شیـــکاری تـاکـتـیـکـی: ئـــەی ســـی مـــیــلان لـــە وەرزی 2012-2013
15/08/2013 14:03
نوسینی/بڵند فاتیح
پێم خۆش بوو ئەمجارە باسی یانەیەکی ئیتاڵیا بکەم، ئەویش یانەی "ئەی سی میلانە". دەکرێت بڵێین سەرەتاکانی ئەم وەرزەی میلان لە وەرزی پێشووەوە دەستی پێکرد، کاتێک نەوەیەک لە یاریزانی مەزن و خاوەن مێژوو لەگەڵ یانەکەدا بوون؛ وەک (نێستا، ئینزاگی، سیدۆرف، گاتوزۆ و ... هتد) کە هەموویان پێکەوە دوای هەموو ئەو نازناو و پاڵەوانێتیانەی کە بەدەستیان هێنا لەم یانەیەدا، میلانیان بەجێهێشت و سەردەمێکی نوێ لە مێژووی میلان دەستی پێکرد. میلانێستەکان لە ڕوویەکەوە دڵیان بەم گۆڕانکاریانە خۆشە و لەلایەکی ترەوە ترسیان لە ئایندەی یانەکەیانە کە بەرەوە جێگایەکی نادایر بڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا هەر کە بیریان دەکردەوە و زلاتان و تیاگۆ سێلڤایان دەهاتە بەرچاو ئیتر ئارام دەبوونەوە و دەیانوت "تیاگۆ و زلاتان پشتیكی بەهێزن و دەتوانین متمانەیان پێبکەین کە بەرەو ڕێگایەکی ڕوناک بمانبەن". وەلێ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی نوێوە، گورزێكیتر هەموو میلانییەکانی هەژاند، ئەویش دەرچوونی هەردوو هیوابەخشەکەیان بوو بۆ یانەی "پاریس سانت جێرمان". پاشانیش کاسانۆ و بە پاتزینی لە بۆندێکدا ئاڵوگۆڕکردندا، گۆڕدرانەوە. کاسانۆ چووە ئەنتەر و پاتزینی هاتە میلان ...
بۆ تێگەیشتن لە شێوازی یاری کردنی میلان لە دواین ساڵەکانیدا، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەنشلۆتی و هاتنی ئەلێگری، دەبێت هەندێک بچینە دواوەوە لە باسەکەماندا ... چونکە ئەلگێری زۆر شتی لە سیستەمی میلاندا گۆڕی و لەهەمان کاتدا هەر ئەلێگری سەرکردەی سەردەمە نوێیەکەی میلان بو،و دوای ڕۆیشتینی ئەو هەموو ئەستێرەیەش. بۆیە پێمباشە باسی سەرەتاکانی هاتانی ئەلێگری بکەین، بەتایبەتی لە وەرزی دەرچوونی پیرلۆ بابەتەکە دەستپێدەکەین ... فەرموون:
- دوای دەرچوونی پیرلۆ کە وەکوو یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە یاری دەکرد. گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی میلاندادەستی پێکرد ... پیرلۆ لە میلاندا لە دواین وەرزەکانیدا، وەکوو گرنگترین ئۆرگان دەرکەوتبوو، چونکە دەبوو پیرلۆ لە هێلی دواوەوە پلان بۆ هەموو یارییەکە دابنێت و ئامادەکاری بۆ بکات، ئنجا هێرشەکە سەر دەکەوت بۆ سەرەوە ... بەڵام دوای رۆیشتینی پیرلۆ، ئەلێگری پشتی بە کۆمەڵیک یاریزانی خاوەن سیفەتی بەرگریکارانە بەست، لە ناوچەی تەوەری ناوەڕاستدا کە ئەوانیش بریتی بوون لە (ئەمبرۆزینی، ئەکویلانی و سیدۆرف و بواتینگ). هەرچەندە سیدرۆف و بواتینگ لە جیهانی تۆپی پێدا وەکوو یاریزانێکی خاوەن سیفەتی بەرگریکردن دانانرێن بەڵام لە ماوەی ئەلێگریدا ئەو ڕۆڵانەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیڕەو کرد (حەز ئەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە بەرگریکردن تەنها ئەوە نییە که یاریزانەکە ڕێگا لە یاریزانی بەرامبەر بگرێت و تۆپی لێ وەربگرێت، بەڵکوو هەندێک جوڵە هەیە کە یاریزانەکە دەیکات، تەنانەت کاتێک تۆپ لە پێی تیپی خۆیانیشدایە، هەر بە ئەرکی بەرگریکارانە دادەنرێت) ...
بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان. بێگومان دەستبەردار بوون لە پیرلۆ، وای کرد کە ئەلێگری پلانەکەشی بگۆرێت و دەست بکات بە پشت بەست بە پلانی (٤-٤-٢)ی شێوە ئەلماس ... پلانی (٤-٤-٢)ی شێوە ئەلماس، مەرجی یەکەمی ئەوەیە یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یاریزانێکی داهێنەر بێت و توانای هەبێت کە سەرکردایەتی هێڵی ناوەڕاست بکات بە شیوەیەکی جوان. بەلام ئەم جۆرە یاریزانە لە میلاندا نەبوو بە شیوەیەکی کامڵ ... بۆیە ئەلێگری جوڵەیەکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامدا. ئەویش یەکەم {سیدۆرف و ئەکوێلانی/نۆتچرینۆ (مەبەستم لەم هێمای خەتە لارە / یان ئەم یان ئەوە)} که وەکوو یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە یاری بکەن. واتە ئەرکەکانی پیرلۆ بەجێبهێنن. بەلام لەبەر ئەوەی ئەو دوو یاریزانە واتا {سیدۆرف و ئەکوێلانی / نۆتچرینۆ) هەمیشە لە ژێر پاڵە پەستۆی تیپی بەرامبەردا دەبن ئەوا ناتوانن بەشیوەیەکی کامڵ و تەواوەتی ئەو کارەنە ئەنجام بدەن کە پێویستە. بۆیە ئەلێگری جوڵەیەکی تایبەتی بەیاریزانێک ئەنجامدا،کە ئەویش بواتینگ بوو. ئەلێگری دوو ئەرکی تایبەتی بە بواتینگ سپارد.
یەکەم فەرمانی بە بواتینگ کرد کە بە درێژایی یارییەکە بە شیوەیەکی ئاسۆیی، واتە به پانی بە ناوەڕاستی یاریگاکەدا بجوڵیتەوە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک {سیدۆرف و ئەکوێلانی / نۆتچرینۆ) کەوتنە ژێر پاڵەپەستۆی یاریزانی تیپی بەرامبەرەوە، بواتینگ ببێتە ڕزگار کەری تۆپەکە و تۆپەکەیان لێوەربگرێت ...
تۆزێکیتر باسی دووەم ئەرکی بواتینگ دەکەین. چونکە پێشتر دەبێت باسی زلاتان ئبراهیمۆڤیچ بکەین ئنجا لە دووەم ئەرکی بواتینگ تێدەگەین.
یەکێک لەو سیفەتە گرنگانەی کە ئیبرا هەیەتی، بریتییە لەوەی کە دەتوانێت وەکوو یاریزانی (٩.٥) یاری بکات و لەهەمان کاتدیشدا دەتوانێت وەکوو سەرە چەقۆ یاخود وەکوو هیرشبەری سەرەکی ناو سندوقیش یاری بکات. وە هەموومان دەزانین کە یەکێک لە ئەرکەکانی یاریزانی ٩،٥ ئەوەیە کە یاری دروست بکات. ئەلێگری زۆر ژیرانە سوودی لەم بابەتە وەرگرت. چونکە لە ئەساسدا میلان دوای ڕۆیشتنی کاکا یاریزانێکی یاری دروستکەری ڕاستەقینەی لە هێلی پێشەوە نەما. (تکایە کەس نەڵێت ئەی کاسنۆ یاریزانی یاری دروستکەر نییە، نەخێر کاسنۆ وەکوو ئەنگشیما یان وەکوو ٩،٥ یاری دەکات، هەمان شت بۆ مۆلەر و ڕۆنی و سوارێزیش راستە). ڕەنگە ئێستا بڵێن ئەی بۆچی کاسانۆی وەکوو یاری دروستکەر دانەنا و ئبرا بگەڕێنیتەوە بۆ ناو سندوق و بواتینگیش ئەرکی کەم ببێتەوە؟ وەڵامەکەیتان لە کۆتایدا پێ دەڵێم ...
