یاریی داهاتوو دەکات. وە دەکرێتیش بڵێین کە تۆپی پێ لەگەڵ گواردیولا گەڕایەوە سەر ڕیگای ڕاستی خۆی وەکوو ئەوەی کە ئەریگۆ ساکی لە ٩٠کاندا نەخشەی بۆ کێشا بوو.
ئەریگۆ ساکی بۆ زۆربەی راهێنەرەکانی سەردەمی دوای وەکوو پارجەیەک موگناتیسە و هەموویان ڕادەکێشێتەوە بۆخۆی، وە هەموو ڕاهێنەرەکانی دوای خۆی بە شێوەیک لە شیوەکان کاریگەری ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆی ئەویان لەسەرە. بەلام هەندێک لەو ڕاهێنەرانە بە شێوەیەکی خراپ یاخود ناشرین سوودیان لە بیرۆکەکانی ساکی وەرگرت.
ساکی هەمیشە وێنای ئایندەی دەکرد و ئیلاهەمەکانی بۆ داهاتوو بە شیوەیەک بوو کە تۆپی پی لە کۆتایدا یونڤێرساڵ دەبێت و یاریزان و پلان و شیوازی یاریی کردن بێ کۆت بەند دەبیت، واتا ئیتر یاریزانێک نابینین کە پاىەند بێت بە مەرکەزێکی تایبەتی خۆیەوە، وە جۆرە تیپێک دروست دەبێت کە تێیدا بەرگریکار هیڕش دەبات و هێڕشبەر بەرگری دەکات. تێدا هێڵێک نامێنێت کە ناوەڕاست و بەرگری و هێڕشبردن لەیەکتر جیا بکاتەوە. بێگومان ساکی لەسەردەەمی خۆیدا لەگەڵ میلانی ئاڵتونی هەموو ئەمانەی جێبەجێ کرد لە ڕێگای، جەند بنەمایکەوە وەکوو (گوشاری بەرز_هێڵی نزیک لەیەکتر-تیكەڵ کردنی مەرکەزی یاریی کردنی یاریزانەکان) بۆیە پێی وابوو داهاتوی تۆپی پێ لەوە جوانتر دەبێت کە خۆی کردی. بەڵام بە داخەوە هەوای زەریاکان بە شێوەیەک هات کە کاپتنی کەشتێکە هەرگیز پێی خۆش نەبوو، لە ئەنجامیشدا کەشتی تۆپی پێ بە لارێدا ڕۆیشت لە سەرەتای ٢٠٠٠کان.
تۆپی پێ لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی ئەوەیە چۆن تواناکانی تاک هەڵسوڕێنێت.
بۆیە دەبینین یارێکە بریتیە لە کۆمەڵیک پسپۆڕی و تێدا هەر یاریزانێک پسپۆڕە
لە مەرکەزێکی تایبەتی یاریی کردن،بەڵام ئەمە نیشانەی لاوازییە.
ئەریگۆ ساکی
لە ڕێگای ئەم لێدوانەوە زۆر بەجوانی دەتوانین لەوە تێبگەین کە ساکی چەند بێهیوا و پەستە لە شیوازی یاریی کردنی(ئەم لێدوانەی ساکی لە نێوان ساڵی ٢٠٠-٢٠٠٤).
