ئینفانتینۆ و هەنگاوەکانی داهاتووی، وەکوو سەرۆکی فیفا
31/03/2016 12:55دوای چەند ساڵێک لە حکومڕانی جۆزێف سیپ پلاتەر لە کۆتاییدا سەرۆکێکی نوێ بۆ یەکێتی تۆپی پێی جیهان هەڵبژێردرا. جیانی ئینفانتینۆ کە زێدی لەدایک بوونی تەنها ٦ کلم لە گوندەکەی سێب پلاتەرەوە دوورە، لە ئێستادا وەکوو سەرۆکێکی نوێ ئەو ماوەیە تەواو دەکات کە پێش چەند مانگێک بڕیار بوو سێب پلاتەر تێیدا حکومڕانی بکات. ڕیگای جیانی بۆ کورسی سەرۆکایەتی ڕێگایەکی دوور بوو تێیدا گەشتی بۆ زیاتر لە ١٠٠ وڵات کرد تاکوو لە نزیکەوە چاوی بە یەکێتی وڵاتەکان بکەوێت و یەک یەک گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و کارنامەکەی خۆی بخاتە بەردەستیان. بۆ ڕازیکردنی ئەو ١١٥ یەکێتییەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٦ی فەبریوەریدا دەنگیان پێدا، جیانی بەشێوەیەکی زۆر ژیرانە کۆمەڵیک دەستکەوتی جیاوازی خستە بەردەست سەرۆکی یەکێتییەکان. کاتێک چووە ئەفریقیا، جیانی پەیمانی کورسی ئەمینداری گشتی فیفای بە ئەفریقییەکان بەخشی. کورسییەک کە لەوەتەی هەیە ئەوروپییەکان خاوەنی بوونە، ئەمڕۆ جیانی وانیشانی دەدات کە دەیەوێت یەکێکی ئەفریقی لەسەر دابنێت. لە درێژەی سەفەرەکەیدا جیانی کە چووە دیداری یەکێتی تۆپی پێ ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کاریبی(کۆنکاکاف) جیانی پەیمانیدا ژمارەی کورسییەکانی کۆنکاکاف لە مۆندیالیدا زیاد بکات. ئەو کورسییانەی کە یەکێتییەکانی کۆنکاکاف دەمێکە خەونی پێیەوە دەبینین و چەندین جار بەرهەڵستکاری فیفایان کردووە لە پێناویدا. ئینفانتینۆ کە لە ئەمریکای باشوور نیشتەوە، دڵنیابوو لەوەی کە زۆربەی دەنگەکان بۆ ئەو دەبێت، بەو پێیەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە لە نێوان نەخێل ماریا ڤیار سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئسپانی لەگەڵ جێگر و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، هاوکات ڤیار بە پاڵپشتێکی گەورەی ئینفانتینۆ دادەنرێت. هەر بۆیە جیانی تەنها بۆ سەردان و دووپات کردنەوەی دۆستایەتی سەردانی کیشوەرەکەی کرد، جگە لەوەی پەیمانی پارە و سامانی زیاتری پێبەخشین.
لە ئاسیا جیانی سوودی لە لوتبەرزی و خۆبەزلزانی شێخ سەلمانی ڕکابەری وەرگرت. شێخ سەلمان کە بە سەرەکیترین ڕکابەرەکانی کورسی سەرۆکایەتی دادەنرا، زۆر بێباک بوو لە کۆکردنەوەی دەنگی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. کە ژمارەی دەنگەکانیان ٨ دەنگ بوو. هەر بۆیە ئەو ٨ وڵاتە دەنگەکانی خۆیان دا بە جیانی بەبێ هیچ بەرامبەرێک کە شایەنی باسکردن بێت. هاوکات لە رۆژئاوای ئاسیا جیانی سودی وەرگرت لە کێشە و ناکۆکێکانی نێوان شازادە عەلی کە یەکێکیتر بوو لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی فیفا لەگەل شێخ سەلماندا. هەر بۆیە بینیمان دەنگی وڵاتە عەرەبێکان لە بری ئەوەی لە پشتی یەکێک لە دوو کاندیدە عەرەبەکە کۆببێتەوە، دابەشبوو بەسەر دوو بەرەدا. لە کۆتاییدا کەسییان سودیان لە دەنگەکان وەرنەگرت. هاوکات لە ئەوروپادا خودی یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا نزیکەی ٥٠٠،٠٠٠ هەزار یۆرۆی لە کامپینی سەرۆکایەتییەکەی ئینفاتنیۆدا خەرج کردووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە وێفا زۆر دڵنیاییە لەوەی بە بوونی ئینفاتنینۆ بە سەرۆکی فیفا دیسان دەبنەوە خاوەن دەسەڵات و حكومڕان لە ناو فیفادا.