با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان. وەکوو وتمان ئەلێگری فەرمانی بە ئیبرا کرد کە وەکوو هێرشبەری ٩،٥ یاری بکات و ئەرکی یاری دروستکردن لە هێلی ناوەڕاستی پێشەوەدا بگرێتە ئەستۆ. بۆ ئەم مەبەستە ئبرا دەبوو زیاتر بگەڕێتە دواوە، بۆ نزیک هێلی ناوەڕاست. بەڵام لەبەرئەوەی ئیبرا لە یاری دروستکردندا یاریزانێکی خاوە و ناتوانێت خێرا بیر بکاتەوە و پاسی گۆڵ بدات (Assist). ئەڵێگری فەرمانی دووەمی بە بواتینگ دا ... داوای لە بواتینگ کرد، کاتێک بۆ یاری دروستکردن، تۆپ دەگاتە ئێبرا، پێویستە بواتینگ بە باری درێژی بەرەو ناوچەی سزا بجولێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بەرگریکارەکان سەرقاڵ بکات و پاڵەپەستۆ نەچێتە سەر ئبرا. لەهەمان کاتدا بواتینگ خۆی هەندێك جار دەبووە یەکێک لەو یاریزانانەی کە دەکرا ئێبرا پاسی گۆڵی پێبدات. بۆیە دەمانبینی که بواتینگ گۆلی زۆر دەکرد لەو وەرزەدا.
ئەم ئەرکە تەنها بواتینگی نەگرتەوە. بەڵکوو هەندێک جار کە یاریزانەکانی هێلی تەوەری ناوەڕاست {سیدۆرف و ئەکوێلانی / نۆتچرینۆ) ئەگەر یەکێکیان هەمان ئەرکی ئەنجامبدایه بەلام بە پێچەوانەی جوڵەکەی بواتینگەوە، واتە ئەگەر بواتینگ بۆلای ڕاست بجوڵیت ئەوا یەكێک لەم یاریزانانە بۆ لای چەپ دەجوڵایەوە ... خاسێتی باشی ئەم پلانە ئەوەیە که یەکەم (بەرامەبەر ئەو یانانە باشە کە بەهێزن لە ڕووی هێرشبردنەوە). دووەم ( تیپەکە لە ناوجەی چەقی یاریگادا، لە رووی بەرگریکردنەوە، زۆر بەهێز دەبێت بەڵام لە باڵەکاندا بێهێز دەبێت. بۆیە بەرامبەر بەو تیپانەی کە لە ناوەراستەوە یاخود لە چەقەوە هێرش دەکەن زۆر کاریگەر ترە چونکه وا دەکا ئەو تیپانە بە ئاسانی نەتوانن گۆڵ بکەن ...
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەلێگری بۆ ئەم پلانەی بەکار هێنا؟...
- یەکەم : خاسێتی ئەو یاریزانانەی لە میلاندا هەبوون، لەگەڵ ئەم پلانەدا زۆر دەگونجان.
- دووەم: یاریزانەکانی هێرشبردنی میلان لەو کاتەدا، بەتایبەتی (ڕۆبینهۆ، زلاتان، کاسانۆ) بە سیفەتی سروشتی خۆیان زۆر پەیوەست نابن بە ئەرکی بەرگری کردنەوە کە حەوسەڵەی ئەو ئەرکەیان نییە.
- سێیەم: لە هەمووی گرنگرتر ئەوەیە کە یانەکانی ئیتاڵیا زیاتر لە چەقی یاریگاوە هێرش دەکەن، بۆیە ئەم پلانە زۆر کاریگەر بوو بەرامبەر یانەکانی ئیتاڵیا.