بەڵام دوای ئەو ماوە و لە نێوان ساڵی ٢٠٠٨ تاکوو ئێستا شیوازی تۆپی پێ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و دەتوانین بڵێین کە ووردە ووردە وا خەریکە دەگەڕیتەوە سەر ڕیگای ڕاستی خۆی. وە دەکرێت سەرەتای ئەم وەرچەرخانە بگەڕێنیەوە بۆ کاتی ئارسناڵ و ڤینگەر لە ٢٠٠٨ و پاشانیش لەگەڵ پیپ و دوایش یۆرگن کلۆپ هەموو ئەمانە کاریگەری ڕاستەخۆیان هەبووە لەسەر گێرانەوەی یارێکە بۆ سەر ڕیگای ڕاست کە ئەویش لادانی هەموو کۆت و بەندەکان و دروست کردنی سیستەمێک کە تێدا یاریزان گرنگترین مەبەست نیە و تۆپ هەرگیز ئامانج نیە. لێرەدا دەکرێت بپرسین ئەی چی شتێک گرنگە ؟؟
لە ئێستادا بۆ زۆربەی راهێنەرەکانی وەکوو (گواردیولا-ڤێلاش بۆاش-ئاریسن ڤێنگەر-رۆبێرتۆ مارتینێز-یۆرگن کلۆپ) هەموو ئەمانە کار بۆ ئەوە دەکەن کە کۆنترۆڵی بۆشایی بکەین، بۆیە لێرەوە تۆپی پێ چیدی لە خزمەتی تاکە یاریزان نابێت و بەڵکو داگیرکردنی بۆشاییەکانی یاریگا گرنگترین مەبەستە، بۆ ئەمەش هەمیشە پێویستیت بەوەیە کە کۆمەڵیک یاریزانت هەبێت کە توانای ئەوەیان هەبێت لە زۆرترین ناوچەی یاریگا یاریی بکەن تاکوو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو بۆشاییەکان بکەن، چونکە بۆشایەکانی بەرگری هەرگزی هەمان مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت وەکوو بۆشایەکانی هێلی هێڕشبردن، یاخود هێڵی ناوەڕست، بۆیە تۆپی پێی ئێستا پێویستی بەیاریزانی هەمجۆرە کە لە زۆرترین جێگای یاریگا یاریی بکات، هەر ئەمەش وای کرد لە ئەوروپادا کار بۆ ئەوە بکرێت کە یاریزانی هەمە جۆر دروست بکەن،ئەویش لە ڕیگای بەکارهێنانی هەر یاریزانێک لە چەندین مەرکەزی جیاوازدا لە کاتی فێرکردنی لە قوتابخانە تایبەتەکان ، بۆنمونە یاریزانێک ئەگەر هێڕشبەر بێت سەرەتا کاتێک لە ئەکادیمیای وەرزشی لە هێلی بەرگری و هێڵی ناوەڕاست یاریی پیدەکەن ئینجا دوای دەکرا بە هیڕشبەرە وە بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، ئەمە وایکرد کۆمەڵیک یاریزانی هاوشیوەیە ڕۆنی و کارێک و شاڤین شتایگەر و تۆماس مۆلەر و مەروان فیلانی و پۆل پۆگبا و ڤیدال و مارکۆ رۆیس و ماتیاس همێڵز و داڤید لویز و خاڤی مارتینێز و بۆسکیتس ببینین
ئەگەر مەروان فیلانی وەربگرین ئەوا دەتوانین بڵێین باشترین نمونەی ئەم جۆرە یاریزانانەی کارگەکانی ئەوروپا بەرهەمیان هێناوە، چونکە ئەگەر سەیری بکەین ئەوا دەبیینین فیلاینی وەکوو (تەوەری ناوەڕاست، یاریزانی دڵی بەرگری سێیەم spare man و هیڕشبەری وەهمی flase9 و یاریزانی یاری دروستکەریش) دەتوانێت یاریی بکات و وە یاریشی کردووە، ئەمە ئەو جۆرە یاریزانەیە کە پێیان دەوترێت گشگیر کە دەتوانێت چەند مەرکەزێکی زۆر لەیەک جیاواز بگرێتەوە و ئاستێکی باشی تێیدا پێشکەش بکات
ئەم جۆرە یاریزانانە وادەکات کە ڕاهێنەر زیاتر بیر لە بۆشایی بکاتەوە و کار بۆ ئەوە بکات زیاتر دەستی بەسەردا بگرێت، هەر ئەم خاڵەیش وادەکەن چیدی یاریزان گرنگ نەبێت لە سیستەمەکاندا و تۆپی پێ بگەڕیتەوە سەر لامەرکەزیتە و یاریی کردن وەکوو ئەوەی ساکی بیری لێدەکردەوە.
ئەم خاڵە جەوهەریە وایکرد یانەکان کار بۆ ئەوە بکەن سوودی زیاتر لە کۆمەڵیک ناوچە وەربگرن کە پێشتر هەبوو بەڵام زۆر گرنگی پێنەدراوە، وە دەکرێت گواردیولا بە پێشەنگی ئەو ڕاهێنەرانە دابنرێت کە بە تەواوەتی کاریان کردووە و بیریان لەوە کردووەتەوە چۆن سوود لەم بۆشاییانە وەربگرن و لە ئەنجامدا بتوانێت سوود لە توانا جوارجۆرەکانی یاریزانە گشتگیرەکان وەربگرێت و وا بکات هەموو توانا و ئاست و بەهرەیەکی دەربکات. ئەو بۆشاییانەی کە تیشکی لەسەر لە ئەمڕۆی تۆپی پێدا بریتین لە
-بۆشایی نێوان هێلەکان (space between lines)
--نیو بۆشایی (halve space)
-بۆشایی کراوە (open space)
١--بۆشایی نێوان هێلەکان (space between lines): زۆربەی ڕاهێنەرەکان هەمیشە باسی ئەم بۆشاییانە کردووە، یەکێک لەوانە مۆرینهۆیە کە دەڵیت (“space between the lines” was the most important space For me, the game between the lines is most important.”
