شـیکـاری تــاکتــیکی: بـروسـیـا دۆرتــمــۆنــد لــە وەرزی 2012-2013

15/08/2013 14:59

 

نوسینی/بڵند فاتیح
 

 

 

-دەتوانم بڵیم پلانی (٤-٢-٣-١) لە ئێستادا دەکرێت ناوی ببەین بە پلانی مۆدە لە هەموو جیهاندا، چونکە وەکوو دەبینین لە زۆربەی یانە و هەڵبژاردەکاندا پشت بەم پلانە دەبسترێت و پەیڕەو دەکرێت، بەڵام هەریکە و گۆڕانکاری و زیادەکاری خۆی دەخاتە سەر پلانەکەو بە پیی سیفاتی یاریزانەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت.هۆکاری ئەوەی کە تیپەکانیش ئەم پلانە زۆر بەکار دەهێنن بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە ئەم پلانە زۆر(مرونەتی) تێدایە و ڕاهینەر دەتوانێت لە ناو یاریگدا بەچەند شێوازێکی جیاواز بەکاری بهێنێت لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریی..

-هەروەها حەزدەکەم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە پلانەکانی (٤-٣-٢-١)یان (٤-٢-٣-١) یان (٤-٣-١-٢)یان(٤-٢-١-٣) هەموو ئەمانە دابەش بوونە یاخود جیابونەتەوە لە پلانێکی سەرەکی، ئەویش (٥-٤-١)ە..
بروسیا دۆرتمۆندیش پلانی (٤-٢-٣-١)ی پەیڕەو کردوە بە شێوەیەکی گشتی، بەلام ئەم پلانە لەلایەن(یۆرگن کلۆپ)وە دابەش بووە بۆ دوو بەش..بەشی هێڕش بردن: کە لەو کاتەدا تیپەکە بەشێوەی (٤-١-٤-١) یاری کردوە. وە بەشی بەرگری کردن: کە لەو کاتەدا بەشێوەی (٤-٤-١-١) یاری کردوە...

___________________________

-مەرج و تایبەندمەندێکانی ئەم پلانە(بەتایبەتی لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆند چی بوون؟؟)

* ئەم پلانە یارمەتی تیپەکە دەدات کە بتوانێت زۆر بەڕێکوپێکی خۆی دابەش بکات بەسەر هەموو بەشەکانی یاریگاکە. هەموو جیگایەکی هەستیاری یاریگاکە بەیاریزان دادەپۆشیت

*ئەم پلانە پێوستی بە یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاستە کە بتوانێت تۆپ بە ئاسانی و بە زووی ببچڕێنیت، بەلام پێوسیتە لەسەر ئەم یاریزانە کە تەنها یاریزانێکی خاوەن سیفاتی بەرگری نەبێت ، بەڵکو توانای هەڵگرتنی تۆپ و سوڕانەوەی تۆپی هەبێت لە ناو هێڵی ناوەڕاست.هەروەها توانای دروست کردنی پاسی درێژیشی هەبێت.. وە خۆشبەختانە کلۆپ لەم وەرزەدا یاریزانێکی وەهای هەبوو کە زۆر خەیاڵی ئەم ڕٶڵەی دەگێڕی ئەویش (ئەلکای گۆندوگان)بوو.

*هەروەها مەرجێکیتری ئەم پلانە ئەوەیە کە یاریزانەکانی هێڵی هێرشبردن ئاستی هونەری و تەکنیکیان بەهێز بێت بەتایبەتی توانای ئەوەیان هەبێت بە خێرای جێگۆڕکێ بکەن لە نێووان مەرکەزەکانی خۆیان و هەروەها بتوانن پاسی کورت و بچوک لە ناوچە تەنگەکاندا بە ئاسانی بدەن.

*سیفەتێکیتری ئەم پلانە ئەوەیە کە یاریزانەکان بتوانن پێکەوە کاری بەرگری کردن و هێڕش بردن بکەن، واتا تیپەکە بەشێوەی یەک جەستە یاری بکات ، نەک کۆمەڵیک یاریزان ئەرکی هێڕش بردن بگرێتە ئەستۆی و کۆمەڵیکیتر ئەرکی بەرگری کردن (کە رێاڵ بەم شێوازە یاری دەکرد،واتا رێال دوو بەش بوو بەشی بەرگری کە هەندێک یاریزان بەرپرسیار بوون لێ،وە ئەرکی هێڕش بردن کە کۆمەڵیک یاریزان بەرپرسیار بوون لێی)

-بەگشتی دەتوانم بڵیم ئەمە ئەرک و تایبەندمەندێکانی پلانەکەی یۆرگن کلۆپ بوو لەگەڵ بروسیا...
......................................