میلان - وەرزی نوێی ئەم ساڵ (٢٠١٣/٢٠١٢)
میلان لەبەشی یەکەمی وەرزی نوێیدا
- سەرەتای ئەم وەرزە، میلان یانەیەکی بێ ناسنامە بوو. کۆمەڵێک یاریزانی تازەپێگەیشتووی هەبوو کە خاوەن ئەزمونێکی زۆر نەبوون لە تۆپی پێی ئەورووپادا. سەرەڕای ئەوەش سەرکردەی یەکەمی یانەکە که ماسیمۆ ئەمبرۆزینی بوو، زۆربەی یارییەکانی ئەم وەرزە ئامادە نەبوو بە هۆی پێکانەوە ... ئەم کەشوهەوایەی لە میلاندا هەبوو، هەندێک خاڵی پۆزەتیڤی تێدا هەبوو کە لەگەل ڕاهێنەرێکی ژیردا دەکرێت سوودی لێوەربگرن. چونکە ئەو کۆمەڵە یاریزانە کە وەرزەکانی تر دەبوو هەوڵبدەن و چاوەڕێ بکەن یاریزانە بە ئەزموونەکان پێکانیان هەبێت یان رابگیردرێن، هەتا یارییەک بکەن. ئەم ساڵ لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا ئەو یاریزانانە خۆیان وەکوو یایرزانی سەرەکی یانەکە بینییەوە و بوون بە پشتوپەنای یانەکە. بێگومان مستەر ئەلێگریش ڕٶڵی کاریگەری هەبوو لەم بابەتەدا ...
ئینجا با بچینە سەر تاکتیکی یاری کردنی میلان لەم وەرزەدا ... فەرموون:
- ئەتوانم بڵێم یەکەم هەنگاوی میلان لەم وەرزدا، سەرکەوتوو بوو. کاتێک توانیان یاریزانێکی وەکوو "مۆنتیلڤیۆ" بهێننە ڕیزی یانەکەیانەوە، بە بێ ئەوەی پوولێک خەرج بکەن. ئەم یاریزانە توانی زۆر هەڵبژاردن بە ئەلێگری ببەخشێت ... لە سەرەتای ئەم وەرزەدا میلان بە پلانی (٤-٣-١-٢) یاری کرد. لەم پلانەدا مۆنتی لە تەوەری ناوەڕاستدا، هەمان ڕۆلی جارانی پیرلۆی دەگێرا بەڵام بە هەندێک ئەرکی زیاد کراوەوە. ئەوەش لەبەر ئەوەی مۆنتی لەتەمەنێکی گەنجدایە و دەتوانێت زیاتر ئەرکی بەڕیوە بردنی ناوچەی تەوەری ناوەڕاست بگرێتە ئەستۆ. بۆیە لەم پلانەدا وەکوو یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە یاری دەکرد ... با واز لە مۆنتی بهێنین و بە گشتی باسی پلانەکە بکەین ...
- سەرەتا حەز دەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە پلانی (٤-٣-١-٢)، پلانێکە کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەو تیپانە بەکاری دەهێنن کە پشت بە باڵەکان و یاری درێژ دەبەستن ... واتە یاری لەسەر شیوەی درێژایی یاریگاکە دەکەن، نەک لەسەر پانتای یاریگاکە ...
دەتوانین بڵێێن میلانیش لەم وەرزەدا، سیفەتی یاریزانەکانی یارمەتی دەدات که لەسەر ئەساسی ئەم پلانە یاری بکەن. چۆن؟
- ئەلێگری لەسەرەتاوە درکی بەوە کردبوو کە تواناکانی (ستیڤان شەعراوی و نیانگ و دیتچێلۆ و ئەباتی و ڕٶبینهۆ و بۆیان) لە باڵەکاندا کۆ دەبێتەوە. واتە یان ئەوەتا خۆیان یاریزانی بالەکانن یان ئەوەتا زیاتر حەز دەکەن بۆ باڵەکان بجوڵێن ... دووەم شت کە ئەلێگری درکی پێکرد ئەوە بوو کە لە پێشەوەی یاریگا، یارزانێکی یاری دروستکەری نییە (هەرچەندە بواتینگ وەکوو یاریزانی یاری دروستکەر یاری دەکرد بەلام زۆر خراپ فەشەلی هێنا. تەنانەت ئەڵێگری خۆیشی دەیوت کە بۆاتینگ بۆ یاری دروستکردن ناشێت). بەلام ناچار بوو لەوێ یاری پێبکات. بۆچێ؟ لە میانەی باسەکەماندا وەڵامی ئەمەش دەدەمەوە ... با بگەڕێینەوە بۆ سەر باسەکەمان. وەکوو وتمان ئەلێگری ئەم دوو شتەی درک پێکردبوو. خاڵی سێەم ئەوەبوو کە ئەلێگری دەیزانی کە پاتزینی هێرشبەری ناو سندوقە. واتە ناتوانێت لە دەرەوەی سندوق هەناسە بدات، بۆیە پشتی بەست بە یاری کردن لە سەر باڵەکان. ئەمەش بەهۆی ئەوەوە کە شەعراوی و نیانگ خیراییەکی باشیان هەیە و دەتوانن بە ئاسانی تۆپ بگوازنەوە بۆ ناوچەی سزا. سەرەڕای ئەوە، هەردوو باڵی بەرگری چەپ و ڕاست بە شێوەیەکی گەورەتر بەشداریان لە هێرش بردندا دەکرد ...