بۆشایی نیوان هێلەکان گرنگترین بۆشاییە، بۆ من یاریی کردن لە نێوان هێلەکان گرنگترین شتە.
ئەم بۆشاییانەی کە لە نێوان هێلەکان هەیە و هەمیشە هەبووە، وە مەبەستی یانەکان بووە بەڵام وەکوو ئەو زەمەن نەبوو کە گواردیولا تێدا هاتە ناو بوارەکەوە، ناوچەی نێوان هێڵەکان دەکرێت بەوە ناوچانە پێناسە بکەین کە دەکەوێتە نێوان هەموو هێلەکانی بەرگری و ناوەڕاست و هێڕشبردن.
ساکی دەڵیت چوار سەرچاوە هەیە کە یاریزان لە ناو یاریگا بۆ دەگەڕیتەوە کە ئەوانیش (تۆپ،بۆشای،یاریزانی بەرامبەر،یاریزانی هاوڕێی)
بۆیە کاتێک یاریزان دەگاتە ئەم ناوچەی نێوان هێڵەکان بەتایبەتی نێوان هێلی بەرگری و هێلی ناوەڕاست.ئەوا هەر چوار سەرچاوەکەی لەبەردەست دەبێت.چونکە دەتوانێت دریبڵ بکات و هێڵی بەرگری ببڕیت، یاخود ناردنێک بدات بە یەکێک لە هاوڕێکانی، یاخود شوتێک بکات لە دوورە.
وەکوو دەبینین لێرەدا یاریزانەکانی بایرن بە سێ بۆ چوار یاریزان ئامادەن لە نێو بۆشای نێوان هێلەکان وەکوو بە بازنەی سوور ئاماژەم پێکردووە ، وە هەروەها ڕێبری دەبینن کە خاوەن تۆپە و وەکوو ئەوئ لە بازنەکەدایە و دەبینین چەند سوود وەردەگرێت لە جێگا و بۆشاییەکەی کە تێیدا ، لێرەدا هەر وەکوو هەڵبژاردەن نیشانەم کردووە دەبینین ڕیبری دوو هەڵبژاردنی مەتریسداری هەیە بۆ پاسدان بە لام و مانزۆکیچ. هاوکات وەکوو بە تیشكی ڕەش نیشانەم کردووە ڕیبری خۆیشی دەتوانێت دەرچوون بکات و بگاتە ناوچەی سزا ئەمە جگە لەوەی دوو هەڵبژاردەنی نا مسۆگەری هەیە بە یاریی کردن لەگەڵ دوو یاریزانەکەی دیکەی ناو بزنە سورەکان.
بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕاهێنەر لەم ناوچەدا یەک یاریزان بەکار دەهێنێت،کە ئەویش هێڕشبەرەی سەرەکییە و وەکوو ژمارە ٩ی خەیاڵی یاریی دەکات. ئەو یاریزانە هەمیشە بەرپرسە لە ئامادە بوون لەم بۆشاییەدا تاکوو چانس و هەلی زیاتر بۆ هاوڕێکانی بکاتەوە، بۆ نمونە لە سەردەمانێکدا میسی ئەم رۆڵەی دەگێرا لەگەڵ پیپ گواردیولا. یاخود بنزێما لەگەڵ مۆرینهۆ و ڕۆنی و چەندەهایتر. بەڵام ئەوەی سەرنچ راکیشە گواردیولا هەرچەندە لەسەر کاغز مانزۆکیچی دەستنیشان کردووە بەڵام زۆرترین یاریزانی دیکەیش ئەم رۆڵە دەگێڕن و لەم جێگادا ئامادە دەبن، هەر لە ڕۆبن و ڕێبری و مۆلەرەوە تاکوو دەگاتە خاڤی مارتینێز.
