شـیکاری تاکتیکی: بــایــرن مـــیونخ لە سەردەمی پــیپ گــواردیــولا

15/08/2013 16:30

نوسینی/بڵند فاتیح

-هەموو جیهانی تۆپی پێ سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و پشیبینی کردنی ئەوەن کە ئایا لە وەرزی نوێدا گواردیولا لەگەڵ بایرن میونخدا چۆن دەردەکەوێت ؟؟ زۆربەی بۆچوونەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بایرن بە شێوازی تیکی تاکا یاریی دەکات و گواردیولا هەوڵ دەدات لەسەر ئەو سیستەمە کار بکات، بێگومان زەمینەی بایرن میونخ بۆ سیستەمی تیکی تاکا زۆر لەبارە و دەکرێت گواردیولا کار لەسەر ئەو بنەمایانە بکەن، ئەوەش چ لەبەر ئەوە بێت کە زۆربەی یاریزانەکانی بایرن پێشتر لە گەڵ ڤانگالدا پیڕەوەی سیستمەی تۆپی گشگیریان کردوە، یاخود لەبەر ئەوە بێت کە یاریزانەکانی بایرن لە ئاستێکدان کە دەتوانن لە ژێر ئەو سیستەمدا سەرکەتووبن.

هەروەها بەپێ ئامارێک دەرکەتووە کە بایرن میونخ لە وەرزی ڕابردوودا لە دوای بەرشلۆنا دووەم باشترین یانە بووە لە ڕووی هەڵگرتنی تۆپدا، بێگومان هەموو ئەم هۆکارانە پێشتر گواردیولا خوێندنەوەی بۆ کردوە و دەزانێت کەش وهەوای ئەو یانەیە زۆر لەبارە بۆ پەیڕەوەی کردنی فکر و شێوازی یاریی کردنی خۆی.

-گواردیولا لە دواین وەرزی لەگەڵ بەرشلۆنا و پلانی (٣-٤-٣)

بێگومان گواردیولا لە دواین وەرزیدا لەگەڵ بەرشلۆنا هەوڵیدا پەرە بدات بەشێوازی تیکی تاکا و هەندێک دەستکاری پۆزەتیڤانە لە سیستەمەکەدا بکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی یانەکە لەو وەرزەدا بە هۆی پێکانی زۆری یاریزانەکانەوە هەمیشە دەیناڵاندو کەم و کورتی هەبوو، بۆیە پیپ ناچار بوو هەندێک داهێنان بکات بۆ ئەوەی یانەکە لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە،جگە لەوەی گواردیولا یەکێکە لەو ڕاهێنەرە دەگمەنانەی کە هەمیشە حەزی لە تازەگەری و کاری جیاوازە لە تاکتیکی تۆپی پێدا. ئەم ڕووداوانە بوون بە هۆکاری ئەوەی کە گواردیولا پەیڕەوەی پلانێکی نوێ بکات لەگەڵ بەرشلۆنا کە ئەویش (٣-٤-٣) بوو ئەم پلانە.
ئەم پلانە پێشتر بەکار هێنراوە لەلایەن ئەو ڕاهێنەرانەی پەیڕەوەی سیستەمی (یاریی گشتگیر)یان کردبێت ، بەڵام وەکوو پلانی سەرەکی پیڕەوەیان نەکردوە بەڵکو بۆ حاڵەتی فریاگوزاری بووە،مەبەستم لە حاڵەتی فریاگوزاری و کتوپڕ ئەوەیە، هەندێک جار یانەکە توشێ پێکانی زۆر بووە و نەیتوانیوە پەیڕەوەی پلانی سەرەکەی خۆی خۆی بکات بۆیە پشتی بەستوە بەم پلانە،واتا وەکوو پلانی دووەم بەکاریان هێناوە.
بەلام گواردیولا سەرەڕای ئەوەی کەم و کورتی هەبوو لە بەرشلۆنادا، بەڵام دەیویست شتێکی نوێ بکات بۆیە ئەم پلانەی بەکارهێنا لە دواین وەرزیدا، سەرەڕای ئەوەی پلانێکی پڕ مەترسیەوە و ڕیژەی سەرکەوتنی زۆر کەمە، هۆکاری مەترسیداری ئەم پلانەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە دەبێت یانەکە هەمیشە پاڵپەستۆیەکەی بەرز بخاتە سەر تیپی بەرامبەر و بە هێلێکی بەرگری بەرز(واتا هێڵی بەرگری لەنزیک هێڵی ناوەڕاستەوە دەوەستێت) یاریی بکات، سەرەڕای ئەوەی دەبێت پاسی هەڵەیان زۆر کەم بێت یاریزانەکان، چونکە هەر پاسێکی هەڵە ئەگەری گەورەی هەیە کە ببێتە هێرشێ هەڵگەڕاوە.
ئێستا با باسی خاڵە لاوازەکانی ئەم پلانە بکەین لەو کاتەی پیپ گواردیولا لەگەل بەرشلۆنادا بوو.