ئێستا با بێنە سەر باسی مۆنتی، ئەرکی مۆنتی چی بوو؟
١- ئەرکی ئەو پیدانی پاسی درێژ بوو لە ناوچەی تەوەری ناوەڕاستی پشتەوە بۆ هێلی هێرشبردن بەشیوەیەک کە وای کرد ئەو کەموکوڕییەی میلان لە یاریزانی یاری دروستکەری پێشەوەدا هەیەتی، زۆر دیار نەمێنێت.
٢- لە کاتی سەرکەوتنی باڵەکانی چەپ یان ڕاستی بەرگریدا، مۆنتی بە جوانی بۆشاییەکانی دواوەیانی دادەپۆشی. ڕەنگە یەکێک بڵێت باشە ئیتر ئەو دوو یاریزانەی تری تەوەری ناوەڕاست چیان دەکرد؟ (چونکە وەکوو دەبینن لەپلانەکەدا ٤-٣-١-٢ و دەبینین دوو یاریزانی تر جگە لە مۆنتی لەو ناوچەی تەوەرەدان کە هەندێک جار لە سەرتاوە، ئەمبرۆسینی و دیۆنگ بوون. وە دوایش کە مۆنتاری هات، هەندێک جار مۆنتاری بوو یاخود لەم دواییەدا فلامینی بوو، ئیتر بەپێی وەرزەکە یاریزان دەگۆڕدرێت لە ناوەچەکاندا چونکە پێکان و ڕاگرتن هەیە) ... بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵیم لەبەرئەوەی کە مۆنتی تاکە یاریزان بوو کە بە راستی هەموو یارییەکانی میلانی دروست دەکرد. وە شتێکی ئاسایی بوو کە تیپەکانی بەرامبەر هەموو پاڵەپەستۆی خۆیان بخەنە سەر ئەم یاریزانە. بۆیە کاری ئەو دوو یاریزانەی تری تەوەر (چ ئەمبرۆسینی /فلامین وە یان مۆنتاری/دیۆنگ بێت) ئەرکیان ئەوە بوو کە خودی مۆنتی بپارێزن، لە کاتێکدا کە تۆپ دروست دەکات. واتە ئەگەر کەوتە ژێر پاڵەپستۆوە زوو ببنە ڕزگارکەری تۆپەکە.
- بوونی بواتینگ وەکوو یاریزانی یاری دروستکەری پێشەوە، لە هێلی ناوەڕآستدا.بۆچی بوو؟؟ .. ئەلێگری زیاتر مەبەستی ئەوە بوو کە سوود لە هێزی جەستەیی و خێراییەکەی بواتینگ وەربگرێت. چونکە لەو ناوچەیەدا میلان یاریزانێكی یاری دروستکەری باشی نەبوو، بۆیە وای دەکرد ئەگەر یاریزانێکی وەکوو بواتینگیش دانەنێت ئەوا بەتەواوەتی ئەویای لە دەست دەدا. ئەرکی بواتنیگ زیاتر ئەوە بوو که بڵێت میلان ناوەراستی پێشەوەی هەیە و لێی بترسن، ئتر بەهەر شێوەیەک بێت. بەڵام ئەلێگری فەرمانیپێکردبوو کە زۆرجار شووت لە دەرەوەی ناوچەی سزا لێبدات. بۆچی، چونکه ئەو تۆپانەی دەکەوتنە پێی بواتینگ، دەکرا بە زۆری بەفیڕٶ بچێت، چونکە یاریزانێکە ناتوانێت لە ژێر پاڵەپەستۆدا یاری بکات. هەر بۆیە شووت لیدان باشترین هەڵبژاردنە بۆی. جگە لەوەی ئەو شووت لێدانە، وای دەکرد تیپی بەرامبەر هەمیشە لە حەزەردا بن و بە تەواوەتی پشتگوێی نەخەن، چونکە دەکرێت هەر شووتیكی بچێتە گۆڵەوە.