“ئێمە دووبارە وێنەی فیفا دەگەڕێنینەوە، وا دەکەین هەموو دونیا چەپڵەمان بۆ لێبدات و ڕێزمان لێبگرێت.” جیانی ئینفاتنینۆ بەم ڕستانە ماوەی سەرۆکایەتێکەی خۆی دەست پێکرد. لە کارنامەکەی خۆیدا پەیمانی کۆمەڵێک ڕیفۆرمی گەورەی داوە و لە ئێستادا چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٩٠ رۆژی سەرەتادا دەست بکات بە کارکردن لەسەریان. لەوانە زیادکردنی ڕۆڵی ژنان، شەفافەیت، زیاکردنی دەسەڵاتی ئەمینداری گشتی، کەم تا زۆر هاوسەنگ کردنی دەنگی هەموو یەکێتییەکان لە بڕیارەکانی فیفادا. لە هەمووشی گرنگتر کە زۆربەی سەرۆکە تەماح کارەکان چاوەڕێی دەکەن ئەوەیە کە بودجەی اساڵانەی هەموو یەکێتییەکان لە ٢ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٥ ملیۆن دۆلار زیاد بکات، هاوکات بودجەی یەکێتی هەریەک لە کیشورەکان بکات بە ٤٠ ملیۆن دۆلار. هەروەها ساڵانە ٤ ملیۆن زیاتر بۆ کۆنکاکاف و ئاسیا و ئەفریقیا تەرخان بکات، تاکوو پاڵەوانێتی لاوان ڕێکبخەن. جگە لەوەش پەیوەندی نێوان فیفا و یانەکان بەهێزتر بکات. هاوکاتیش ژمارەی کورسییەکانی مۆندیال لە ٣٢ کورسییەوە بکات بە ٤٠ کورسی. بێگومان ئەم جۆرە ڕیفۆرمانە، ڕیفۆرمەکانی پێشووی سێب پلاتەری دەهێنایەوە یادی زۆرێک لە خەڵک. بەو پێیەی وەک پلاتەر دەیەوێت تەنها لەڕیگای تەخشان و پەخشانکردنی پارەوە بۆ ماوەی ئەو چەند ساڵە حکومڕانی بکات. لەلایەکی دیکەوە شیخ سەلمان و هەندێک خەڵکی تر پێیان وابوو گەر وابڕوات فیفا تووشی قەیرانی دارایی دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموون و کارەکانی جیانی ئینفاتنینۆ لەگەڵ وێفادا، گەواهی بۆ دەدەن. بەو پێیەی لە ناوەڕاستی ئەو قەیرانەدا کە وێفای پێیدا تێدەپەڕی لە ساڵی ٢٠٠٨، جیانی توانی دوای ساڵێک وەکوو ئەمینداری گشتی دەستبەکاربێت و یەکێتییەکە ڕزگاربکات قەیرانە و لە ماوەی ٧ ساڵی دواتردا داهاتی وێفا سێ هێندە بەرزبووەوە. بە جۆرێک ئەمساڵ وێفا ڕایگەیاند کە داهاتی گەیشتووەتە ٢ ملیار دۆلار و بەمەش بە ڕێژەی ٢٠٪ داهاتی یەکێتییەکە زیادی کردووە. هەر هەر بۆیە دەکرێت بڵێین ئینفانتینۆ لەڕێگای هێنانی سپۆنسەری نوێ و زیادکردنی ڕیژەی داهات لە پەخش کردنی یارێکان و ریکلام کردن دەتوانێت پەیمانەکانی بباتە سەر و ڕیفۆرمە چاوەڕوانکراوەکە بکات بە واقعێک.