شتێکی دیکەی سەرنج راکیش لەم وێنەیە ئەوەیە کە وەکوو وتمان لامەرکەزیتە بوونی هەیە دەبینین هێڕشبەری سەرەکی لە باڵ وەستاوە(ماندزۆکێچ)، هاوکات لام کە باڵی بەرگیریە لە جێگای یاریزانی یاریی دروستکەری پێشەوە ئامادەیە، هەروەها ڕێبری کە باڵی چەپە لە جێگای هێڕشبەری سەرەکی یاریی دەکات و هاوکات ئەلەبایش کە باڵی بەرگیری چەپە وەکوو باڵی هێڕشبردن لە ناوچەی سزادا ئامادەیە، وە ئەمەش بە تەواوەتی ئەو خاڵەیە کەباسم کردوو مەبەستەمە ئاماژەی پێبدەم،کە ئەویش گشتگیر بوونی یارێیکە و تێکەڵ بوونی جێگا و مەرکەزی یاریزانەکانە.بێگومان یاری نێوان هێلەکان بەم شیوەیە تەنها گواردیولا بەکاری ناهێنێت بەم شیوەیە بەڵکو دەکرێت بڵیم باوترین مەبەست و ناوچەیە کە زۆرترین یانە بەم شیوەی کە باسم کرد لە ڕیگای ئاڵوگۆڕی جێگاکانەوە سوودی لێوەردەگرن.
-نیو بۆشای (halve space): ئەم ناوچەی بە پێچەوانەی ئەوی سەرەوە دەکرێت بڵیم تاکوو ئێستا گواردیولا زۆر زۆر کاری لەسەر کردووە و سوودی لێوەردەگرێت کە ئەمەش بە پێچەوانەی ڕاهێنەرەکانی دیکەی هاوڕێیەتی. گواردیولا لەم ناوجەدا بە شێوەیەکی بەرچاو سوود لە تواناکانی باڵەکانی بەرگری (ئەلەبا و ڕافێنیا) وەردەگرێت، وە زۆرتریش کە بینەر تێبینی کردبێت بوونی ئەلەبایە کە هەمیشە لە کاتی هێڕشبردن لە ناوچەیەکی تایبەت ئامادە دەبێت. تەبعەن هۆکاری ئەوەی کە وایکرد گواردیولا بیربکاتەوە کە چۆن سوود لەم ناوچە وەربگرێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەو ەکە بایرن هەردوو باڵی هێڕشبردنی (ڕێبری و ڕۆبن) سیفەتی ئەوەیان هەیە کە لەسەر هێڵی یاریگا یارییبکەن و زۆر نەچنە قوڵای یاریگاوە لە کاتی دەست پیکردنی پرۆسەی هێڕشبردن،ئەم سیفەتە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە، لایەنە باشەکەی ئەوەیە کە بایرن دەتوانێت سوود لەم سیفەتە وەربگرێت لە ڕیگای ڕاکیشانی یاریگا و کردنەوەی ناوچەکانی بەرگری لەسەر باری پانی، بەڵام لایەنە خراپەکەی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم دوو یاریزانە لە ناوچەی قوڵای یاریگا ڕانەوستن ئەوا توانای یانەکە لە سورانەوەی تۆپ و دروست کردنی سێگۆشەی یاریی کردن لە ناوچەی هێڕشبردن لەدەست دەدات و کەمتر دەتوانێت کۆنترۆڵی تۆپ بکات. بۆیە گواردیولا هەستا بە سوود وەرگرتن سیفەتە باشەکانی ئەم خاسێتە و یاریزانەکانی وەکوو خواستی خۆیان (ڕێبری و ڕۆبن) لەسەر هێڵی دایانی نا، بەڵام لە بەرامبەردا بۆ پڕکردنەوەی لایەنە خراپەیە هەستا فەرمانی کرد بە ڕافێنیان و ئەلەبا تاکوو لە ناوچەی -نیو بۆشای (halve space) ڕابووەستن تاکوو سێگۆشەی یاریی کردن دروست بکەن و تیپەکەی زیاتر بتوانێت دەست بەسەر تۆپبدا بگریت لە ناوچەکانی بەرگری تیپی بەرامبەر. ناوچەی -نیو بۆشای (halve space) وەکوو دەبینن
ئەو ناوچەیە کە دەکەوێت لێواری نیمچە بازنەی هێلی سزا. وەکوو لە وێنەکە دیارە ئەلەبا لەم ناوچەدا وەستاوە و بۆشای و کەلێنی کردوەتەوە بۆ ڕیبری ئەمەش بە بەردەوامی ڕوو دەدات لە پرۆسەی دروست کردنی یاریی بایرن میونخ. تایبەندمەندی ئەم ناوچەیە لەوەدایە، کاتێک یاریزان تێیدا ڕادەوەستێت دەتوانێت ٣٦٠پلە بە دەوری خۆیدا بسوڕێتەوە ئەمەش واتا دەتوانێت سوود لە هەموو دەوروبەری خۆی وەربگرێت کە ئەمەش پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەیە بۆ نمونە لە ناوچەی بۆشایی نێوان هێلەکان یاریزان زۆربەی کات تەنها ١٨٠ پلە بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە و ئەمەش وادەکات کەمتر سوود لە بۆشاییەکە وەربگرێت و کەمتر بتوانێت یاریی بکات.