میلان لە بەشی دووەمی وەرزی نوێدا.
ببورن بابەتەکە درێژەی کێشا، بۆیە لێرەدا بە کوورتی باسی دووەم بەش دەکەم ...
دوای هاتنی بالۆتێلی و جێگیربوونی مۆنتاری، شێوەی میلان بەتەواوەتی گۆڕا ... ئەلێگری لە دووەم بەشی وەرزی ئەمساڵدا، پشتی بە پلانێکی نوێ بەست کە ئەویش (٤-٣-٣) بوو. بە بوونی بالۆتێلی وەکوو (سەرە چەقۆ/هێڕشبەری ڕآستەقینە). ئەوەی که گرنگیش بوو ئەوە بوو کە بالۆ هەندێک جار وەکوو ئیبرا دەتوانێت وەک هێرشبەری (٩،٥) یاری بکات ... میلان لێرەوە پشتی بەست بە یاری کردن لەسەر پاناتی یاریگا و لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی جێگاکانی هەرسێ هیڕشبەرەکە لەگەڵ یەکتردا (بالۆ، شەعراوی، نیانگ یان بواتینگ) کە دوو یاریزانی هێرشبەری باڵەکانی (نیانگ و بەتایبەتی شەعراوی وەکوو باڵی پێجەوانە/اجنحە معکوسە) یاریان دەکرد و زیاتر دەهاتنە ناوچەی سزاوە. لە هەمان کاتدا، ئەلێگری جوڵەیەکی ژیرانەی ئەنجامدا، ئەویش بەوەی کە ڕۆڵی مۆنتلیڤۆی گۆری. یاخود ئەرکی زیاتری پێبەخشی. ئەمه وایلێکرد وەکوو یاریزانی یاری دروستکەر یاری بکات و هاوکات وەکوو یاریزانی تەوەری سندوق بۆ سندوقیش یاری بکات. بۆیە دەمان بنینی لە نیوەی دووەمی وەرزەکەدا مۆنتی زیاتر دەهاتە سەرەوە و بەشداری پرۆسەی هێرشبردنی دەکرد ...
لەهەمانن کاتدا لە پێکهاتەی سەرەکیدا، فلامینی جێگیر کرد. بەلام هەمان ڕۆڵی بواتینگی پێبەخشی کە بواتینگ لە وەرزی ڕابردوودا هەی بوو، کە باسمان کرد چۆن بواتینگ دەجوڵایەوە.... بۆیە بینیمان لەم دواییەدا فلامینی گۆڵی زۆری تۆمار کرد و گۆڵەکانیشی گرنگ بوون. هەروەها مۆنتاریش بە تەواوەتی کرا بە یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاستی تۆپ ڕفێنەر یاخود یاری ڕوخێنەر ... هەموو ئەم هۆکارانە و هۆکاری لە یەک تێگەیشتن و دروست بوونی هەماهەنگی لە ناێوان یاریزانەکاندا وای کرد کە لە ٢١ یاری کۆتای ئەم وەرزەدا، میلان ١٤ یاری بباتەوە و ٥ یاری یەکسان ببێت و تەنها دوو جار بدۆڕیت. واتە بەشی دووەمی وەرزی میلان زۆر باشتر بوو. بەڕاستی بەشی دووەمی وەرزی میلان زۆر شتی تێدا ماوە بەلام بۆ ئەوەی بابەتەکە زۆرتر درێژ نەبێتەوە، نەمتوانی بە دڵی خۆم قسەی لەسەر بکەم. هەروەها ناتوانم باسی وەرزی نوێی میلان بکەم ... هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا گفتوگۆی لەسەر بکەین.
هەر ئەوەنەمان هەبوو لەسەر وەرزی میلان. دەزانم سەرتانم هێنایە ئێش بەڵام هیوادارم توانیبێتم مافی بابەتەکەم دابێت.
سوپاس و هیوای خوێندنەوەیەکی خۆش ...
تایبەت بە پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ
———
Back