هەموو ئەم پەیمان و پلانانەی کە جیانی دایناوە، هەرچەند سەرەکی و گرنگ بن، بەڵام لە کۆتاییدا لاوەکی دەبینرێن کاتێک دێینە سەر باسی ئەو پەیمانە گرنگانەی کە جیانی بە ئەمریکای داوە. ئەمەش هەرچەندە بەنهێنی بووبێت، بەڵام لە کۆتایدا بوون بە سەرۆکی فیفا شتێکە کە ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمریکا دەستێکی تەواوی تێیدا هەیە. ئەمریکا چ بە نهێنی بێت یاخود ئاشکرا جەختی لەسەر بەدەستهێنانی میواندارێتی جامی جیهانی کردووەتەوە. لە ئێستایشدا چاوەڕوان دەکرێت دیاری ئینفانتینۆ بۆ ئەمریکا ئەوە بێت کە مۆندیالی سالێ ٢٠٢٦ لە ئەمریکا نزیک بکاتەوە، وە ئەگەر جیانی وەفاداری خۆی بۆ ئەمریکا نیشاندا، ئەوا دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٩ بەفەرمی ئەمریکا دەبێتە میوانداری ئەو مۆندیالە. بەهەمان شێوە ئەو پەیمانانەی ئینفانتینۆ لە کارنامەکەیدا داوێتی لاوەکین بە بەراورد بەو داواکارییانەی وێفا لە پیاوە سویسرییەکەی کردووە، لەبەرامبەر پاڵپشتیکردنیدا. وێفا کە لە ئێستادا لە ململانێیەکی توندایە لەگەڵ یەکێتی یانەکانی ئەورووپاداECA، لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە پشتگیری فیفا هەیە. بەو پێیە یەکێتی یانەکانی ئەورووپا دەیانەوێت بەڕەکە لە ژێر پێی وێفا دەربهێنن و هەموو داهات و سامانی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا بۆ خۆیان ببەنەوە. دوا کاردانەوەشیان لێدوانی کارل هاینز ڕۆمینیگەی سەرۆکی یەکێتییەکە بوو کە داوای کردنەوەی پاڵەوانێتییەکی کرد بە ناوی پاڵەوانێتیی سوپەری ئەورووپی. کە تێیدا بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو یانە بەهێز و گەورەکانی ئەورووپا بەشدار ببن. بە گشتی ECA بە ژانەسەر دادەنرێت بۆ وێفا چوونکە لە هەموو وردەکارییەکی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپادا شانبەشانی وێفا دەیەوێت بڕیار بدات و هاوپایەی بێت لە چرکە ساتە گرنگەکاندا. لێرەشەوە ئەرکی ئینفاتنیۆ ئەوە دەبێت دەسەڵات و مەترسی ئەم یەکێتییە کەم بکاتەوە و سنوورداری بکات، تاکوو وێفا بە ئارامی بەردەوامبێت لە قۆرخکردنی هەموو دەسەڵاتێکی تەنفیزی تایبەت بە چارەنووسی پاڵەوانێتییەکانی کیشوەرەکە.
لە کۆتایدا ئاشكرایە ڕێگای جیانی ئینفانتینۆی ٤٥ ساڵ تولانی و ناهەموارە. بەو پێیەی کۆمەلێک پەیمانی جیاواز و قورسی بە زۆر لایەن داوە. زۆرجار ئەم پەیمانانەش دژیەک دەوەستن. بۆ نموونە ئەمریکای لاتین و کۆنکاکاف لە ململانییەکی ئەزەلیدان و هەردوولا سەرکەوتنی ئەویتری پێناخۆشە. هاوکات پێکهێنانی وڵاتانی ئەفریقیا لەسەر کورسی ئەمینداری گشتی و پاشان کردنەوەی پاڵەوانێتییەکان بۆ لاوان، دیسان کارێکی قورس دەبێت. بەهەمان شێوە ڕازیکردنی دەنگی عەرەبەکانی رۆژئاوای ئاسیا کۆشش و ماندووبوونی دەوێت. ئەمە جگە لەوەی کە شەڕی هەرە گەورەی ئەوەیە ئەمریکا ڕازی بکات و ڕوسیا و چین نەتۆرێنێت. هاوکات پەیمانەکانی لەگەڵ وێفا بباتەسەر و یانە گەورەکانی ئەوروپا پەست نەکات. جیانی دەبێت هەموو ئەمانە لە ماوەی سێ ساڵدا بکات، چوونکە ساڵی ٢٠١٩ تاقیکردنەوەی دووەم دەست پێدەکات و ئەوکات دەردەکەوێت پیاوە سویسرییەکە چەند سەرکەتوو بووە لە بەدیهێنانی خەونەکانی و لە جێبەجێکردنی پەیمانەکانی.
———
Back