خاڵە لاوازەکانی (٣-٤-٣) لە سەردەمی (گواردیولا-بەرشلۆنا).
١-هێڵی بەرگری بەرشلۆنا هەمیشە پێکانی هەبوو، بۆیە پیپ زۆربەی کاتەکان ناچار بوو ، پشت بە (بۆسکێتس و ماسکیرانۆ )ببەستێت لەو هێلەدا، ئێمەش دەزانین ئەو دوو یاریزانە هەمیشە لە هێلی ناوەڕاستدا یارییان کردوە، بۆیە بەکارهێنانیان لە هێلی بەرگریدا کارێکی مەترسیدارە بەتایبەتی کاتێک لە پلانێکدا بەکارییان دەهێنت کە خودی خۆی هێلی بەرگری تێدا لاوازە و پێویستە یاریزانەکانی ئەو هێلە لەو پلانەدا پسپۆڕی هێلی بەرگری ببن و ئاستیان زۆر بەرز بێت.
٢-ئەم پلانە لە ڕوی تۆپی هەوایی و تۆپی جێگری زۆر لاواز بوو، مەبەستم لە تۆپی هەوایی و تۆپی جێگیر (کۆرناڵ و لێدانە ڕاستەوخۆ و لێدانە ناڕستەخۆکانە) ، بۆیە دەمانبینی زۆربەی ئەو گۆڵانەی لەبەرشلۆنا دەکرا لە ڕێگای تۆپی هەوای و تۆپی بەرز بوو.
٣-بێ توانایی بەرشلۆنا لە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو تیپانەی کە پشت دەبەستن بەسیستەمی پاڵەپستۆی بەرز، هەروەها پشت دەبەستن یاریی کردن لەسەر باڵەکان، بەتایبەتی ئەو تیپانەی کە دوو باڵی هێڕشبردنی خێرایان هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هێڵی بەرگری بەرشلۆنا هەمیشە بۆشایی زۆری تێدا بوو کە گواردیولا بۆ چارسەر کردنی ئەم کێشەیە پشتی بەستبوو بە قەرباڵغ کردن و بەهێز کردنی هێلی ناوەڕاست بەیاریزان چوارەم بۆ ئەوەی کەم و کورتێکانی هێلی بەرگری دەرنەکەوێت.
بەلام وەکوو باسمان هێلی بەرگری بەرشلۆنا هێڵێک بوو هەمیشە یاریزانی پسپۆڕی تێدا یاریی نەدەکرد و هەروەها یاریزانەکانی ئەو هێلە خێرا نەبوون لە داپۆشین و روماڵ کردنی بۆشایەکانی هێڵێ بەرگری، ئەمەش هۆکارێکیتر بوو سەرنەکەوتنی ئەم پلانە لەو کاتەدا، هەر ئەم هۆکارەش بوو وای کرد پیپ گواردیولا پێش یارییەکی کلاسیکۆ لێدوانێک بدات و بڵێت "زۆر ئەستەمە بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید بە پلانی (٣-٤-٣)یاریی بکەین.
هەموو ئەم هۆکارانەو چەند هۆکارێکی دیکەیش کە نامەوێت باسی بکەم بۆ ئەوەی هەویرەکە ئاوی زیاتر نەکێشێت، بوون بە هۆکاری سەرنەکەوتنی پلانی (٣-٤-٣) لەو کاتەدا . بەڵام بێگومان ئەم هەوڵدانەی پیپ بۆ پەیڕەوەی کردنی ئەم پلانە هەوڵدانێکی ئاسایی و تەنها بۆ چارەسەر کردنی کێشەیەک نەبوو بەڵکوو هەنگاوێکی جدی بوو بۆ پەرەپێدان بە سیستەمی تیکی تاکا.

