سەرنجێک دەربارەی "شۆڕشی تۆپی پێی بەلجیکا"
09/09/2013 23:17-من بەش بەحاڵی خۆم، پێشتر چاودێری ئەم هەڵبژاردەیەم نەکردوە و تاکوو ئێستا تەماشای هیچ یارییەکیانم نەکردوە، بەڵام لەم ماوەیەیەدا ئەم هەڵبژاردەیە خۆی سەپاند بەسەر تۆپی پیێ ئەروپی،هاوکات ئێمەی بینەرەیشی ناچار کرد کە زیاتر گرنگی پێبدەین، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵیک یاریزانی لاوی بەهرەداری ئەو هەڵبژاردەیەمان بینی لە خولەکانی ئەوروپادا دەدرەوشێنەوە، نمونەی ئەوانەش ( ئیدین هازارد، مەروان فیلانی، فینست کۆمپانی،کیڤن دی بروین، کیڤین میرالێش، ناسر شەزەلی...هتد). لێرەوە لەم ئەم ماوەیە دەستم کرد بە گەڕان و خوێندنەوەی کۆمەڵیک بابەت لەسەر ئەم هەڵبژاردەیە و چۆنێتی میکانیزمی کار کردنیان بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە لە هەڵبژاردەیەکی لاوازی ئاست نزمەوە ببنە ئەو پایە بەرزەی کە ئێستا دەبینین. لێرەشەوە حەزم کرد ئەو کۆمەڵە زانیاری و بابەتانەی کە لەسەر هەڵبژاردەکە خوێندمەوە بکەمە بابەتێک و ئێوەیش ئاشنا بکەم بەم هەڵبژاردە سەرنج ڕاکێشە, بەتایبەتی لە ڕووی چۆنێتی دانانی پلانی دروست کردنی هەڵبژاردەکە و ئەو دووربینیەی کە یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە هەیەتی
-وەک دەزانن، هەڵبژاردەی بەلجیکا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی (٢٠١٤) سەرداری گروپەکەی خۆیەتی بە جیاوازی (٥) خاڵ دوور کەتوەتەوە لە نزیکترین ڕکابەرەکانی خۆی، بەتایبەتی گروپەکەی بەلجیکا کۆمەڵێک هەڵبژاردەی خاوەن مێژوو لە خۆدەگرێت وەکوو (ئسکۆتلەندا-کرواتیا-سربیا)، لە ئێستادا ئەم هەڵبژاردەیە پێیەکی خستوەتە وڵاتی بەرازیل و زۆر بە توندی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئامادەیە بەشداری پاڵەوانێتێکە بکات.
ئەگەر ئێمە تەماشایەکی هێلەکانی ئەو هەلبژاردەیە بکەین، دەبینین کۆمەڵێک یاریزانی بەهێز و ناوازە دەبینین، سەرەڕای ئەوەی هەریەک لەو یاریزانانە ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان هەیە لەگەڵ یانەکانی خۆیان. بۆ نمونە لە ئاستی گۆڵپارێز ئەوە هەریەک لە (سیموینت میگویل و کورتوا) دەبینی کە هەردووکیان بۆ یانەی لیڤەرپوول و ئەلەتیکۆ مەدرید یاریی دەکەن، هەروەها لە هێلی بەرگری هەریەک لە (فینست کۆمپانی- ڤان بۆیتن،فیرتونخ، فیرمایلن) دەبینی، هێڵێ ناوەڕاستیش کە بەهێزترین هێلی هەڵبژاردەکەیە پێکدێت لە (مەروان فیلانی-موسی دیمبلی-ئەلێکس ڤیتسل"یاریزانێکی بەهرەمەندە و ئێستا لە یانەی زینتی ڕوسی یاریی دەکات"-توماس پاڤێل-ناسر شەزەلی-کیڤن میرالیس ) ، جگە لەوەی کۆمەڵێک یاریزانی هێڕشبەری زۆر بەهێز و خاوەن بەهرەی هەیە، وەک (لۆکاکۆ-ئیدن هازارد- دی بروین-بینتیکی- هەروەها دیرس میرتینز ) بێگومان وەکوو دەبینین ئەم هەڵبژاردەیە کۆمەڵیک یاریزانی زۆر باشی تێیدایە کە دەکرێت لە حاڵەتی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال ببنە یەکێک لە هەڵبژاردە بەهێزەکان کە خاوەن دەنگی خۆیان ببن و نەخشەی ئەو گروپە تێکبدەت کە تێیدا ئامادە دەبن.
-خولی بەلجیکی لە ڕێزبەنی (دوازەدەیەم)دایە لە نێوان خولەکانی ئەروپا ، هاوکات هەڵبژاردەی بەلجیکا لە ڕێزبەندی (٢٠)دایە لە ئاستی هەڵبژاردەکانی جیهان. بەڵام بەپێی ئەو ڕیزبەندە نوێیە کە دەبێت مانگی داهاتوو دەربچێت لەلایەن فیفا ئەوە ئەگەری هەیە بچیتە پلەی (٥) ڕیزبەندێکە. لێرەوە دەبێت پرسیارێکی تایبەت و گرنگ بکەین.