--بۆشایی کراوە (open space): دروست بوونی بۆشایی کراوە بە شێوەیەکی زۆر سەرنج ڕاکیش و ڕیزبەندکراو دەبێت، ئەویش چۆن؟
کاتێک یانەیەک سەرەتا هێڕش دەست پێدەکات هەمیشە بۆ بۆشایی نێوان هێلەکان دەگەڕیت، بۆیە کاتێک یاریزانەکانی تیپەکە لە نێوان هێلەکان دەجوڵینەوە تێیدا کۆمەڵیک کەلێن دروست دەبێت، ئەم کەلێنانە ناو دەبرێت بۆشایی کراوە، دەکرێت ئێمە ئەو کاتانە دەست نێشان بکەین و وەکوو نمونە بیانهێنیەوە کە یاریزانێک لە ناوچەیەکدا دەرچوون دەکات. بۆ نمونە وەکوو لەم وێنە دیارە.
ڕیبری دەرچوونێک دەکات مەبەستی ئەو دەرچونە گەیشتنە بەو ناوچەی کە بە بازنەی شین دیاری کراوە ئەو بازنە شینەیش بە بۆشایی کراوە (open space) کراوە دادەنرێت. هاوکات بۆ ئەو یاریزانەیش کە سەری دەرنەچووە ناوچەی بازنە زەردەکە بە --بۆشایی کراوە (open space) دادەنرێت.
بەڵام هاوکات دەکرێت بە شیوەیەکی قوڵتر سوود لەم بۆشاییە کراوەنە وەربگرین، ئەویش کاتێک کە هێڕشىەری سەرەکی لە ناچەی نێوان دڵی بەرگری لەسەر بازنەی ناوچەی سزا وەستاوە. لەو کاتەدا کاریگەری بەکارهێنانی ئەم ناوچەی زۆر زەقتر و بەهێزتر دەبێت.چونکە لە ڕێگایەوە وەکوو لە وێنەکە دەبینین
هێڕشی یانەکە دەکرێت بگاتە هەستیارترین ناچەی یاری کردن کە ئەویش ناوچەی سزاییە. بایرن بەم شیوەیەی کە لە وێنەکە دیارە زۆر سوود وەردەگرێت و یاریی لەسەر دەکات. بێگومان کاتێکیش تیپەکە دەگاتە ئەم ناوچە دەتوانێت بگاتە هەلی گۆڵ لە ناوجەیەک دروست بکات کە هەستیاترین و لاوازترین ناوجەیە لە هەموو تیپەکاندا، بە شیوەیەک زۆر سەیرم لیدەێت کە تاکوو ئێستا هەموو ئەو ڕاهێنەرە گەوارنە ناتوانن بە شیوەیەکی جوان ئەو ناوجە دابپۆشن کە بە (cutback cross zone) ناو دەبرێت، ئەم ناوچەیە بریتیە لەوەیە کاتێک یاریزانێک لە باڵی بەرگریەوە دەگاتە لێواری یاریگا لەسەر پانی و پاشان تۆپێک دەردەکات بۆ ناوەڕاست یان دەرەوەی ناوچەی سزا و لەوێیوە گۆڵ دەکرێت، بایرن لەم ناوچەیە زۆر زۆر کاری کردووە وە زۆریش سوودی لی بینووەدە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر گۆڵەکانی بایرن و ببینن کە چەندها گۆڵی کردووە لەم ناوچەوە و بەهان ستایل و شیوازیش هەمووی کردووە.نمونەی (cutback cross zone) دەبینن وەکوو لە وێنەکە دیارە هەندێک جاریش دەکرێت بۆ دەرەوەی ناوچەی سزا بێت ناردنەکە.