سیستەمی پاڵەپستۆی بروسیا دۆرتمۆند

*بروسیا دۆرتمۆند بۆ پاڵەپستۆ کردن پشت دەبەستێت بە سیستەمی (hunting packs) واتا (پاڵپەستۆ کردن بە کۆمەڵ)، کە بەڕێژەیەکی زۆر لە هەمان سیستەمی پاڵەپستۆی بەرشلۆنا دەچێت... ئەم سیستەمە واتا بروسیا دۆرتمۆند دەست دەکات بە پاڵەپەستۆ کردنە سەر تیپی بەرامبەر لە ناوچەکانی هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەروە،واتا یەکەم یاریزان کە دەست دەکات بە بەرگری کردن (لیڤاندۆڤسکییە)، پاشان یاریزانی هڵی ناوەرآست و باڵەکانیش هەمان ئەرک ئەنجام دەدەن تاکو دەگاتە گۆندوگان و سباستاین کێل و کۆبا و رێوس و گۆتزە..هتد.
ئەما شێوازی یاری کردنی کلۆپ لە (نێواندا) ، بۆ دەڵیم لە نێواندایە (چونکە هەندێک یانە و تیپ پشت بە ڕیتمێکی خیرا دەبەستن لە یاری کردن و دروست کردنی هێڕش، وە هەندێکیتر پشت بە ڕیتمێکی خاو دەبەستن لە یاری دروست کردنو هێڕش بردن)..بەڵام کلۆپ هەردوو شێوازەکەی تێکەڵ کردوە، واتا (هەندێک کات ڕێتمی یاری خاو دەکاتەوە تاکوو تیپی بەرامبەر غافڵگیر دەبن و دوای ئەوەی یەكراست هێڕشێکی تیژڕوو و ڕیتم خێرا ئەنجام دەدات..هەروەها یەکێک لە چەکە بەهێزەکانی بروسیا بریتیە لە "هێرشی هەڵگەڕاوە").

________________

-نزیکی نێوان هێلەکان و پابەندبوونی تاکتیکی

یەکێک لەو کارانەی کە یۆرگن کلۆپ زۆر بە جوانی ئەنجامی داوە لەگەڵ بروسیا ئەوەیە کە هەر سێ هێلی یاریی کردنی بەشێوەیەکی زۆر باش نزیکن لەیەکەوە(بەرگری-ناوەڕاست-هێرش برند).ئەم کارەش وایکرد کە دۆرتمۆند بتوانێت ئازادانە پاڵپەستۆی بەرز بخاتە سەر تیپەکانی بەرامبەر و ماندویان بکات،لەهەمان کاتدا لەکاتی وەرگرتینی تۆپیشدا،بەئاسانی پاسی کورت و وورد لە نێوان هێڵەکاندا ئەنجام بدات..هەروەها ئەم کارە وایکرد دۆرتمۆند باری خۆی لە هێڕش بردنەوە زۆر زوو بگۆڕێت بۆ بەرگری کردن و لەبەرامبەریشدا بە زووی دەیتوانی لە حاڵەتی بەرگریوە دەرچێت بۆ هێڕش برند.کە ئەمە هەمان شێوازی یاری کردنی بەرشلۆنایە.

____________________

-نەبوونی خاڵێکی جێگیر لە هێڵی هێڕش بردن

خالێكی گرنگ و سەرەکی لە تاکتکی یۆرگن ئەوە بوو کە لە دۆرتمۆندا نەتدەتوانی بڵێی یاریزانێک هەیە کە ئەرکی گۆڵ کردنەوە سەرکردەی هێڕش برندە لە دۆرتمۆند..بەڵکو هێڵی ناوەڕاست و هێڕش بردن تێكەڵەێکی وایان دروست دەکرد کە هەموویان پێکەوە هێڕشیان دەبرد..هەروەها کاری جێگۆڕکێ یاریزانەکانی لە بەشی هێڕشبرندا ژیرانەترین کاری کلۆپ بوو کاتێک هەریەک لە (ڕیۆس و گۆتزەو کۆبا و لیڤا) بە بەردەوامی جێگۆڕکێان دەکرد و ئەرکی جێگاکانی یەکتریان دەگرتە ئەستۆ...بۆنمونە لە یاریی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگدا بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ئەگەر بیرتان بێت کێ گۆڵەکانی بروسیا کرد تێدەگەن مەبەستم چیە.بۆیە دەمان بینی زۆر جار لیڤاندۆڤسکی دەگەڕایە دواوە بۆ هێڵی ناوەڕاست و لەبەرامبەردا ریۆس و گۆتزە سەردەکەوتن بۆ هێلی هێڕش بردن .. وە ئەم کارە وای دەکرد شپرزەیی بکەوێتە هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەرەوە.
_________________

شێوازی بروسیا دۆرتمۆند لە چەند خاڵیكی کورتدا
*پاڵپەستۆی بەرز لەسەر تیپی بەرامبەر
*پشت بەستن بە باڵەکان لە کاتی هێڕش برندا و جێگۆڕكی نیوان باڵەکان و یاریزانانی چەق
*بەرگری کردن بە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزان، بەشێوەیەک هەموو یاریزانەکان دەگەڕێنەوە بۆ بەرگری کردن و تەنها یەک یاریزان لەسەر هێڵی ناوەڕاست دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەو یاریزانەوە (هێرشێ هەڵگەڕاوە)دروست بکەن کاتێک تۆپەکاین وەرگرت
*دەست بەسەرداگرتنی تۆپ
*بەکار هێنانی هێز و توانی جەستەی بۆ لێکخشاند لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر.
*هیڕش کردن بە کۆمەڵ و بەرگری کردن بە کۆمەڵ.
______________
تێبنی : ئەم قسە و باسانە ئەو دوو یارییە ناگرێتەوە کە بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ئەنجامیدا لە چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

 

تایبەت بە پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ

Back