ئایا تۆپی پێی بەلجیکی چۆن گەیشت بەم ئاستە بەرزەی خۆی؟؟
لایەنی ئابووری و تەکنیکی
هەنگاوی یەکەم: سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە لە ساڵی (١٩٩٧) هەموو یانەکانی خولی بەلجیکی لە بری پەخش کردنی یارێکانی خولەکە لەلایەن کەناڵە تەلفزیونێکانەوە تەنها ١٣ ملیۆن دۆلاریان هەبوو وەکوو قازانج . واتا هەموو ئەو پارەی کە خولی بەلجیکی دەستی دەکەوت لە بەرامبەر گواستنەوەی یارێکانی، تەنها ١٣ ملیۆن بوو. بەڵام لە دوای ساڵی (٢٠٠٢) یەکێتی تۆپی پێی بەلجیکی دەست کرد بە کارکردن بۆ زیاد کردنی ئەو بڕە پارەیە، ئەمەش لە ڕێگای مۆرکردنی گرێبەست لەگەل چەندین کۆمپانیای وەرزشی کە کاری گواستنەوەی یاریی خولەکەنای ئەروپا دەکەن،جگە لەوەیە لە ڕێگای کۆمەڵیک کۆمپانیای دیکەوە هەستا بە ئەنجامدانی ریکلام بۆ خولی بەلجیکی، بێگومان ئەنجامی ئەم کارانە بەرهەمێکی ئابووری باشی لێکەوتەوە، بە جۆرێک لە ئێستا هەر یانەکەی خولی بەلجیکی هەموو وەرزێک نزیکەی (١٥ ملیۆن دۆلار) داهاتی گواستنەوەی یارێکانی چنگ دەکەوێت، لێرەوە دەتوانین هەست بەو بوژانەوە ئابوریە بکەین کە ئەم خولە بە خۆیەوە بینیوێتی.
هەنگاوی دووەم: دوای هەنگاوی یەکەم، یەکێتی تۆپی پێی بەلجیکی بە هاوکاری یانەکانی خولی بەلجیکی هەستان بە ئەنجامدانی پرۆژەیەکی دیکە ، ئەویش گرنگیدان بوو بە کەرتی لاوان. ئەوەش لە ڕێگای کردنەوەی کۆمەڵیک ئەکادیمیای تایبەت بە تۆپی پێی بۆ هەموو یانەکان، واتا هەموو یانەکان قوتابخانەیەکی تایبەتیان دروست کرد بۆ گرنگیدان بە گەنجان و پێگەیاندنی لاوانی وڵاتەکە. بۆنمونە یانەیە (ستاندرلێج) هەستا بەکردەنەوی قوتابخانەیەکی تایبەت بە ناوی ( ڕۆبێرت لویس دریفوس) کە هەڵدەستێت بە لەباوەش گرتنی منداڵە تازە پێگەیشتوەکان و فێرکردنیان و بەروە پێشبردنی لایەنی هونەری و تاکتیکی و جەستەیی منداڵەکان، بە جۆرێک لە ئێستادا ئەو قوتابخانەی (ستاندارلیج) بە باشترین قوتابخانەکانی ئەروپا دادەنرێت.
هەنگاوی سێیەم: دوای چاکردنی لایەنی ئابوری خولی بەلجیکی و بەرەو پێشبردنی توانای گەنجە بەلجیکێکان، یەکێتی تۆپی پێی بەلجیک و یانەکانی خولەکە هەستان بە بەستنی کۆمەڵیک گرێبەست لەگەڵ یانەکانی خولی (پریمەرلیگ)، گرێبەستەکە بریتی بووە لەوەی کە ئەو یاریزانانەی کە لە خولی بەلجیکیدا بەهرەمەندن و دەردەکەون بگوازرێنەوە بۆ خولی پریمەرلیگ و لەبەرامبەرد بڕێک پارەی وەربگرن،بەمەش لە ڕوویەکەوە یاریزانەکان پێشدەکەون لە ڕوویەکیترەوە هەندیک قازانجی ماددیش دەکەن، هەروەها لیرەوە دەتوانین هۆکاری بوونی ئەو هەموو یاریزانە بەلجیکیە بزانین کە لە خولی ئنگلیزی یاریی دەکەن.
چۆنێتی ئامادەکردنی هەڵبژاردەی یەکەم، هەندێک سەرژمێری کە پێشکەوتنی هەڵبژاردەکە دەردەخات.