ستراتیجەیتی پیپ گواردیولا لەگەڵ بایرن موینخ
سەرەتا کە گواردیولا هاتە یانە ئەڵمانێەک هەموو چاودێران و شیکەرەوە وەرزشیکان پێشىینی ئەوەیان کرد کە گواردیولا پشت بە پلانی ٤-٣-٣- ببەستێت یاخود پشت بە پلانی ئەڵماس ببەستێت لە ژێر پلانی ٤-٤-٢ یان ٤-٣-٣ بەڵام ڕۆژگار دەریخست کە گواردیولا هیچ کام لەم دوو پلانەیە بەکار نەهێنا بەڵکوو پشتی بەست بەپلانی ٤-١-٤-١.
هۆکاری پشت بەستنی گواردیولا بەم پلانە ئەوە بوو کە هەندێک سیفەتی بایرن_هاینکس وەکوو خۆی دەهێڵێتەوە و دەکرێت گواردیولاش سوودی لێوەربگرێت، بۆ نمونە لە ڕووی هێڕشی هەڵگەراوە. ئەم پلانە وادەکات بایرن خێرا بێت لە ڕووی دروست کردنی هێڕشی هەڵگەڕاوە، چونکە لە کاتی بەرگری کردندا پلانەکە دەبێتە ٤-٤-١-١ واتا یاریزانی هێڕشبەر کە لەسەر بازنەی هێلی ناوەڕاست دەوەستێت و چاوەڕی یەکەم تۆپ دەکات هاوکات یاریزانی دووەم ئەرکی ئەوەیە لە کاتی بچڕاندنی هێڕشی تیپی بەرامبەر هەر زوو تۆپەکە بگوازێتەوە بۆ هێڕشبەرەکە. پاشان باڵەکانی هێڕشبردن کە لە ناو ٤ یاریزانەکەی هێلی ناوەڕاستن بە خێرای سەردەکەون بۆ سەرەوە و کلیلی ناردن دەکەنەوە بۆ هێڕشبەرەکە. ئەم پرۆسەیە زۆر یارمەتی بایرن میونخی دا تاکوو وەکوو ساڵانی پێشوو مەتریسدار بێت لە هێڕشی هەڵگەراوە. هاوکات لە کاتێکدا ئەگەر بایرن نەیتوانیبایە هێڕشی هەڵگەراوە دروست بکات، بە شیوەیەکی پلەبەندی هێڕشی دروست دەکرد و دەستی دەکرد بە پرۆسەی بونیاتنای هێڕش لەو کاتەدا پلانی ٤-١-٤-١ دەبوو بە ٤-١-٣-٢ یاخود ٤-١-٢-٢- ١ بەهەرحاڵ ئەوەی گرنگ بوو لە کاتی دروستکردنی هێڕش بەشیوەیەکی ڕیکخراو و لەسەر خۆی ئەوە بوو کە بایرن پشتی بە یەک تەوەری ناوەڕاست دەبەست بۆ دەست پێکردنی هێرش کە ئەویش سەرەتا تۆنی کروس بوو،پاشانیش فلیپ لام و دوایش خاڤی مارتینێز.. خودی بەکارهێنانی یەک تەوەری هەرگیز لەگەل کلتور و شیوازی پێشووی یاریی کردنی بایرن موینخ نەدەگونجا چونکە پێشتر بایرن پشتی بە دوو تەوەر دەبەست لەم ناوچەیە کە ئەویش تۆنی کروس و شاڤینی یان خاڤی مارتینێز/شڤاینی یان خاڤی مارتینێز و کروس. هاینکس ئەم سیستەمەی بەکارهێنان تاکوو بایرن بەهیزتر بێت لە ڕووی بەرگری و لە کاتی هەڵگەرانەوەی بایرن تووشی کێشەی بەرگری و دانەپۆشانی ناوچەکانی بەرگری نەبیت.واتا ئەگەر بە سادەتر باسی بکەین ئەوا دەڵێن بوونی دوو یاریزان لە پشتەوە ناوچەی یاریی کردن وادەکات ناوجەکانی بەرگری باشتر دابپۆشرێت وەکوو ئەوەی یەک یاریزان بێت