پیپ گواردیولا و بایرن میونخ و پلانی (٣-٤-٣).
-بێگومان وەکوو ئەوەی من هەستی پێبکەم بۆ گواردیولا تەحدایەکی گەورەیە کە بەم پلانە لە ژێر سیستەمی تیکی تاکدا یاریی بکات، چونکە لە ئێستادا سیستەمی تیکی تاکا تاڕدایەکەی زۆر ئاشكرا و ڕوونەووە، نهێنێکانی ئاشکرا بووە بۆ یانەکانی دیکە و دەتوانن ڕوبەڕویی ببنەوە، بۆیە پەیڕەوەی کردنی هەمان سیستەم و هەمان شێوازی تیکی تاکای بەرشلۆنا، کارێکی نائاقڵانەیە، لەو باوەڕدا نیم کە پیپ هەمان کاری جاران بکاتەوە، بۆیە ناچار لە سیستەمی تیکی تاکادا داهێنان بکات و شتێکی نوێ ئەنجام بدات تاکوو بۆ چەند ساڵیک بتوانێت کۆنترۆڵی تۆپی پێ ئەروپی بکات.
ئەوەی کە یارمەتی پیپ دەدات پلانی (٣-٤-٣) پەیڕەوە بکات لەگەڵ بایرن میونخدا، کوالێتی و تایبەندمەندی یاریزانەکانی ئەو یانەیەیە، چونکە بەڕاستی یانەکە کۆمەڵیک یاریزانی هەیە کە بەتەواوەتی کامڵن و دەتوانن لەژێر هەر سیستەمێکدا یاریی بکەن، وە لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر ئێمە سەیری خاڵە لاوازەکانی ئەو پلانە بکەین لە سەردەمی بەرشلۆنادا دەبینی هیچ خاڵیکی لە یاریزانەکانی بایرن میونخدا نیە.
بۆنمونە ئەگەر باسی کێشەی تۆپی هەوایی و بەرز بکەین،ئەوا دەبینین نەک تەنها خاڵیکی لاواز نیە لە بایرن میونخدا بەڵکو تۆپی بەرزی و هەوای خاڵێکی بەهێزە لە یاریزانەکانیدا، هەروەها لە ڕوی هێلی بەرگریەوە تاکوو بڵێی هێڵكی تۆکمە و بەهێزە و لەهەمان کاتدا یاریزانەکانی ئەو هێلەی خاوەن خێرایەکی باشن کە زۆر بە ئاسانی و جوانی دەتوانن روماڵی بۆشایەکانی هێلی بەرگری بکەن،سەرەڕای ئەوەیە هێڵی بەرگری بایرن یاریزانێکی تێدایە کە دەتوانێت خاڵێکی بەهێزی دیکە بۆ ئەم پلانە زیاد بکات ئەویش (دانتیە)ئەم یاریزانە دەتوانێت وەکوو لیبرۆ یاریی بکات و رووماڵی هەڵەکانی یاریزانانی هاوڕێی بکات و لەهەمان کاتدا دەتوانێت لە هێلی بەرگریدا بێت و ئەرکی یاریزانی تەوەری ناوەڕاست بجێبهێنێت.

هەندێک مەرج و خاڵی بەهێزی پلانی (٣-٤-٣)
لێرەدا باسی هەندێک خاڵی بەهێزی ئەم پلانە دەکەم و بەراوردی دەکەم لەگەل یاریزانەکانی بایرن میونخ

١-لە ڕێگای ئەم پلانەوە دەتوانرێت پاڵپەستۆی بەرز بەسەر تیپی بەرامبەر بکات، واتا یەکەم چەکی بەرگری ئەم پلانە پاڵەپستۆیە، بێگومان ئەگەر تەماشای بایرن میونخ بکەین لە وەرزی ڕابردودا دەبینین لەم خاڵەدا زۆر بەهێز بوو ، وە هەموو یاریزانەکانی بایرن بەشداریان دەکرد لە پاڵپەستۆ کردن بەسەر تیپی بەرامبەر، ئەگەر لەبیرمان بێت زۆربەی کاتەکان مانزۆکێچیش دەگەڕایەوە بۆ دروست کردنی پاڵپەستۆ.
٢-لەهێلی ناوەڕاستدا بە دەتوانیت بە یاریزانێکی زیاترەوە یاریی بکەیت و بەمەیش دەتوانیت بە هێزیكی زیاترەوە هێرش ببەیت.
ئەم رۆڵە لە بەرشەلۆنادا فابریگاس دەیگێرا لە دواین وەرزی پیپ گواردیولا،لێرەشەوە ئەو یاریزانەی لە بایرندا هەن و تایبەندمەندیان لە فابریگاسەوە نزیکە و یەکێک لەم سێ یاریزانەیە (مۆلەر-کروس-تیاگۆ)
٤-مەرجێکی ئەم پلانە ئەوەیە کە دەبێت دوو یاریزانی تەوەری ناوەڕاست هەبێت کە بتوانن هەردوو یاریزانی دڵی بەرگری دابپۆشن و لە کاتی بەرگری کردندا یارمەتیان بدەن، بێگومان لە بایرندا دەکرێت سوود لە (مارتینێز و شڤاینی )وەربگیڕدرێت لەم کارەدا.لێرەوە دەتوانین بڵین پیپ گواردیولا لە ڕێگای پلانی (٣_٤_٣) داهێنان بکات لە سیستەمی تیکی تاکا و کارێکی وەها بکات کە تیکی تاکا لە بەرگێکی نوێدا پێشکەش بکات، هەروەها وەکوو دەزانین هێڵی ناوەڕاستی بایرن بەهێزترین و دەوڵەمەندترین هێڵێتی ، بۆیە لە ڕێگای ئەم پلانەوە و دەتوانرێت زۆرترین یاریزنای هێڵی ناوەڕاست بەشداری یاریی بکەن و سوود لەو خاڵە بەهێزەی بایرن بە جوانی وەربگیردرێت.

*بەم شێوەیە کۆتایی بە باسەکەمان دێنم.
بێگومان هەموو ئەمانە تەنها پێشبینی و رای تایبەتی خۆمە، تەنها لەو چوارچێوەشدا باسم کردوە، ڕەنگە وانەبێت و ڕاست دەرنەچیت چونکە گواردولا یەکێکە لەو ڕاهێنەرانەیە هەمیشە سوپرایزی پێیەوە و شتێکی چاوەڕوانەکراو دەکات.
سوپاس بۆ خوێندنەوەتان و بەهیوای ئەوەی سەرتانم نەهێنا بێتە ئێش 

تایبەت بە پەیجی تاکتیکی تۆپی پێ

Back