- مۆندیالی ساڵی (٢٠٠٢) دوای پێشبڕێکیی فەرمی و جیهانی بوو کە هەڵبژاردەی بەلجیکا بەشداری تێیدا بکات. لەوکاتەدا یاریزانیکی بەناوبانگی بەلجیکا دواین مێژووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەنووسیەوە، ئەویش یاریزانی بەلجیکی بەناوبناگ خاوەن ئەو گۆلەی کە لەبەرازیل کردی و داوەری یاریگا بۆی ئەژمار نەکرد و دوای یارێیکە هەر بۆ خودی یاریزانە دانی پیدا نابوو کە گۆڵەکەی دروست بوو، مەبەستم لە(مارک فیلموتس)ە، ئەفسانەی یانەی شاڵکەیە کاتێک ساڵی (١٩٩٧) توانی سەرکردایەتی یانە ئەڵمانێکە بکات بۆ بردنەوەی نازناوی (جامی یەکێتی ئەورپا). بگەڕێینەوە سەر بابەتەکی خۆمان و دوای دابڕان بۆ ماوەی ١١ ساڵ، هەڵبژاردەی بەلجیکا لە ساڵی (٢٠١٠) بە قۆناغێکی نوێ تێدەپەڕێ کە سەرقاڵی گۆڕینی پێستی خۆی بوو. لەو کاتەدا هەڵبژاردەکە زۆربەی یاریزانە کۆنەکانی خۆی دورخستەوە و ڕاهێنەرێکی دیکەی هێنا بەناوی ( جورج لینکز) هاوکات ((مارک فیلموتس) وەکوو ڕاهێنەری یاریدەدر دەست نیشان کرا،بەلام لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠١٠ نەیانتوانی سەربکەوین.
لە پاش ئەم گۆڕانکارییە و ئەگەر چەند سالێک بچینە پێشەوە ، لە پاڵاوتنەکانی (جامی یۆرۆی ٢٠١٢) دیسان نەیانتوانی سەربکەون بۆ پاڵەوانێتیکە بەلام هەریەک لە ( جۆرج لینکز و مارک فیلموتس) توانایان بەردی بناغەی هەڵبژاردەیەکی تۆکمە و بەهێز دابمەزرێنن، لە پاشاندا لینکز وازی لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە هێنا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا مارک فیلمتوس وەکوو ڕاهێنەری تیپی یەکەم کار دەکات. خودی فیلمتوس لە مۆندیالی ساڵی ٢٠٠٢ یەکێک بوو لە ١٢ یاریزانەی هەڵبژاردەکە کە تەمەنیان لە سەرەوەی (٣٠) ساڵ بوو، بەڵام لە ئێستادا تەنها ٣ یاریزان لە هەڵبژاردەکەدا تەمنیان لە سەرەوی (٣٠)ساڵە، وە (١٠) یاریزانی تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکە تەمنیان لە خوار (٢٤) ساڵە، ئەمەش نیشانە بوونی تیپێکی گەنجی بەهێزە. جگە لەوەش لە مۆندیالی (٢٠٠٢) لە لیستی ئەو (٢٣) یاریزانەی کە بانگهێشت کرا بوون بۆ هەڵبژاردەکە تەنها (٨) یاریزانیان لە درەوەی بەلجیکا یارییان دەکرد. لە ئێستا ئەو (١١) یاریزانەی کە لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەدا ئامادەن هەموویان لە درەوەی بەلجیکا یاریی دەکەن، واتا پیشەگەرن.
هەندێک زانیاری دەربارەی تۆپی پێی بەلجیکی
-مارک فیلموتس، هیج یاریەکی فەرمی نەدۆڕاندەوە لەوەتەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەکات
-(٦٨) گۆل، سەرجەمی ئەو گۆڵانەی کە یاریزانە بەلجیکێکان کردوویانە لە خولی ئنگلیزی، وە تەنها یاریزانە ئسپانی و ئنگیلزەکان لە بەلجیکێکان زیاتر گۆڵیان کردوە
-بە پێێ ڕاپۆرتی سایتی (transfermarkt ) (٩) یاریزان لە هەڵبژاردەی بەلجیکا نرخیان لە سەرووی (١٥) ملیۆن دۆلارەوەیە
-هەڵبژاردەی بەلجیکا زۆرترین خاڵی کۆکردوەتەوە لە نێوان هەموو هەڵبژاردەکانی ئەروپا کە بەشداری پاڵاوتنەکانی مۆندیالی بەرازیل دەکەن، (١٩) خاڵ
-لە نێوان ئەو (٦) یاریزانەی کە پاڵێورابوون بۆ بردنەوەی باشترین یاریزانی لاوی وەرزی ڕابردووی پریمەرلیگ، (٣) یاریزانیان بەلجیکی بوون (لۆکاکۆ-هازارد-بینتیکی)
-لە کۆی ٧ یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی بەرازیل ، بەلجیکا تەنها (٢) گۆڵی لێکراوە.
———
Back