هۆکاری ئەوەی کە گواردیولا پشتی بە یەک تەوەری ناوەڕاست دەبەست بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە گواردیولا دەیویست بۆشایی و ماوە و هەڵبژاردنی زیاتر بدات بە تەوەرەکە تاکوو یاریی تیدا بکات هاوکات بە خێراتر تۆپ بگوازێتەوە ناوچەی هێڕشبردن و ڕیتمی یاریی کردن بەهێزتر بکات. بەڵام ئەمە کێشەی خۆی هەبوو لەو کاتەدا . کە ئەویش ئەوەیە بایرن پێشتر راهاتبوو لەسەر ئەوی کە لەکاتی هێڕشبردن دوو یاریزان هەبیت کە ناوچەکانی بەرگری دابپۆشێت بۆیە هەمیشە یاریزانەکان لەسەرخۆتر و هێواشتر دەگەڕانەوە ناوچەکانی بەرگری چونکە دوو یاریزان ناوچەکانی باڵ و قوڵای هێلی ناوەڕاستیان داپۆشێ بوو، بەڵام لەگەڵ گواردیولا و بەهۆی بەگارهێنانی یەک تەوەر ناوچەکانی بەرگری زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی هێڕشی هەڵگەراوە دەبوونە و زیاتریش کەلێن و بۆشاییان تێیدا بوو. وە یاریزانەکانیش خاوتر دەگەڕانەوە بۆ بەرگری کردن، بۆیە لەسەرەتادا بایرن گۆلی زۆری لیدەکرا و دەکرێت بلێێن هۆکاری دۆڕاندنی بایرن لەبەرامبەر بروسیادۆرتمۆند لەسەرەتایی وەرزەکەوە هۆکاری سەرکێکەی ئەم بوو.
لەراستیدا ئەم کەم و کورتیە هەرچارەسەر نەبوو وە جارەسەریش نەبووە، بەلام لە ڕێگای ئەوەی کە بایرن لە ئیستادا باشتر کۆنترۆڵی تۆپ دەکات و هاوکات یاریزانەکان لە قوڵای هێڕشبردن جوانتر و ڕیکتر ڕادەوەستن وایکردووە کە تیپەکە کەمتر تۆپی لێببچڕیت و وایکردووە کەمتر بکەنەوە ژێر مەتریس هێڕشی هەڵگەڕاوە.
یەکێکتر لە ستراتیجیەتکانی گواردیولا لەگەڵ بایرن چۆنێتی بەکارهێنانی باڵەکانی بەرگریە.، لەگەڵ گواردیولا هەردوو باڵی بەرگری سەردەکەون بۆ سەرەوەی یاریگا و نزیک دەبنەوە لە ناوچەی هێلی ناوەراست. هاوکات هەریەک لە بواتینگ و دانتی سەردەکەون دەچنە ناوجەی باڵەکانی بەرگری و تەوەرەکەی ناوەڕاست دێتە ناوچەی دڵی بەرگری. هۆکاری ئەمە یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە پیپ دەیەوێت ژمارەی یاریزانەکانی لە هێلی ناوەڕاست زیاتر بکات
دووەم چانس و بۆشاییەکی زیاتر بدات بە تەوەرەکەی تاکوو یاریی دروست بکات.
سێیەم بۆ ئەوەیە ئەلەبا و ڕافێنیا بتوانن بە زوترین کات بگەنە ناوچەی نیو بۆشای (halve space) وەکوو لەسەرەوە باسمان کرد.
پێم وابێت تا ئێرەوە دێینە کۆتایی باسەکەمان لەسەر زستانی گواردیولا لە بایرن موینخ. بەڵام حەزەکەم دوو خاڵی زۆر دوور لە تاکتیک و نزیک لە خورافاتە بەهێزەکانی بینەر وەرزشی کوردی باس بکەم.
١-یەکەم خورافات دەڵیت پیپ ترسنۆکە ڕاهێنەرایەتی زۆر یانەی نەکردووە و پیویستە لە چەند یانەیەک ڕاهێنەرایەتی بکات ئئنجا دەردەکەوێت کە ڕاهێنەریکی گەورەیە.
باشە من زۆر بە کورتی دەڵێم ئەگەر بەو پێوەرە نا پێوەرە قسە بکەین دەبێت بڵێین فێرگسۆن هەر ڕاهینەر نیە بەس لەبەر ئەوەی ٢٦ ساڵ لەیەک یانە راهێنەرایەتی کردووە. بێگومان ئەمە هەرگیز ناکرێتە قاڵب و نیشان بۆ چەند بەتوانایی راهێنەرێک، چونکە گرنگ ئەوەیە لە ئاستێکی بەرزدا راهێنەرایەتی بکەیت و ئەنجام و شیوازی و ئاستی باش پێشکەش بکەیت.
٢-گواردیولا ڕۆیشتووەتە باشترین یانە و باشترین یاریزانی هەیە و خولەکەش لاوازە.
باشە من دەڵیم ڕاهێنەرێکی بەناوبانگم بۆ بهێنە وەک نموونە کە دەچیتە یانەیەکەوە و دوای یاریزان ناکات و یاریزانی باش ناهێنێت. وە ئەگەر باسی کلۆپ دەکەیت پیت دەڵیت ئەو تەکنەلۆجیا کە بروسیا بەکاری دەهێنێت لە پیگەیاندن و ڕاهێنان پیکردنی یاریزان بەیەکەم و باشترین دادەنرێت لە ئەوروپا. تەبعەن ئەمە ئەوە ناگەینیت کە کلۆپ باش نیە نەخێر کلۆپ یەکێکە لە داهێنەرەکانی تۆپی پی بەلام مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە ناکرێتە پێوەر. جگە لەوەی ئەگەر باسی ئەوەش بکەین بە قوڵی ئەوا گواردیولاش یاریزانیز زۆری پێگەیاندووە، وەکوو ئەوەی من بزانم هەریەک لە ئینێستا و میسی و بۆسکێتس بەتایبەتی هەر بوونیان نەبوو لە پیکهاتە سەرەکی بەرشلۆنا پێش هاتنی گواردیولا، بۆیە دەڵیم گرنگ ئەوەنیە یاریزان بهێنیت بەڵکوو گرنگ ئەوەیە باشترین و زۆرترین توانا لە یاریزانەکان دەربهێنیت، گواردیولا مەرکەزێکی بۆ فیلیپ لام داهێنان کە کەس بەخەیاڵیدا نەدەهات، وە پێشتیرش لەگەڵ ئەلڤێس و میس و بۆسکیش ئەو کارەی کردبوو. جگە لەوەیە ئەگەر دەڵین خولی ئەڵمانی بێهێزە ئەوا نازانم بەلام تاکوو ئەو جیگای من زانیاریم هەبیت ئیتاڵیا یەک یانەی لە خولی پاڵەوانەکان ماوەتەوە و ئەڵمانیا چواری ماوە.بەهەرحاڵ حەزم لەم گفوگۆ بێ ڕەوت و ئامانجانە نیە و باوەڕم پێینەی وە ناشڵێم پیپ هەموو شتێکە بەلام دەڵیم پێویستە هەقی هەموو کەسێک بدەین کە کاری باش دەکات. وە پیویستە خۆمانیش هەندیک جوانتر و رونتر تەماشای یارێیکە بکەین و خۆمان لەم گفتوگۆ بێمانا وبێ سوودانە لابدەین کە ئەسڵەن ئەگەر راستیش بکەین ئەوا لەسەر بنەمایەکی تەندروست و ڕاستگۆیانە نەگەیشتوویەتە ئەنجام. بۆ نمونە دەکرێت بڵێیئن پیپ خراپە جونکە نەیزانی ئەو پلانە واپێبکات یان ئەو یاریزانە وا باشتر بکات. ئەو کاتە راست دەکەیت بەلام بڵێیت پیپ خراپە لەبەر ئەوەی خولی ئەڵمانی لاوازە ئەمە هەقی چیە بە مەوزوعەکەوە یاریزان هەیە لە خولی سریلانکی ٥٠ گۆل ئەکات ئایا ئەمە مانای ئەوەیە یاریزانەکە خراپە، ئەگەر یاریزانەکەیش خراپە دەی کەواتا بۆ هەموو یاریزانیکی خولی سریلانکی ٥٠ گۆڵ ناکات.
بەهەرحاڵ بەهیوای ئەوەی بابەتەکە سوودی هەبێت و توانیبێتم ئەو کاتەی ئێوەم بە فیڕۆ نەدابیت و سودێکم گەیاند بێت. هیوادارم شەیر بکەن چونکە وەک دەبینی زانیاری تێیدایە کە ڕەنگە بۆ کەسانیکی دی گرنگ بێت و سودی لیوەربگرن.، پیم وایە خاوەن پەیجەکەان دەتوانن یارمەتیەکم بدەن لەم ڕووەوە و پیکەوە بتوانیت بینەری وەرزشی زیاتر ئاشنا بکەین بە ووردەکارێکانی ئەم گەمە حەیات و بەتامە.
———
Back